دۆخی دوای هەڵبژاردنی عێراق بەرەو كوێ‌؟

مەلا بەختیار


07/09/2021

"بە زەردەخەنەی گەورە بەرپرسان دڵتان خۆش نەبێ‌.. بەڵكو لەبەرژەوەندیە هەمیشەییەكان بترسن، كە وڵاتانی گەورەو ئیقلیم یەكدەخات!"

عێراق، لەژێر فشاری شەقامی خرۆشاوداو بەهۆی قەیرانە جۆراوجۆرەكانیەوە، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا. ئەنجامیشدەدرێ‌. بەڵام یاسای هەڵبژاردنیش كاڵا بەقەد باڵای حیزبەكانی دەسەڵات، كە زۆربەیان متمانەیان لەناو خەڵكدا لاواز بوو، بە بازنەیی داڕێژراوە! ئەم سیستەمە بازنەگەراییەش، فەرامۆشكردنی رێژەی بەشداران و رادەی دەنگدانە بە كاندیدەكان. كاندید، لەناو هەر بازنەیەكدا، چەند دەنگی كەم بهێنێ‌، گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە زۆرینەی دەنگی بازنەكەی بهێنێ‌. لەڕاستیدا، ئەم جۆرە سیستەمە، تەنهاو تەنها سودی بۆ لایەنە سیاسییە متمانە لاوازەكانی دەسەڵات هەیە (سیستەمەكە لایەنەكانی كوردستان دەستیان تیا نەبووە، بەڵام سودی لێوەردەگرن!) زۆر كەمتر كاندیدی بێلایەن سودی لێوەردەگرن.. لەكاتێكدا پاساوی داڕشتنی یاسای بازنەگەرایی، دەرفەت رەخساندنە بۆ بێلایەن.

دوای 10/10/2021، ئەشیعەی لایەن و كاندیدەكان دەگیرێ‌ (ئەگەر تەوزیر نەكەن) وەلێ گومان لەوەدا نییە كە رێژەی بەشداران لە رێژەی بەشدارانی هەڵبژاردنی پێشوو (كە لەعێراقدا 30% و لە بەغدادیش 27% بوو) تێنەپەڕێ‌. با فاڵ بۆ چۆنیەتی دەرچوون و دەرنەچونی لایەنەكان نەگرینەوە، بێینە سەر مەبەستی سەرەكی وتارەكە، كە ئەویش دۆخی سیاسی دوای هەڵبژاردنی عێراقە.

تا دەچینە ناو هەڵبژاردن، عێراق لەناو قەیران و ئاستەنگی تاسێنەردایە. هەڵبژاردنیش، كودەتا نییە هەتا سەراپا دۆخە قەیراناویەكەی بگۆڕێ‌. ئەگەر قوڵتریشی نەكات! ئەو لایەنانەی ئەگەری دەرچونیان هەیە، هەمان ئەم لایەنانەن كە (18) ساڵە، دەسەڵاتی تەشریعی و تەنفیزی و دادوەری وڵاتەكەیان بەدەستەوەیە (هەروەها دەسەڵاتی عەسكەری لابەلاش) هیچ لایەنێكیش لە لایەنەكان، كۆنگرەیان نەبەستووە هەتا بزانین ستراتیژی خۆیان لە مەزهەبی، ناسیۆنالیستی، نیشتمانی و ئایدیۆلۆژییان گۆڕیوەو دڵنیابین دوای هەڵبژاردن باشتر دەبن!! لە (18) ساڵی رابوردودا، چۆنیان هێناوە، بێگومان، بە كەمێك ئارایشتی سیاسی و بەڵێنەوە، درێژە بە هەمان سیاسەت‌و دەسەڵاتدارێتی دەدەن. ئەو سیاسەت و دەسەڵاتداریەتیەش، تا ئێستا دەركەوتووە، ئەمەی خوارەوەیە:

یەكەم: پاراستنی دەسەڵات لە دەست هێزەكانی شیعە، وەكو شیعە.

دووەم: پشكی سوننە بدرێ‌، بەڵام ناكرێ‌ تەراوزی هێزی دەسەڵاتەكان بگۆڕدرێ‌.

سێهەم: فیدراڵی تەنها لە كوردستاندا بمێنێتەوە، بەبێ‌ ئەوەی باوەڕیان هەبێ‌، بەشەكانی تری عێراقیش بگرێتەوە.

چوارەم: دەستور، مادە بژێر دەكرێ‌. ئەوەی لەبەرژەوەندی دەسەڵاتی ئێستادا بێ‌، جێبەجێ دەكرێ‌، ئەوەی باوەڕیان پێی نەبێ‌، فەرامۆشی دەكەن.

پێنجەم: پاراستنی هێزی چەكداری جۆراوجۆری لایەنەكان، بە یاساو بە بودجەو بە چەكداركردنیشەوە!

شەشەم: بە هیچ جۆرێ‌، دەستبەرداری ناوچە كێشە لەسەرەكان نابن و گوێش نادرێتە تێپەڕینی زیاتر لە (20) ساڵ بەسەر جێبەجێنەكردنی مادەی (140). بەڵكو مەترسی گۆڕینی مادەكەش لەدوای هەڵبژاردن هەیە!!

حەوتەم: فیدراڵی كوردستان، دوای لەقاڵبدانەوەی بەپێی دۆخی ناوچەكەو عێراق و رێكەوتنی نوێ‌، دەمێنێتەوە، هاوكات لە بڕیارسازی عێراق و سیاسەتی ناوەوەو دەرەوەو هەموو یاسادانانێك، كە لەبەرژەوەندی سەپاندنی دەسەڵاتی ئێستای عێراقدا بێ‌، پێگەی كوردستان هەر ناخوێنرێتەوە.

هەشتەم: دوورونزیك باسی قەرەبوكردنەوەی قوربانیانی ئەنفال، كیمیاباران، راگواستنی گوندەكان، لەسێدارەدانی ناڕەوای هەزاران تێكۆشەر، لە ئارای عێراقدا نییە. لەكاتێكدا ئێستاش ساڵانە سێ ملیار دۆلار قەرەبوی كوەیت دەكرێ‌!!

نۆهەم: كێشەی نەوت و گازمان لێ گەورە دەكرێ‌، چارەسەر ناكرێ‌.

خاڵگەلی تریش هەن.. بەڵام ئەو خاڵە بنچینەییانەی سیاسەتی عێراق، بەسن هەتا تابلۆی دوای هەڵبژاردنی عێراق، بخەینە بەرچاو، كە.. پێمانوایە، لەناو ئەو دۆخە سیاسیەی لە جیهان و ناوچەكەدا دەگوزەرێ‌.. سیناریۆی چەشناوچەشنیش باسدەكرێ‌، دوای هەڵبژاردنی عێراق، سەرەڕای سەردانی گەورە بەرپرسان بۆ عێراق و كوردستان، بەڵام بیرمان بێ‌ كە لە دونیای سیاسەتدا، دوژمنایەتی و دۆستایەتی هەمیشەیی نییە، تەنها بەرژەوەندی هەمیشەیی هەیەو هەر ئەم بەرژەوەندیەش، كانگای بڕیارە چارەنوسسازەكانە.. نەك زەردەخەنەی سەر لێوی میوانەكان!

گۆڕانكاری لە نەخشەی دەسەڵاتدارێتی عێراق، كە لە بنچینەوە سیاسەتی حیزبەكان و سیستەمی حوكمڕانی بەدیبهێنێ‌، نابینم. دوای هەڵبژاردنیش، عێراق ئامادەیە بچێتە ناو هەر رێكەوتنێكەوە، لەگەڵ زلهێزو ئیقلیم هێزەكاندا گەڵاڵە بكرێ‌. لەم روانگەیەوە، چارێك لەبەردەم لایەنە كوردستانیەكاندا نابینم، جگە لە داڕشتنەوەی ستراتیژی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی عێراق. بۆ رووبەڕووبونەوەی هەر ئەگەرێكی مەترسیدار كە لەپێشماندایە.
ئەمەش، بەبێ‌ متمانە دروستكردن‌و بەستنی كۆنگرەیەك كوردستانی بۆ باشوری كوردستان، نایەتەدی.

تكایە، بە زەردەخەنەی گەورە بەرپرسان دڵتان خۆش نەبێ‌.. بەڵكو لەبەرژەوەندیە هەمیشەییەكان بترسن، كە وڵاتانی گەورەو ئیقلیم یەكدەخات!