بۆ یەکگرتووەکان

ئەبوبەکر عەلی کاروانی


06/02/2021

بەناوی خوای بەخشندەی میھرەبان

بە بۆنەی ٢/٦ ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندام وکادر و خوشك و برایانی بە ئەمەك بەرامبەر دروشمەکانی (دادپەروەری، ئازادی و برایەتی) دەکەین. ھیوادارین، سەرجەم یەکگرتووەکان بە قەناعەتێکی قوڵ و ئیرادەیەکی بەھێزەوە، لە ناوخۆو دەرەوەی یەکگرتوودا، بۆ چەسپاندن و بەرزڕاگرتنی ئەم بەھا گەورەو گەردونیانە تێبکۆشن و لەم پێناوەشدا پێداگربن. وە ساڵی داھاتووی یەکگرتوو دەرفەتێکی راستەقینە بێت بۆ بە خۆدا چوونەوەو زاڵبوون بەسەر کێشەو بەربەستەکاندا.
دیارە یەکگرتوو لە کاتی سەرھەڵدانیدا، ئیزافەیەکی ئیسلامی و سیاسی و روحی و نیشتیمانی گرنگ بوو، بۆ سەر گۆرەپانەکە، لەو قۆناغەدا توانی تا ڕاددەییەکی بەرچاو ببێتە سەرچاوەی  ناسنامەو ئومێد و متمانە بە دوواڕۆژ نەدۆڕان، بۆ بەشێکی بەرچاو لە نەوە نوێکانی ئەو کاتەو کەمکردنەوەی ئازار و نەھامەتی گەلەکەمان، کە شەڕی ناوخۆو ئابڵۆقەی چەند سەرەی دەرەکی، بۆی دروست کردبوو تەنگی پێ ھەڵچنیبوو.
دیدێ بوو، بانگەشەی بەیەکەوە ژیانی ئاشتیخوازانەو بە یەکەوە کۆکردنەوەیەکی بە یەکتر تەبای، ناسنامەی ئیسلامی و نیشتـمانی و دیموکراسی دەکرد، کە بۆ ئەو ڕۆژگارە گرنگی و بایەخی خۆی ھەبوو، ھەر بۆیەش لە نەوەتەکاندا گەشەیەکی چۆنایەتی گەورەی کرد و بوبووە جێی سڵلێکردنەوەی ھەندێك و سەرسورمانی چاودێرانی دۆخی ھەرێم. ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەوەی دەکرد کە پێویستی خەڵك و واقیعەکە بوو، وە ھێشتا لە قۆناغی پەخشکردنەوەی موژدەکانی خۆیدابوو. 
لە چوارچێوەی کاری ھاوبەشی ئۆپۆزیسۆنیش، جەماوەرەکەی دەرفەتێکی گرنگی پێداو دەنگەکانی لە ٢٥٠ ھەزار دەنگ نزیکبۆوە. بەڵام بەداخەوە، ئەم دۆخە تاسەر درێژەی نەکێشاو لەبەر چەندین ھۆکاری خودی و بابەتی، قۆناغی پاشەکشەی دەستی پێکرد و گەیشتە ئەو دۆخەی ئێستا دەیبینن. ئەوەش لە دڵسۆزو کادرو بەرپرسانی دەخوازێت، ئازایانەو بەرپرسانە دەست بخەنە سەر ھۆکارەکانی  ئەم پاشەکشە زۆرە، بپرسن لاوازی بەرێوەبردنی حیزبەکە لە کوێ و لە چیدایە؟ ھۆکاری لاوازبوونی توانای لە خۆگرتنی و بە تایبەتیش بۆ بەشە زیندووەکەی بۆ سنوری پاڵپێوەنانی ھەندێك بۆ دەرەوەی سنورەکانی چیە و چۆن لێی تێبگەین؟ پەیوەندی فۆرمی کارکردنی بە وەستاویی گەشەکردنیەوە چیە؟ چۆن لەگەڵ جەماوەرەکەی ئاشت بێتەوەو ببێتەوە جێگەی ئومێدیان؟ چۆنا توانای تێگەیشتن و دوواندنی نەوە نوێکانی زیاتر بێت، کە لە دنیایەکی جیاوازدا چاویان کردۆتەوە؟ چۆن لەبەر چاوی رای گشتی ئەو بەشە لە وێنەی شێواوە راستبکرێتەوە؟
لە پاڵ ئەم شتانەو چەندین مەسەلەی تردا، نەخشەو پلانێکی ھەبێت، بۆ وەگەڕخستنی ئەو ھەموو تواناو کادرەی لەناو ڕیزەکانیدا پەنگی خواردۆتەوەو وەك ئەوەی پێویستە تواناکانیان ناچێتە خزمەت چاکسازی و دووبارە بیناکردنەوەی سیستم و پەرەدانێکی زۆرتر بە فەرھەنگی عەدالەتخوازی و نیشتیمان پەروەریەکی پاك و خاوێن و خزمەتێکی روحیەوە!چونکە وڵاتەکەمان، تا خوا حەزکات پێویستی بە وەگەڕخستنی سەرجەم توانا دڵسۆز و چاکە خوازەکان ھەیە، ھەر بۆیە،  راست نیە، چوارچێوە حیزبییەکان، لە ئەم وەگەرخستنە پێویستە ڕێگربن. 
لە کۆتایدا دەڵێین: یەکگرتووویەکی نوێ بۆوە، ھەڵساوە، زیندوو، پێداگر، گەشەکردوو، دەتوانێت خزمەتێکی گەورە بەواقیعی ئێستا وداھاتووی گەلەکەمان بکات. ببێتە ھەوێنی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و روحی و ئەخلاقیی گەورەتر لە خۆی. ڕێگای ئەمەش دووبارە خۆبینا کردن وپێناسە کردنەوەیە. بەھیوای بەدیھاتنی ئەو چاوەروانی و ئامانجە. دووبارە پیرۆزە. گەلەکەمان پارێزراو و تەوژمی نیشتیمانی ئیسڵاحخواز سەرکەوتوو.
براتان ئەبوبەکر عەلی کاروانی
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکگرتوو.