گەردوون چەنێك گەورەیە؟

مەجید نیزامەدین گلی


13/07/2022

بۆچی پێشبینی دەكرێت ئەم تەلەسكۆپە بمانگەیەنێتە قۆناغی چركەساتی دروستبوونی گەردوون؟

** بەگوێرەی دەرئەنجامە زانستیەكان لە ئەمریكا و جیهان.

- بۆ ئەوەی بگەیتە نزیكترین ئەستێرە لە زەویەوە، دەبێت ٨٢ هەزار ساڵ بە مووشەك سەفەر بكەیت. ٨٢ هەزار ساڵ.

- ئەستێرەكان ئەوەندە دوورن لێمانەوە، رووناكییەكەیان ملیۆنەها و هەندێكیان ملیارەها ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی بگات پێمان. لەبەر ئەوە هەرچی ئەستێرە هەیە كە دەیبینیت، تەنها وێنەی پێش ملیۆن و ملیارەها ساڵیانن و نازانی ئێستا ئەو ئەستێرانە چۆنن یاخود ماون یان نا.

- لەبەر ئەوە كە تەماشای ئاسمان دەكەیت، بزانە تۆ تەماشای رابردوو دەكەیت. هەرچی ئەو ئەستێرانەی كە دەیبینیت، تەنها تیشكی رووناكی و وێنەی پێش ملیۆنەها و ملیارەها ساڵە.

- رووناكی خێراترین شتە لە گەردوون. هیچ شتێك لە تیشكی رووناكی خێراتر نییە و نابێت. ئۆتۆمبێلێك دەبێت نزیكەی ٩ ترلیۆن و نیو بڕوات بۆ ئەوەی بگاتە خێرایی تیشك. ٩ ترلیۆن و نیو لە كاژێرێك. ئینجا بیهێنە پێش چاوت چ خێراییەكە.

- سەرەڕای ئەو خێراییە خەیاڵیە، تیشكی رووناكی پێویستی بە ٩٣ ملیار ساڵە بۆ ئەوەی لەم بەری گەردوونەوە بگاتە ئەوبەری گەردوون. ئەمە تەنها ئەو گەردوونەی كە دەتوانرێت ببینرێت و زانایان پێیان وایە كە بۆ ئەوەی هەموو گەردوون ببینیت پێویستە بۆ ماوەی ٧٠٠ ترلیۆن ساڵ بە خێرایی رووناكی سەفەر بكەیت. **ئەمە تەنها ئەم گەردوونەی ئێمە تێیداین و دەكرێت ترلیۆنەها گەردوونی دیكەش هەبێت.

- تەنانەت خۆریش زۆر دوورە لێمانەوە. رووناكی خۆر زیاتر لە ٨ خولەكی دەوێت بۆ ئەوەی بگاتە زەوی. واتا ئەوەی لە ئاسمان دەیبینیت خۆرە پێش ٨ خولەك، نەك ئێستا.

- خۆر گەورەیە، ١ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار ئەوەندەی زەوییە.

- بەڵام خۆریش تەنها ئەستێرەیەكی بچووكە. لە گەردوون، ٢٠٠ ملیار ترلیۆن ئەستێرە هەیە. واتا ٢٠٠ ملیار ترلیۆن ئەستێرەی وەكو خۆر.

- هەر یەكێك لەو ئەستێرانە هەسارەی خۆی هەیە. تەنها لەو مەجەرەیەی كە ئێمە تێیداین، نزیكەی ١٠ ترلیۆن هەسارەی وەكو زەوی هەن. ئەمە تەنها لەو مەجەرەیەی كە ئێمەی تێداین. گەردوون زیاتر لە ١٠٠ ملیار مەجەرەی تێدایە.

- ئەمانەش وێنەی تەلەسكۆپی جەیمز وێب-ن كە ناسا دوێنێ بڵاویكردەوە. ئەو هەموو ئەستێرەیە تەنها كەمتر لە یەك ملیمەتری ئاسمانە. یەك مسقاڵێكی ئەو ئاسمانە ئەو هەموو ئەستێرەیەی تێدایە.

- چاوەڕواندەكرێت، جەیمز وەیب قۆناغی سەرەتای دروستبوونی گەردوون ببینێت. چۆن؟ تەمەنی گەردوون ١٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن ساڵە. و تاكو ئێستا رووناكی و شەپۆلی رادیۆیی سەرەتای دروستبوونی گەردوون دەكرێت ببینرێت، بەڵام مرۆڤایەتی تەلەسكۆپێكی نەبووە كە ئەوەندە بەهێزبێت و چاوەڕواندەكرێت ئەم تەلەسكۆپە لەو چركە ساتەی كە گەردوون درووست بووە نزیكمان بكاتەوە و مرۆڤایەتی بۆ یەكەمین جار ١٠٠ ملیۆن ساڵی یەكەمی گەردوون ببینێت و لە چركەی یەكەمی دروستبوونی هەموو كەون نزیكبێتەوە.

- تێبینی:  ئەو ئەستێرانەی كە لەو وێنانە دەیبینیت وێنەی پێش هەزاران و ملیۆنەها و ملیارەها ساڵی ئەو ئەستێرانەن كە ئێستا تیشكەكەی ئەگات پێمان. و بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر كەسێك لەو ئەستێرانەوە تەماشای زەوی بكات، ئەوە رابردووی زەوی دەبینێت. واتا رابردووی هەزاران و ملیۆنەها ساڵی ئێمە لە گەردوون دەبینرێت. واتا هیچ لە گەردوون ناشارێتەوە. رابردوومان هێشتا دەكرێت ببینرێت لەو ئەستێرانەوە. پرسیار ئەوەیە كەس هەیە لەوێ بژێت و بە تەلەسكۆپ سەیرمان بكات؟