ڕیش، سمێڵ، پرچ، وەك سیمبول

نەبەز گۆران


25/07/2022

هەر بابەتێك پەیوەندی بە ڕەگوڕیشەیەكی دێرینەوە هەبێت، كەیفم پێدێت لەبارەیەوە سەرنج بدەم. كۆمەڵێك سیمبول هەیە، ئەگەر بنەوانە مێژووییەكەی نەناسیت، لە هەر گۆشەیەكەوە قسەی لەبارەوە بكەیت، كورت دەهێنێت. ڕیش، سمێڵ، پرچ، سیمبولن، لە پشتیانەوە بەهایەك هەیە، بەهاكە پەیوەندی بە كەرامەت و شكۆوە هەیە، ئەم سیمبولانەش، بەرهەمی سەردەمی نوێ نین، لەناو مێژوودا ڕەگی خۆیان داكوتیوە.

لە ڕۆژهەڵاتدا دوو شارستانییەت هەیە، كە دەكرێت بە دوو كلتوور تەماشایان بكەین، كە جیاوازی زۆر لەنێوانیاندا بەدیدەكرێت. شاستانییەتی میزۆپۆتامیا، لەگەڵ شارستانییەتی قبتییەكان لە تەنیشت ڕووباری نیل. هەردوو شارستانییەتەكەش بنەوانێكن بۆ دۆزینەوەی ڕەگەكانی نەریت و كلتوور. ئێمە گەلی سەر بە شارستانییەتی میزۆپۆتامیاین. دەبینین، لەم كلتوورەدا، ڕیش، سمێڵ، پرچ، سیمبول و بەهایەكی تایبەتییان پێدراوە و، بوونەتە نەریتێكی گشتی. با تەماشایەكی پەیكەرسازی بكەین، لەناو كۆی پەیكەرەكانی میزۆپۆتامیادا، هیچ كات، پیاوێك نابینی بەبێ‌ ڕیش و سمێڵ! بە پێچەوانەوە، كلتووری نیل، سولالەی فیرعەونەكان، زۆربەی پەیكەرەكانیان، ڕیش و سمێڵ و پرچ تاشراوە، چونكە بۆ ئەوان نەریت بووە، لەهەمانكاتدا لە كۆمەڵێك دەقیاندا، ئاماژەی پێدەدەن، پاكوخاوێنییە. بۆیە مێژوونووسەكان و هەڵكۆلەرەكانی سولالەی فیرعەونی، زۆر بەئاسانی سیمای كەسێك بۆ كەسێكی دیكە لەیەكتری جیا دەكەنەوە، ئەو نەریتی تاشینی ڕیش و سمێڵ و پرچە، بووەتە هاوكارێك، لە پەیكەرەكانیاندا سیمای كەسەكان بەڕوونی دەركەوێت. ئەمما، بۆ پەیكەرەكانی میزۆپۆتامیا كەمێك زەحمەتی دروستدەكات، بەتایبەت ئەوانەیان نووسینی لەگەڵ نییە، دەبێتە هۆی ئەوەی، هەڵكۆلەران كنەی زۆرتر بكەن، تا تێبگەن ئەم پەیكەرە سەر بە چ قۆناغێكە. بوونی ڕیش و سمێڵ وەك نەریتێكی پیاوانەی میزۆپۆتامیا، لە تەواوی پەیكەرەكاندا بەرجەستە بووە. لە پاڵ ئەمەدا، لە لاوژەیەكی سۆمەریدا هاتووە، دەڵێت:" ئەو پیاوە، وەك ژن قژی هێشتوەتەوە!" ئەم ڕستەیە جۆرێكە لە هێرشكردن بۆسەر پیاوێك، كە دەستی لە نەریتەكە هەڵگرتووە و سیمای خۆی گۆڕیوە بۆ سیمایەكی ژنانە. بەم ڕستەیەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە، پرچی درێژ، سیمبولی ژنانەیە، پیاو نابێت پرچی درێژ بكات و، سیمایەكی نا پیاوانە بۆخۆی دروست بكات.

تەنانەت نەریتەكە هێندە گشتییە، پیاوێك ڕیش و سمێڵی بتاشێت، وەك داڕزینێك تەماشای دەكرێت. پیاو پێویستە سیمبولە پیاوانەكەی خۆی لەدەست نەدات و بیپارێزێت. ئەم سیمبولە دەبێتە هی ئەو گەلانەی لەناو كلتووری ئەم شارستانییەتەدان. تەنانەت دەگوازرێتەوە بۆ ناو ئایینە یەكتا پەرستەكانیش. با سەرنج بخەینە سەر سێ‌ ئایینە دیارەكە، یەهودی، مەسیحی، ئیسلام. ڕیش بۆ هەریەك لە یەهودی و ئیسلام، دەبێتە نەریت، نەریتێكی دینی، كە خۆی لە ئەویتری دەرەوەی خۆی جیا دەكاتەوە، هێندێكجار ئەم سیمبولە هێندە دیارە، هەر بە فۆڕمی دەرەوەی كەسەكە، دەزانیت سەر بە چ ئاینێكە. یەهودییەكان، ڕیش و لوولكردنی كەمێك پرچ لەپشت گوێیان بۆ خوارەوە و چەوركردنی بە ڕۆنی بۆنخۆش، دەبێتە ئەو سیمبولە دینیەی، شوناسە دینییەكەی خۆیان بەم سیمبولە پیشانی ئەویتر دەدەن. ئیسلامیش بە هەمان شێوە، بە فۆڕمی ڕیش ئەو شوناسەی خۆی پیشان دەدات و، جیای دەكاتەوە لە ئەویتر. بە پێچەوانەی هەردووكیانەوە، مەسیحییەت بە تاشین و پاككردنەوەی ڕووخسار، سیمای خۆی و سیمبولە دینییەكەی پیشان دەدات، ئەمەش پەیوەندی بەو قۆناغەی ڕۆماوە هەیە، كە ئایینەكەی كردە ئایینی دەسەڵات و، ئەم فۆڕمەی بۆ دروستكرد. 

بەواتایەكی دیكە، دەستبردن بۆ ئەم سیمبولانە، تاڕادەیەك بەو جۆرە شرۆڤە دەكرێت، دەست بردنە بۆ شكۆ و كەرامەتی مرۆڤەكە. چونكە ئەو مرۆڤە كۆمەڵێك سیمبولی هەیە، كە سیمبولەكانی گرێدراوەن بە كۆمەڵێك بەهاوە، لێدان لەو بەهایانەی، لێدانە لە كەسایەتی مرۆڤەكە. لەناو مێژوودا، لێدان لەم سیمبولە بە بەهایانە، زۆرن. لەوانەیە ئەم وتارە شوێنی ئەوە نەبێت، وێستگە بە وێستگە بگەڕێین بۆ لێدانەكان. لەناو زمانی كوردیدا، دەستەواژەیەك هەیە، پێی دەڵێن :" ئەتككردن." ئەم دەستەواژەیە، پەیوەندی بەوەوە هەیە، تۆ چۆن دەتەوێت بەرامبەرەكەت ئەتك بكەیت، بێگومان پێویستت بە كردەیەكە لە سیمبول و بەهاكانی بەرامبەرت بدەیت.

بۆ پرسی ئەتككردن، لە مێژووی نزیكەوە دەست پێدەكەین.(سەردەمی مۆدێرنە.) قۆناغی فاشیزمی توركی، كاتێك كۆمەڵكوژی دەرسیم، ئەنجام درا، یەكێك لەو كردە فاشیانەی بەرامبەر بە_عەلەوی_ییەكان دەكرا، ئەتككردنیان بوو. فاشیستەكان دەیانزانی، سمێڵ بۆ عەلەوییەكان بەهایەكی گەورەی هەیە، جۆرێكە لە شكۆمەندی پیاو، گرێدراوە بە ئایین و نەریتەكەیەوە و بووە بە شوناسی جیاكردنەوەیان. كاتێك دەستگیریان دەكردن، پێش ئەوەی بیانكوژن، سمێڵیان دەتاشین و وێنەیان لەگەڵ دەگرتن پاشان دەیانكوشتن. ئەم كردە فاشیستانە، دەیەوێت كەسی قوربانی كراو، پێش كوشتنەكەی كەرامەتی بشكێنێت و پیشانی بدات، بەم تاشینی سمێڵەی، هیچ بەهایەكی شكۆمەندان و ئایینیانەی بۆ نەهێشتوەتەوە، پاشان كوشتویەتی. (لە ڕۆمانی چاوشینەكەی دەرسیم، لە یەكێك لە دیمەنەكاندا، كارم لەسەر ئەم بەهایە كردووە و، كارەكتەرێك شانازی دەكات بەوەوە، وێنەی باوكی بە پەتی سێدارەوە هەڵگرتووە، چونكە هێشتا سمێڵەكانی نەتاشارون و بە شكۆمەندییەوە لە سێدارە دراوە و، كەرامەتی نەشكێنراوە.)

لەهەموو حاڵەتێكدا، لە مێژووی نوێدا، ئەتككردن، جگە لەوەی كردەیەكی توندوتیژانەیە، كردەیەكی فاشیستانەشە. لە قۆناغی ڕۆژئاوا و سەردەمی نازی ئەم كردەیە گەشەی كرد، پاش كەوتنیشی، هەمان كردە لەلایەن كۆمەڵگەكانی دیكەوە، دژی _نازی_ییەكان بەكار هات. نمونە: فەڕەنسییەكان، هەموو ئەو ژنانەیان لە گۆڕەپانێكی گشتی كۆكردەوە، كە هاوكاری نازییەكان بوون، لەبەرچاوی خەڵكەوە سەریان تاشین، وەك ئەتككردنێك بۆ كەسی بێگانە پەرست پیشان دران. بێگومان سەرتاشینەكە جگە لەوەی هەڵگری مانای كەرامت شكاندبوو، كردەیەكی دووبارەی فاشیستانە بوو، چونكە پێش ئەوان، فاشیستەكان بەرامبەر بە شۆڕشگێڕەكان و یەهودییەكان هەمان كردەیان ئەنجام دەدا.

لەم جۆرە دیمەنانە لە زۆر شوێنی كۆمەڵگەكاندا دووبارە دەكرێنەوە. ئامانجی كردەكەش ڕوونە، لێدان لە كەرامەت و سیمبولی بەرامبەرەكەیە. كاتی عوسمانییەكان، ئەم كارە بەرامبەر ئێزیدییەكان كرا، چونكە لەناو ئایینی ئێزیدیدا، سیمێڵ سمبولە. لەمێژووی نوێشدا، لەم نزیكانە، لای حیزبەكانی باشوور، پارتی و یەكێتیی، بەرامبەر دوو پێشمەرگەی حیزبی ئەنجام درا، بەرامبەر مەلایەكیش ئەنجام درا. ڕیش تاشینی مەلایەك، سەرتاشینی پێشمەرگەیەك، سمێڵ تاشینی پێشمەرگەیەك، ئەمانە ئەو كردانەبوون، پارتی و یەكێتیی وەك دوو هێز كە پڕن لە كردەی فاشیستانە، خۆیان بەرامبەر بە هاوڵاتییەكانی خۆیان ئەنجامیانداوە.(بۆیە شیوەنكردنیان بۆ كاكەییە بەڕێزەكە، جێگای بڕوانییە، چونكە خۆیان هەڵگری هەمان ئەخلاقیاتن.) ئێستاش هێزێكی میلیشیای عێراقی، بەرامبەر كەسێكی كاكەیی كردەكەی ئەنجامداوە. 

هەرچۆن بۆ كەسێكی موسوڵمان سەختە ڕیشی بتاشیت و ئەتككی بكەیت، بۆ كەسێكی كاكەیی، عەلەوی، ئێزیدی، سمێڵ تاشین هەمان مانای هەیە. هەرچۆن نازییەكان بۆ ئەتككردنی یەهودییەكان، پرچە لوولكراوەكەی لای گوێیان كە بە ڕۆنی بۆنخۆش چەوردەكرێت، دەبڕیی و گاڵتەیان پێدەكردن، هەمان كردە لە چەندین شوێن، لەژێرناوی دیكە دووبارە دەبنەوە. قسە لەسەر ئەوەیە، كاتێك ئەم سیمبول و ڕەمزانە، كە لە پشتیانەوە بەهایەك هەیە، مێژووییەك هەیە، دەبێت بیان ناسین و ڕێزیان بگرین، بۆچی دەكەونە بەر پەلامارەوە؟ دژ بوون بە لێدان لەم سیمبولانە، دژ بوونە بە كردەیەكی فاشیستانە. لەوانەیە هەندێك مرۆڤ، ئەم جۆرە كارانە دەبینن پێیان ئاسایی بێت! چونكە ئەم سیمبولانە بەباشی ناناسن و نایبەستن بە بەهاوە، پێیان وایە، هیچ بەهایەكیان نییە، لەكاتێكدا نەریتێك نییە، بەبێ‌ بەها بێت. تێگەیشتن لەم سیمبولانە، تاڕادەیەك هاوكارمان دەبێت لەوەی تێبگەین لەو كەرامەت و شكۆیانەی، لەپشت هەریەك لەم سیمبولانەوە خۆی مات كردووە. ڕێزگرتنیشیان ڕێزگرتنە لە بەهاكانی خۆمان. ئەشێت، هەریەك لە ئێمە، لەشوێنی خۆیەوە،  كۆمەڵێك سیمبول و بەهای هەبێت و بیان پارێزێت، بۆ ئەویتری دەرەوەی ئێمەش هەمان شتە. 

 _تێبینی: گەر كات هەبێت، دەكرێت بەشێوەی كنەكردن، لەسەر ڕەگوڕشەی سیمبولی_ڕیش، سمێڵ، پڕچ، زیاتر ڕۆبچمە ناوییەوە.


_فۆتۆ: ڕۆستەم ئاغالە.