تویتەرو فەیسبوك ترامپ لەدونیا دادەبڕن

سالار مەحمود


09/01/2021

كاتێك ئازادی لە سەرۆك بەهێزترە. 

لە رووداوێكی دەگمەنی مێژوویدا تویتەر، پێگەی سەرۆكی ماوە بەسەرچووی داخست!! بەپاساوی مەترسی لەسەر خراپ بەكارهێنان و هاندانی ترەمپ بۆ توندوتیژی. 

هێشتا ترامپ بەفەرمی و بەیاسا سەرۆكی گەورەترین وڵاتی دونیایە. لەفیسبوك و ئینستاگرام یشەوە ناتوانێ دەنگی بگەیەنێ بە جیهان. بولبولە شینەكانی ترامپ بەیەكجاری بێدەنگكران.

پێشتریش چەند جارێك جریوەكانی سڕراونەتەوە، لەلایەن پێگەی فەرمی تویتەرەوە. بەر لە تەواو بوونی ماوەكەی، میدیا تۆڵەی خۆیان لێكردەوە.

یەكێك لە خەسڵەتە سەیرەكانی ئەو، ناكۆكی و دژایەتی بوو لەگەڵ میدیاو پەیامنێراندا. چەندین بەریەككەوتنی هەبوو لەگەڵ رۆژنامەنوسە بەناوبانگەكان، لەكاتی پرێس كۆنفرانسەكانیدا. هێرشی دەكردە سەر كەناڵەكان و، دەمكوتی دەكردن.

پێش ئەوەی كورسی سەرۆكایەتی بەجێ بهێڵێ؛ لەیەكەم هەنگاوی یاساییدا هەرسێ تویتەر بەیەكجاری و، فیسبوك و ئینستاگرامیش، بۆ ماوەی دوو هەفتە ترەمپیان سزاداو سڕیانەوە.

بەڕێوبەری جێبەجێكاری فەیسبوك وتویەتی، پێمان وایە رێگەدان بە ترامپ بە بەكارهێنانی خزمەتگوزاریەكانمان مەترسیەكی لە رادەبەدەر گەورەیە.

ئاكام لەكێشمە كێشی نێوان میدیاو ترامپدا، میدیا بردیەوە. وەك چۆن لەنێوان دیموكرات و كۆماریەكاندا، دیموكراتەكان هەڵبژاردنیان بردەوە.