بڵێسە جەبار فەرمان
10/10/2023
پاشایەك هەبوو زۆر حەزی دەكرد بە تەنیا لە باخچەی تەنیشت كۆشكەكەی پیاسە بكات.
لە شەوێك لە شەوەكان كە كەشوهەوا زۆر سارد بوو، پاشا درەنگ لە پیاسەكەی گەڕایەوە بۆ كۆشكەكەی و بینی پاسەوانێكی بە جل و بەرگێكی تەنكی پارچەپارچەوە لەبەردەم كۆشكەكە پاسەوانی دەكات.
پاسەوانەكە لە سەرما دا هەڵدەلەرزی و بۆ خۆ گەرمكردنەوە هاتوچۆی دەكرد و هەوڵی گەرمكردنەوەی دەستەكانی دەدا.
دانەكانی لەسەرمادا بەریەك دەكەوتن.
پاشا لێی نزیك بووەوە و لێی پرسی: هەست بە سەرما ناكەیت بەو جلە تەنكانەوە؟
پاسەوانەكە وەڵامی دایەوە: بەڵێ گەورەم هەست بە سەرمایەكی زۆر دەكەم، بەڵام جلی گەرمم نییە، وە هیچ بژاردەیەكی ترم نییە جگە لە بەرگەگرتنی سەرما بۆ ئەوەی خزمەتەكەم ئەنجام بدەم.
پاشا زۆر بەزەیی بە پاسەوانەكەدا هات و پێی گوت: ئێستا دەچم و فەرمان دەدەم جل و بەرگی گەرمت بۆ بهێنن.
پاسەوانەكە دڵخۆش بوو بە بەڵێنی پاشاكە.
دوای رۆیشتنی پاشا، پاسەوانەكە بەدوای دار و چیلكەدا نەگەڕا بۆ ئەوەی ئاگر بكاتەوە و تۆزێك لەو رێگایەوە خۆی گەرم بكاتەوە، بەڵكو چاوەڕێی جلوبەرگی گەرمی كرد.
بەڵام هەر كە پاشا چووە ناو كۆشكەكەی خۆیەوە، سەرقاڵی كاروباری خۆی بوو و بەڵێنەكەی كە دابووی بە پاسەوانەكە، لەبیر كرد وەك هەموو بەرپرس و فەرمانڕەواكان و كەسانی تر كە دەسەڵات دەگرنە دەست...
بەیانی پاسەوانەكەیان بە مردوویی دۆزییەوە.
پاسەوانەكە لە سەرمادا رەق بووبۆوە.
پاسەوانەكە لە تەنیشت خۆیەوە لەسەر پارچە كاغەزێك یاداشتێكی نووسی بوو.
لەسەری یاداشتەكە نووسرابوو "ئەی پاشا، هەموو شەوێك بە ئیرادە و پشتبەستن بە خۆم بەرگەی سەرمایەكی زۆرم دەگرت، بەڵام بەڵێنی جل و بەرگی گەرمت پێدام. بە هیوای ئەو بەڵێنەوە ئیرادە و خۆڕاگریمی لەدەست دا و ئەو هیوایە كوشتمی.
دانیشتن بە دیار بەڵێنەكانی پەرپرسانەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان و باشتركردنی دۆخەكە، وەك بەڵێنی ئەو پاشایەیە.