میدیای كوردی كەركوك لەمەترسیدایە

ئۆژین جۆڵا


09/09/2021

دەسەڵاتە یەك بەدوای یەكەكانی عیراق هەمیشە لەهەوڵی كۆنتڕۆڵكردن و بەرتەسكردنەوەی كاری رۆژنامەنووسی بوونه و هەمیشە لەڕێی بڕیار و راسپاردەكانیانەوە هەوڵیانداوە مەودای كاری میدیایی بەرتەسك بكەنەوە و هەرجارەو بەرێگاو شێوازێك .

ئەوەی لەكەركوك دەگوزەرێت كۆنتڕۆڵكردنی كاری میدیاییە و ئیدارەی پارێزگاكە و ژووری ئۆپراسیۆنەكانیش بەبڕیار هەنگاوی مەترسیداریان ناوە بۆ ئەوەی میدیای كوردی لاواز بكەن و كردویانە ، سەرەتا بەداخستنی سەرجەم ئەو سایت و رادیۆ و كەناڵە ناوخۆیانە و لەبەرامبەر پێدانی مۆڵەتیش بۆ كاركردنیان بودجەیەكی زۆریان دەوێ و ئەویش لەتوانای ئەو میدیانەدا نەبووە هەربۆیە بەم رێگایە چەند ناوەندێكی میدیایی و پەخشی رادیۆ و كەناڵە ناوخۆیەكانیان داخستوە ، ئەمە جگە لەوەی بەبڕیاری ژوری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك روماڵی رۆژنامەنووسانیان لەقەزاو ناحیەكانی پارێزگاكە بەهەموو شێوەیەك كۆنتڕۆڵ كردووە و ئەو رۆژنامەنووسەیشی بەبێ ئیزنی ئەوان روماڵی ناوچەكانی دەوروبەری كەركوك بكات رێگری لێ دەكرێ و داوای مۆڵەتی فەرمی دەكرێ و لەكاتێكدا ژوری ئۆپراسیۆنەكان ئامادەی پێدانی مۆڵەت بەرۆژنامەنووسان نیە.

خەمی گەورەی پارێزگارە ناشەرعییەكەی كەركوك ئەوەیە هیچ كەس لەسەر كەموكورتی و پرسی تەعریب و داگیركردنی ماڵ و زەوی جوتیاران و كێشە ئەمنی و جموجۆڵە زۆرەكانی داعش قسە نەكات و كەركوك وەك پاریس بشوبهێنن ، ئەمەیش ئاستەنگ و كێشەی گەورەی بۆ رۆژنامەنووسانی كوردی كەركوك دروستكردوه و رۆژانە رۆژنامەنووسی كورد رێگری لێ دەكرێ و پێشێلكاری بەرامبەر دەكرێ هەندێكجار زیندانی كردن و تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دژیان .

بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی كەركوك فۆبیای كامێرایان هەیە ولەهەر كوچە وكۆڵان و بازاڕێك كامێرا ببینن چوار پەلیان دەشكێ و راستەوخۆ لێتە ئاڵێن و داوای مۆڵەتی كاردەكەن ،و بەباجی كەناڵ و باجی پارێزگا و مۆڵەتی پۆلیس دڵیان ئاو ناخواتەوە و هەمیشە یەك شتیان هەیە بۆ گوتن ئەویش (ممنوع التصویر) .

ئەوەی جێی سەرەنجی منە بێ دەنگی دەسەڵاتی كوردیە بەرامبەر ئەو ناهەقیانە و وەك ئەوەیە ئێمەی رۆژنامەنووسانی كوردی كەركوك لەهەسارەیەكی ترەوە هاتبین و هیچ خەمێك و كێشەیەكمان نەبێ .

ئەوەی لەكەركوك ماوە خوێندنی كوردی و میدیایی كوردیەو بەتكاوە دەڵێم ، بەهانامانەوە بێن بۆ ئەوەی لەوەزیاتر لاواز نەبین و بەهاوڵاتی دەرەجە سێ هەژمار نەكرێین.

 

وتارەكە گوزارشت لەڕاو بۆچوونی نووسەر دەكات و (راچڵەكین) بەرپرس نییە لەناوەڕۆكەكەی