سەدام حسێنم چۆن بینی؟

سالار مەحمود


08/10/2022

بینینی رەوشی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق لە تەلەفزێۆنەوە زۆر جیاوازە لە ئامادەبونت لە خودی دادگاكە.

لەوەش جیاوازتر بینینی سەدام حسێن لەتەلەفزیۆنەوە، زۆر جیاوازە وەك لە روو بیبینیت.

سەدام لەخەیاڵدانی ھەموو كەسێك لەعیراقدا ئامادەیی ھەبوو، ھەریەكە بە جۆرێك.

لە خەیاڵدانی مندا تەنھا ئەو دیوەم ئەبینی كە سەرچاوەی تارمایی و ترس و كوشتن و ونكردنە.

ھەرگیز بەبیرمدا نەدەھات رۆژێك بەھەر جۆرێ بێ بیبینم. لەو كەسانەبووم بە وردی چاودێری رەوشی دادگایی بەعسییەكانم دەكرد لە دۆسیەی ئەنفالدا. بۆ ھەر دانیشتنێكی دادگا وتارێكم لەسەر دەنووسی و بۆ رۆژی دواتر لە كوردستانی نوێ بڵاودەبووەوە.

سەرەتای مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٠٦ پێیان وتم میوانداری كراویت بچی بۆ بینینی پرۆسەی دادگایی كردنی تاوانبارانی دۆسیەی ئەنفال. قسەم لەگەڵ لەتیف فاتح فەرەج و عومەر محەمەدی ئەنفالستان كرد، دیاربوو ئەوانیش ئاگاداركرابوونەوە لەلایەن كامەران چاوشینەوە.

وا رێككەوت رۆژی ٢٠٠٦/٧/٦ لە رێگەی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە سەفەرمان كرد بۆ بەغدا. لەفڕۆكەخانەی بەغداش بەناو دۆخێكی دژواری نا ئارامی و نائاسایشدا بە رەتڵێكی سەیارەوە براین بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا كە لەژێر كۆنترۆڵی ھێزە ئەمریكایی و ھاوپەیمانەكانی بوو. تا گەیشتن بە شوقەكانی بەناو قادسیە زیاتر لە پێنج بازگەی توندی سەربازی لێبوو.

چونكە ئەو سەردەمە خودی سەدام و دارودەستە گیراوەكەی لەناوچەی سەوز زیندانی بوون و بارەگای دادگای باڵای تاوانەكانیش لەناو ناوچەی سەوز بوو لەناو بینای قیادەی قەومی حزبی بەعس.

ھاوسەفەرەكانم بریتی بوون لە ( محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، لەتیف فاتح فەرەج، عومەر محەمەد، عەبدوڵا كەریم مەحمود، مەجید ساڵح، تەھا سلێمان، سالار مەحمود).

پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا لەو ماوەیەی لەبەغدا بوین زۆر زۆر ھاوكارمان بوون و بەپەرۆشبون لەگەڵمان بە تایبەتی پشتیوان ئەحمەد و خالید شوانی و رابیحە خان.

رۆژی ٦/٧ براین بۆ قەسری موئتەمەرات بۆ فۆرم پڕكردنەوە بە ئامانجی دروستكردنی ناسنامەی چوونە ژورەوەی دادگاو وەرگرتنی زانیاری.

ھەموو ئەو رێكارانە لەلایەن ھێزی سەربازی و ئەمنی ئەمریكاییەوە ئەنجام دەدرا.

دوای سێ رۆژو لە ٢٠٠٦/٧/١٠ بەیانیەكەی بە پاسێكی سەربازی ئەمریكی درع سواركراین بەرەو دادگای باڵای تاوانەكان.

لەناو رێوشوێنێكی ئەمنی توندوتۆڵدا ھەمەری ئەمریكی لەپێش و دواوەمان ئەڕۆیشتن. كە گەیشتینە شوێنەكە بە دوو پرسگەی پشكنینی ئەلكترۆنیدا تێپەڕین و دوو دوو دەبراینە سەرەوە عومەر محەمەد و من پێكەوە بووین، دۆخەكە لە فیلمی مەترسیدار ئەچوو ئیجرائاتەكان زۆر توند بوون فڕۆكەی زۆر بەسەر ئاسمانی شوێنەكەوە بوو، براینە قاتی چوارەمی بیناكە كە ھۆڵی دادگاكەو شوێنی دانیشتنی ئێمە بوو.

كاتژمێر نۆو پەنجا دەقیقە گەیشتینە ناو هۆڵی دادگا لەبەشی سەرەوەی هۆڵەكەدا شوێنی میوانەكان بوو. میوانەكان بریتی بووین لە نۆ كوردو حەوت بیانی. كە پرسیارمان كرد؛ ئەم بیانیانە چ كارەن؟ وتیان نوێنەری دادگای ئەوروپی و، دادوەریی بیانی و نوێنەری رێكخراوی مافی مرۆڤ و بەرپرسی یاسایی سەفارەتەكانن. بەر لەوەی دانیشتنەكە بكرێتەوە لەشوێنی خۆمان دانیشتین و هەركەسەو ئامێری گوێگرتنیان (هیدفۆن) داینێ. كە چوار كەناڵی هەبوو، كەناڵی سفر دەنگی ناو قاعەكەی دەگواستەوە, كەناڵی یەك بۆ زمانی عەرەبی, كەناڵی دوو بۆ زمانی كوردی , كەناڵی سێ بۆ زمانی ئینگلیزی بوو. جامخانەیەكی شوشەیی بەشە میوان و هۆڵەكەی جیا دەكردەوە, واتە ئێمە لەو دیو شوشەكەوە دەمانتوانی هەمووان ببینین.

لەهەر چوار گۆشەی سەرەوەی هۆڵەكەدا كامێرای تەلەفزیۆنی بۆ رووماڵكردنی هۆڵەكە هەڵواسرابوو، دیاربوو وێنەی بەڕێوەچوونی دادگاییەكە لەو كامێرایانەوە دەگوازرانەوە.

هەروەها هۆڵەكە دوو سورەیای گەورەو چواری بچوكتر لەگەورەكانی لەسەقفەوە بۆ خوار تیا هەڵواسرابوو. هەموو ئەو كورسیانە لە هۆڵەكەدا بوون؛ بەئەوانەی كە ئێمەیشی لەسەر دادەنیشتین هەمووی كورسی دەوار بوون. بەڵام كورسی تۆمەتبارەكان نەجوڵاوو پێداربوون و پێكانیان ئیستیل بوو. بۆ هەر یەكێك لەخانەی قەفەسی تۆمەتبارەكانەوە جیهازی مۆنیتەر دانرابوون؛ بۆ ئەوەی لەكاتی پیشاندانی هەر بەڵگەیەك یان نوسراوو وێنەیەك لەشاشە گەورەكەی ناو هۆڵەكە؛ لەنزیكەوە بەڕوونی بیبینن.

بۆ تۆمەتبارەكانیش مایكرۆفۆن دانرابوو. ئەمە جگە لە ئاوی مەعدەنی و پاكەتی كلینكس كە بۆ تۆمەتبارەكان لەسەر ئەرز لەتەنیشت كورسیەكانیانەوە دانرابوو.

ژوورێكی لاكێشەیی دوو ریز كورسی جلد وەك ھی سینەما. نێوانی ئێمەو ھۆڵی دادگاكە بە جامی شوشە بەین درابوو بە جۆرێك بەبێ مایكی گوێگرتن دەنگ لە ھۆڵەكەوە نەدەگەیشتە ئێمە.

بەر لەوەی دانیشتنی دادگا دەست پێ بكات ئێمەیان لە شوێنی خۆمان داناو ھەر كەسەو باجی خۆی لەملدابوو ژمارەی باجەكەی من وابزانم ٦١ بوو.

پەردەی بەردەممان لادراو دادگاییەكە بەدەنگێكی بەرز كرایەوە وتی: ( المحكمە).

شوێنی ئێمە لەبەرزی بوو لەپشتەوەی قەفەزی تۆمەتبارەكان و رێك بەرامبەر سەرۆكی دادگا.

ساتەوەختێكی ئاسایی نییە، بۆ ھەموو ھاوڕێكانم و بەتایبەتی بۆ منێكیش كە مناڵی ناو ئەنفال بووم و گوندەكەمان وڕێڵە لەگەرمیان بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتووە.

لەژیانیشما تا ئەم نوسینە ھیچ ھۆڵێكی دادگای ئاسایم نەدیبوو.

كە بەعەرەبی و یەكەم جار بانگی تۆمەتبار سەدام حسێن كرا. لەبەینی دوو پاسەوانی عیراقیدا سەدام ھات و دەركەوت پاڵتۆیەكی رەش و كراسێكی سپی لەبەر بوو قورئانێكی بەدەستەوە بوو.

سەدام لەسەر كورسیەكەی خۆی لەپێشەوە دانیشت. بەدوای ئەویشدا سوڵتان هاشم و فرحان متڵگ الجبوری و حسین رەشید و صابر عەبدولعەزیز حسین ئەلدووری و تاهر تۆفیق یوسف، ئینجا عەلی حەسەن مەجید؛ كە دواین كەسیان بوو, بەگاڵۆكێكەوەو دشداشەیەكی قاوەیی و عەگاڵێكی سوورەوە لەهەموویان هیلاكتر دیار بوو هاتە ژوورەوە.

لەوە بەدوا دادوەر بانگی كرد شایەتحاڵ بێتە ژوورەوە. شایەتحاڵ ژنێكی خەڵكی گوندی كۆرەمۆری سەر بەناحیەی قادر كەرەم بوو, ژمارەی ئیفادەكەی (١٤١٣) بوو. سەدام داوای لە پاسەوانەكان كرد كە دەفتەری تێبینی نوسینی بۆ بهێنن بۆیان هێنا. بەڵام دادوەرەكە ئاگاداری كردەوەو پێی وت نابێت لەخۆتەوە داوا لە پاسەوان بكەیت بۆ هەر شتێك. هەر داوایەكی ئینسانی یان پێویستیەكتان هەیە بە خۆم بڵێن. بۆتان جێبەجێ دەكەم, دیاربوو صەدام دەیویست لەو سەرەتایەوە رەوتی دادگاییەكە بگۆڕێ.

سەدامم بینی بڕوای بەدادگاییەكە نەبوو، خۆی مات و بێدەنگ كردبوو ھەر كە دەیزانی مایكی بەردەم دادوەرەكە سوور بوە بەمانای ئەوەی جەلسەكە پەخش دەكرێ، دەستی دەكرد بەجوڵە جوڵ و ھەوڵی توڕەكردنی دادوەرو دەستەی داواكاری گشتی دەدا. یا لەجێی خۆیەوە قسەی دەكردو ھوتافی دەكێشاو رەوشی دادگاكەی نائارام دەكرد.

جگە لەوە زۆربەی كاتەكە سەری لەسەر دوو لاپەڕەی قورئان بوو بەرزی نەدەكردەوەو گوێ قوڵاخی وتەی شایەتحاڵەكانی ئەنفال و سكاڵا كارەكان نەبوو. رۆژی یەكەم چوار شایەتحاڵی گەرمیانی شایەتیان لەسەر پرۆسەی ئەنفال دا.

پێویستەی قسەی شایەتحاڵەكان بڵاوبكرێتەوە بەكوردی و ھەموو كوردێك بیخوێنێتەوە بۆ ئەوەی بزانرێ چەن بەسادەیی و راستگۆیی رووداوەكانی ئەنفالیان دەگواستەوە.

سەدام لەناو قەفەسی دادگاشدا ھاوڕێكانی وەك سەركردەی خۆیان سەیریان دەكرد. حسابیان بە ھەر جوڵەیەكی دەكرد.

بەو حوكمەی لەپێشی ھەموویانەوە دانرابوو لە شۆفێری پاس ئەچوو ئەوانی تریش وەك نەفەر سەیریان دەكرد بزانن چ قسەو ئیعازێكی ھەیە.

دوای دوو سەعاتێك لەبەڕێوەچوونی دادگاكە سەدام رووی خۆی بەلای دەستی راستیا وەرگێڕاو لە شوێنی خۆیەوە دەستی كرد بە نوێژكردنی نێوەڕۆ. بەو جۆرە روخساری زۆرتر لێمەوە دیار بوو رەنگی زەرد ھەڵگەڕاو بوو، لەماوەیەكی ئاسایی زیاتر خۆی مەشغوڵكرد بە نوێژكردنەوە. پێدەچوو زۆر نارەحەت بوبێ بە قسەی شایەتحاڵە ژنەكان كە باسی ئەو ھەموو نەھامەتی و بەزۆر راگواستن و جیاكردنەوەیان دەكرد لە مێردو باوك و براكانیان.

سەدام داوای چوونە دەرەوەی كرد لە قەفەزەكە دادوەر حاكم محەمەد العورێبی ئیزنی دا، لەكات چونە دەرەوەدا بە چاوێكی پڕ لە توڕەییەوە سەیری دەستەی داواكاری گشتی كردو تێپەڕی. دوای دە دەقیقەیەك ھاتەوە ژوورەوە.

پاسەوانەكە تا لای كورسیەكەی ناو قەفەزەكە یاوەری سەدامی كرد، لەو كاتەیا سەدام زۆر بەتوندی پاڵێكی بە سەربازەكەوە ناو كردیە دەرەوە لەقەفەزەكە. سەربازەكە ھیچ كاردانەوەیەكی نەبوو.

عەلی كیمیاویش لە رێزی دواوە دانیشێنرابوو

پرسیاری لە یەكێك لە شایەتحاڵەكان كرد كە چیكردوە لە (منطقە المحرمە)و قەدەغەكراو ئێوە بۆ ماونەتەوە لە ناوچەیەكی چۆڵ و نا ئاوەدان. شایەتحاڵەكەش وتی ناوچەی قەدەغەكراوی چی ئێمە لە گوندەكەی خۆمان بوین. رەبیەیەكی سەربازی عیراقیش بەسەر گومدەكەمانەوە بوو. ئەگەر ناوچەكەمان قەدەغەكراوو چۆڵەوانی بوایە رەبیەی سەربازی لێ نەئەبوو. دوای وڵامەكەی عەلی حەسەن مەجید، كچەكە وتی تاوانی ئێمە تەنیا ئەوەبوو كە كوردبوین، ئێمە كوردبوین بۆیە ئەنفالتان كردین.

دواتر شایەتحاڵەكە داوای كرد سزای سەدام حسێن و عەلی حەسەن مەجید بدرێ لەپای ئەو تاوانانەی دەرھەق بەخۆیان و ئەنفالكردنی بەكەسوكاریان كراوە.

بۆ رۆژی دووەمی دادگا ٢٠٠٦/٧/١١ بەھەمان رێكارەكانی رۆژی پێشوو براین بۆ بینینی دانیشتنێكی تر.

دانیشتنی دووەم رۆژ جیاوازتر بوو لە رۆژی یەكەم. ھەموو شایەتحاڵەكان ژن و كچ بون و باسی چۆنێتی دەستدرێژی سێكسیان دەكرد كە كراوەتە سەریان و شاھیدی دەستدرێژی سێكسی بوون بۆ سەر ژنی تریش.

باسی گرتوخانەی تۆپزاواو نوگرە سەلمانیان كرد كە لەو دوو شوێنە زیاتر ئازار دراون. سەدام زۆر توڕە بوو لەو قسەو باسانە.

بینی مایكەكە كرایەوە داوای قسەی كرد. سەدام ھەستایە سەرپێ و بە ئایەتی وقاتلھم حتی لاتكونوا فتنە دەستی پێكرد حاكم محەمەد عورێبی مایكی پەخشەكەی كوژاندەوەو دەمە قاڵێ لەنێوان سەدام و دادوەر دروست بوو، سەدام زیرەك بوو لە گۆڕینی كەشی دانیشتنەكەو گۆڕینی گفتوگۆكان. كۆمەڵێك قسەی بازاڕی بە دادوەرەكە وت.

سەدام وتی ئەگەر نەھێڵی قسە بكەم ئەچمە دەرەوە.

حاكمەكە پێی وت لە سنوری خۆت تەجاوز بكەی و لەچوارچێوەی بابەتەكە دەربچیت رێگەت نادەم و بەدەست منە بمێنیتەوە یا بچیتە دەرەوە كەی بمەوێ ئەتكەمە دەرەوەو كەی بمەوێ ئەتھێڵمەوە.

سەدام بە دادوەرەكەی وت تۆ رقی شەخسیت لەگەڵم ھەیە چونكە لەسەردەمی خۆیدا تەقدیمی كۆلێژی عەسكەریت كردوە شایستە نەبویت و وەرنەگیراوی، بە تەعلیقەوە پێی وت خۆت باش ئەزانی لەسەر چی و بۆ چی وەرنەگیراوی.

بەھۆی ئەم قسانەوە شایەتحاڵەكان قسەی خۆیان لەو دانیشتنە تەواو نەكردو دادوەرەكەش بڕیاری كردنە دەرەوەی سەدامی دا. لەپاش ئەو بەریەككەوتنانە تۆمەتبارەكانی تر دەستیان بەدەنگە دەنگ و پشێوی كرد.

پەلاماری دوو لەپاسەوانەكانیان دا كە لەنزیكی محەجەرەكەو بەمشتەكۆڵە دایان لەسەربازێك پشێوی زیاتر دروست بوو. پەردەی بەردەم شوشەكەی ئێمەیان دادایەوە پێ ئەچوو پۆلیسەكان لەوانیان دابێتەوە.

دانیشتنەكە بۆ ماوەیەكی كورت ھەڵگیراو دواتر دەستی پێكردەوە دانیشتنەكەو سایەتحاڵێكی تر كچێك بوو بەعەرەبی قسەی دەكرد و باسی رەوشی ئەنفالكراوانی دەكرد لە تۆپزاواو نمونەی دەستدرێژی سێكسی لەسەر كچێكی كورد باس كرد لەلایەن جەلادێكەوە كە ئەفسەرێكی ناسراو بوە  بەناوی حسین حلانی.

ئینجا باسی مردنی مناڵی كۆرپە و رەزاڵەتی نەخۆشی و كەم خواردن و ئاوو كرد.

سەدام حسێن لە دۆسیەی ئەنفال لەكاتی گفتوگۆدا ھەوڵی ئەدا نەچێتە ناو وردەكاریەكانەوەو پرسیارو گفتوگۆی لەگەڵ شایەتحاڵەكان نەدەكرد.

لەو دوو دانیشتنەدا شایەتی داكۆكیكار لە تۆمەتباران نەبوو. تەنانەت پارێزەرانی تۆمەتبارانیش بێدەنگ بوون.

ئێمە كە چووین بۆ بەغدا پێش بەشداریكردن لەبینینی دانیشتنەكانی دادگا رۆژی ٧/١٠ ئێوارەكەی بەمەبەستی سەرەخۆشی سەردانی ماڵی حاكم محەمەد عورێبیمان كرد لەشوقەكانی قادسیە، لەكردەوەیەكی تیرۆركردنا زاواكەی و خوشكەزایەكی كوژرابوون.

داواكاری گشتی مونقز ئال فیرعەنمان لەماڵی خۆی بینی باشی لەوە دەكرد بەعسیەكان زۆر بەدیقەتەوە ئاماژەی دەست و چاوی سەدام و قسەكانی وەك پەیام دەخوێننەوە بۆیە سەدام ھەموو موداخەلەیەكی بۆ گەیاندنی پەیام بوە بۆ ھەوادارەكانی لەدەرەوەی دادگا.

بەو جۆرەو لەبەغداو ناو قەفەسی تاواندا لە دادگای باڵای تاوانەكان سەدام حسێنم بینی.

"بەشێك لە كتێبی دۆسیەی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەكان.. لەئایندەدا بڵاودەبێتەوە"