ئەبوبەكر كاروانی
24/01/2021
کورتە فلیمەکەی ئەم دوواییەی ئێرانیەکان، لەسەر ڕۆڵی سلێمانی لە پارێزگاری کردن لە ھەرێم بەرامبەر داعش و سوکایەتی بەبارزانی لەم کاتەدا، ھەڵگری زیاد لە ئاماژەو پەیامێکە، لەوانەش:
1- بوون و مانەوەی ئێوە بەھەڵوێست و بڕیاری ئێمەوە بەندە، چونکە ناتوانن لەسەرپێی خۆتان بووەستن و بەرگری لەخۆتان بکەن .
2- ھەرکاتێك بمانەوێت دەتوانین ھەڕەشەتان لەسەر دروست بکەین و ناچاری پەناھێنانتان بۆئێمە بکەین، لەبەرئەوە بیرکردنەوەتان لەدەرچون لەچوار چێوەی ستراتیژی ئێرانی بێ سودە؟
3- ئێمە دۆستی راستەقینەتانین و لەکاتی پێویستدا فریاتان کەوتوین نەك تورکیاو ئەمەریکا، بۆیە لەسەرە پێچەکاندا بزانن ڕوودەکەنە کوێ و چاوەڕوانیتان لەکێیەو بەرژەوەندی کێ دەپارێزن.
4- ھاوکاری کردنی تورکیا لەدەرەوەی دیدو بەرژەوەندی ئێرانی و تێگەیشتنی ئەو بۆ پەکەکەو سیاسەتی عێراقی باجی ھەیە.
5- باس لەدۆستایەتی بایدن و بارزانی دادتان نادات، ئەوە ئێمەین چارەنوسی بارزانی دیاری دەکەین نەك بایدن.
6- ڕەچاوکردنی دیدو بەرژەوەندی ئێران لەھەڵبژاردنەکانی داھاتوی عێراق و گرێدراو بە مشت ومرەکانی سەر بودجە.
7- توندکردنی جەنگی دەرونی ئێرانیەکان کەشارەزاییەکی زۆریان تێیداھەیە بەرامبەر ھەرێم بۆ دوو مەبەست:
ا- زیاتر بێمتمانە بوونی گەلی ھەرێمەکە بەخۆی و قوڵکردنەوەی ئەوبێ ھودەییەی قەیرانەکان بەرامبەر ئێستاو ئایندەی خۆی بۆی دروست کردووە.
ب- قوڵکردنەوەی ململانێ حیزبی و دابەشبوونە نێو خۆییەکان.
لەڕاستیشدا دوای خوا و پێشمەرگە ئەوەی ھەرێمی لەوێرانی و بەموسڵبوونی شارەکانی پاراست، ھێزی ئاسمانی ئەمەریکاو قەناعەتپێکردنی خۆرئاوا بوو بە دەستێوەردان. دەنا لەبەردەم شۆکی سەرەتادا بەرگریکردن لەشارەکان ئاسان نەبوو.
ئەم فلیمەو بەچاودادانەوەی دەیانجاری ئێرانیەکانیش بۆ یارمەتیدانەکەیان ، بۆئاستی زەلیل کردن، پێمان دەڵێت، ھەموو پێویستیەكمان بەوڵاتانی دراوسێ وچاوبەرەو ژێر بونیان و یەکتر سوكکردنمان لەناوەوە، باجی قورسی بەدواوەیە.
ئەوەی ئێمەشی بێ ھەیبەت کردووە، دۆخی دابەشبوون و ناکۆکی نێو خۆیی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و لەسەرپێی خۆنەوەستانی ئابوری و نەبوونی ستراتیژی نیشتمانیی ھاوبەشە.
فهل انتم منتهون