بۆمێژوو ٢٠٢٢/١٠/١٠ حەمەی حەمەسەعید چی بە ئێرڤن هیکس کنسوڵی گشتی ئەمریکا ووت!؟

دەلیل جەمال


25/03/2023

لەسەرووبەندی ئەم بابەتەی كونسوڵی گشتی ئەمریكا سەبارەت بە ناوهێنانی هەرێمی كوردستان بە هەرێمی كارتۆنی.. دیدارێكی بیرهێنامەوە، هەندێك بابەت یان مەوقیف بۆ مێژوو دەمێننەوە.

لەو ڕێکەوتەی سەرەوە كونسوڵی گشتی ئەمریكا سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی كرد لەهەولێر، بەشێك لە ئەنجومەنی وەزارەت ئامادەی ئەو دیدارەبووین. قسەوباس لەبارەی هەندێك تەوەری گرنگ و ڕۆشنبیری كرا بەگشتی، لەو دیدارەدا پەرەگرافێكی كاك حەمەی حەمەسەعیدم بیرهاتەوە بەرانبەر بە كونسوڵی ئەمریكا وتی، دڵنیام ئەو بەڕێزانەش كە لەوێ ئامادەبوون بیریانە..

ئەوەی ئەمڕۆ بەشێك لەسیاسی و بەرپرس و میدیا لەبارەی كونسوڵ و نێردەی وڵاتان دەیڵێن، لە 10-10-2022 حەمەی حەمەسەعید وەك وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لەپەراوێزی دیدارەكەدا ڕووی كردە كنسوڵی گشتی ئەمریكا و پێی ووت لەدەرەوەی تەوەری كۆبوونەوەكەمان من هەندێك تێبینی و قسەم هەیە، ئەویش ئامادەیی خۆی دەربڕی... حەمەی حەمەسەعید وتی: ئێوە لەم وڵاتەن نوێنەرایەتیتان هەیە لەچوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان كاردەكەن و مۆڵەتان هەیە و نوێنەرایەتی لەوڵاتان دەكەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئێوە لەدەرەوەی یاسا و كاری خۆتان لەم هەرێمی كوردستانە كۆبوونەوە دەكەن و خەڵك بانگ دەكەن و ئاراستەیان دەكەن و تەنانەت دەعمی مادی و مەعنەویان دەكەن بەبێ ئاگاداری حكومەت، كە ئەمەش گونجاو نییەو كارێكە لەدەرەوەی یاسا، چونكە ئێوە دەبێت بەشێك بن لەخزمەتكردن بە ئاشتی و ئاوەدانی و كلتوری ئەم گەلە، نەك بە پێچەوانەوە..لەم وڵاتەدا هەموومان دەزانین گەندەڵی هەیە خزمەتگوزاری وەك پێویست نییە، هتد چاومان لەوەیە وڵاتانی دۆست و نوێنەرایەتیان لەم هەرێمە هاوكار و پشتیوانبن، بۆ خزمەت و ئاوەدانی  و هتد، بەڵام ئێوە زۆرجار ئەم نوێنەرایەتییە لەدەرەوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان بەكاردەهێنن. ئێرڤن هیكس، كەمێ بێتاقەت بوو بەڕووكەشی وتی: ڕاستە بەڵام ئێمە تەنها گوێ دەگرین ....

هەمیشە گرنگە مرۆڤ لەكات و شوێنی خۆیدا پەیامی بگەیەنێت، ئەم بابەتشم لەو سۆنگەوەیە كە بڵێم ئەوەی ئەمڕۆ لەبارەی كونسوڵی گشتی ئەمریكا دەوترێت، كاك حەمە ڕووبەڕوو پێی وت، ڕوونتر بڵێم هەرێمی كوردستان سەرباری دەسەڵات و حكومەتەكەی كە جێی ڕەخنەو گلەییەو بەداخەوە گەندەڵی و نادادی زۆرە، بەڵام ناكرێت ئەم كیانە كە بە خوێنی هەزاران شەهید و هەزاران تێكۆشەر و هتد هاتووەتەدی، نوێنەری وڵاتێك بەكارتۆن ناوی ببات.. ..