بۆچی مەسرور بارزانی، رەشنووسی بودجەی گەڕاندنەوە وەزارەتی دارایی ؟

سەرتیپ قەشقەیی


30/05/2021


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ، یەكشەممە، 30ی ئایاری 2021، بە فەرمی رەشنووسی پڕۆژە یاسایی بودجەی 2021ی گەڕاندەوە وەزارەتی دارایی ،   ئامادە نەبوو لە  دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران گفتووگۆی لەسەر بكرێت بۆ پەسەندكردنی.

هۆكاری ناردنەوەی رەشنووسی یاسای بودجەی 2021، لە لایەن سەرۆكی حكومەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە نێو بودجەدا،  دەسەڵاتی  خەرجكردن و سەرفكردن پارە و  بەشێك لە پڕۆژەكان درابوو بە وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم،  لە نێویشیان وەزیری دارایی و پلاندانان.

مەسرور بارزانی، لە كۆبوونەوەی رابردوودا، بە روونی بە وەزیرەكانی وتووە دەسەڵاتی سەرف و خەرجكردن پێویستە لە لایەن خودی خۆیەوە بێت و ناكرێت وەزیرەكان بەوشێوەیە دەستكراوەن بن.
بە راشكاوانە بە وەزیرەكانی وتووە : بۆ  نایەن لە شوێنی من ببنە سەرۆك وەزیران، مادام ئەو هەموو دەسەڵاتەتان لە بودجەدا پێدراوە.

گەڕاندنەوەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، لە لایەن سەرۆكی حكومەت، بەشێك لە وەزیرەكانی نیگەران كردووە، لە نێوشیان وەزیری دارایی و وەزیری پلاندان (  كە پشكی  بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتییە).

هەتاوەكو ئێستا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتیش،  بێدەنگی نواندوە و لەگەڵ ئەوە نییە كێشە لەوبارەیەوە دروست بكرێت.

 هەریەك لە هاوسەرۆكانی یەكێتیی و مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەش، بە توندی دژی ئەوەن دەسەڵات لە وەزیرەكان بسەندرێتەوە، بۆیە پێدەچێت گەڕاندنەوەی ئەو رەشنووسە خولێكی دیكەی شەری راگەیاندن لە نێوان پارتی و یەكێتیی دروستبكاتەوە.

شەش مانگ،  بەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 تێپەڕیوە،  هێشتا لە ئەنجومەنی وەزیران ماوەتەوە و نەچۆتە وەزارەتی دارایی، لەگەڵ چوونیشی بۆ پەرلەمانی كوردستان لانیكەم دوو مانگی پێویستە بۆ پەسەندكردنی، چونكە مانگێك پێویستی بە گفتووگۆیە لە نێو لیژنە پەیوەندیدارەكان و مانگێكیش بۆ پەسەند كردنی دابنێ، مانگێكیشی دەوێ تاوەكو ئەو بودجەیە دوای پەسەندكردنی لە لایەن پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم،  رێنمایی لە لایەن حكومەت و وەزارەتی دارایی بۆ جێبەجێكردنی دەردەچێت ، واتە؛ دەگەینە  كۆتاییەكانی ساڵی 2021، ئەوكاتیش ئەو بودجەیە هەبێت، یان نەبێت هیچ سودێكی نییە ! ئەگەر داماننا ئەو بودجەیە بۆ ساڵی داهاتووە خۆ ئەوكاتیش بە پێی یاسا دەتوانرێ یەك لەسەر دوانزدەی ئەو بودجەیە سەرف بكرێت.

سەرباری پەرلەمانێكی لاواز لە بەردەم بودجە و كەم ئەزموونی و نە شارەزایی و  موزایەدەی پەرلەمانتار،  لە لایەك  وادەكات تێپەراندنی بودجەیەكی باش لەكاتی خۆیدا ئەستەم بێت، لەهەمانكاتیشدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت بەو گەڕاندنەوەی رەشنووسە كێشەیەكی دیكە دروست دەكات ئەویش ئەوەیە: بەو رێزنەگرتنە لە تیمی حكومەت شەڕێك لەسەر پەسەندكردنی بودجە لە نێو ئەنجومەنی وەزیران دروست دەكات، دواتریش ئەو شەڕە دەگوازێتەوە نێو پەرلەمانێكی پڕ لە فەوزا.

هەنگاوەكەی مەسرور بارزانی، جگە لەوەی وەزیرەكان بە یەكجاری دەكاتە ئالەتێكی بێ دەسەڵات، لە هەمانكاتیشدا ئەو نا تەبایی  و لێكترازانەی ئێستا لە نێوان لایەن سیاسییەكان هەیە، ئەوەندەی دیكە زیاد دەكات ؟!

ئەگەر رەشنووسی بودجە بەوشێوەی سەرۆكی حكومەت دەیەوێ لە نێو ئەنجومەنی وەزیران تێپەڕێندرێت،  ئەی ئەوكات تیمی یەكێتیی و گۆڕان لە نێو حكومەت چ قسەیەكیان بۆ فراكسیۆن و حزبەكانیان دەبێت ؟! ئایە، جارێكی دیكە ئەو وەزیرانە ناكەونە ژێر هەڵمەتێكی قسە پێوتن و شكاندن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان؟!