لەبەر ڕووناكی شەڕەكەی حەڵەب

ئەبوبەكر كاروانی


1 رۆژ پێش ئێستا

كورد لە ئیسرائیلی دووەمەوە بۆ ئیسرائیلی یەكەم !

پەلامارەكەی ئێستای سەر گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب جارێكی تر لە ڕووی زۆر كەس و هێزو درووشم و دەوڵەت و لافلێدانی ئایدۆلۆژی بە ئیسلام رووكەش كراوی  هەڵماڵی. چونكە دوێنێ هەر دوای راگەیاندنی بەرەنجامی دانیشتنە هاوبەشەكەی نێوان سوریاو ئەمریكاو ئیسرائیل لە پاریس و سازشكردنی دەسەڵاتدارانی دیمەشق و هاوپەیمانەكانیان بۆ ئیسرائیل( كەهێشتا زیاتری دەوێت)  بەداخەوە، پەلاماردانی كوردەكانی حەڵەب دەستی پێكرد!

ئەوەش بەروونی  ئەوەمان پێ دەڵێت، كە ئەگەر لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، كۆمەڵێ هێزو دەوڵەت و تەوژمی ناوچەكە كوردیان بەوە تۆمەتبار كردبێت كە سەرقاڵی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەمە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا،  ئەوا لە ئێستادا بەكردەوە هاوكێشەكە پێچەوانە بۆتەوەو  كراوە بە ئیسرائیلی یەكەم! 

بەحوكمی ئەوەی لە سەر حسابی كوردو ماف و ئازادی و كەرامەتی ئەم گەلە سەرقاڵی ڕازیكردنی ئیسرائیل و وەڵامدانەوە بەخواست و داواكارییەكانی ئەون!

رێكەوتن لە گەڵ ئیسرائیل دەكەن، بۆ ئەوەی دەستیان كراوە بێت بۆ لێدانی كورد!

كەچی لە دژ بەیەكیەكی سەیرو سەمەرەدا لە هەمان كاتدا كورد بە دەست تێكەڵاوكردن و هاوپەیمانی لە گەڵ ئیسرائیلدا تۆمەتبار دەكەن و هەرئەوەش دەكەنە پاساوێكی تری خوێنرێژی و فەرامۆشكردنی هەموو داخوازییەكانی لایەنی كوردی، كەتاكو ئێستاش سنووری یەكپارچەیی خاكی هیچ وڵاتیكی تێنەپەراندوەو لەداخوازییەكی موتەوازیعانەی وەكو لامەركەزی و فیدراڵی و داننانی دەستووریی بەناسنامەو زماندا خۆی دەبینێتەوە!

 لە روویەكی تریشەوە، كە گۆشەیەكی تری مەرگەساتی كوردو مەیدانێكی شكستخواردنی هەندێ درووشمی ئیسلامیی هاوچەرخمان بۆ دەخاتە روو، دەولەتی سووریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هەموو قسەكردنێك دەربارەی  باری دۆخی ئێستای  حەلەب  دەبێت لە سەروەری دەوڵەت و یەكپارچەیی خاكەكەیەوە دەست پێبكات. واتە ئەو دوو بنەمایەی دەوڵەتی نوێ، پێوەرن بۆ دیاریكردنی (هەق) و(ناهەق)و (ستەم) و(دادپەروەری)و دیاریكردنی سرووشتی پەیوەندییەكان و ماف و ئازادی و بەشداری پێكهاتەكان، نەك (ئیسلام) و (شەریعەتی ئیسلامی).

 ئەوەش ڕاستیەكی تاڵمان بۆ دەخاتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە، لە كاتێكدا هەندێ هێزو گروپی ئیسلامی باسی نارەوایەتی سنوورە دەستكردەكانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی دەوروژێنن و دروشمی یەكێتی ئوممەت  وخاكی موسوڵمانان بەرزدەكەنەوەو دژایەتی خۆیان بۆ نەتەوایەتی دەردەبرن و بە هۆكاری ناكۆكی نێوان گەلانی موسوڵمان دەزانن و پێناسەدەكەن،، هەرهێندەی لەچوارچێوەی یەكێ لە دەوڵەت نەتەوەكاندا گەیشتنە دەسەڵات، بە دان و نینۆك پارێزگاری لەو سنورە دەستكردانەو لۆژیكی قەوارە نێو دەوڵەتیەكە دەكەن، با لە چوارچێوەی پەیماننامە كۆڵۆنیالیستتیە نێو دەولەتیەكانی هاوشێوەی سایكس بیكۆشدا دیاریكرابن و كێشرابن!  بۆیە  ئەگەر  جیاوازییەكیشیان لە گەڵ ناسیۆنالیستە سكیۆلارەكانی پێش خۆیاندا هەبێت، جەوهەریی نابێت، یەكسان نابێت بە ڕەخنەیەكی ڕاستەقینەی ئەخلاقیی لەم دەوڵەتە، بەتایبەتیش كاتێك دەگۆرێت بە چوارچێوەیەكی دامەزراوەیی وسیاسی و یاسایی بۆ جینۆسایدو سەركوت و جیاكاری و نایەكسانی.

وەك هەر نەتەوەییەكی سكیولاری تریش،  سەروەری دەوڵەت و  یەكییەتی خاك و سنووری فەرمی و زۆر شتی تری دەوڵەتی نوێ ، لە ئاستە سیاسییەكەدا، بەكردەوە جێگەی (خوا)و (ئیسلام) و (شەریعەت) دەگرنەوە. خۆ ئەگەر لە پێگەی دەسەڵاتەوە باسێك لە ئوممەتی ئیسلامی و هاوچارەنووسی موسوڵمانانیش بكەن، دیسانەوە بەپلەی یەكەم  وەك ئامرازێكی سیاسەتی دەرەكی خۆیان بەكاری دەهێنن و دەیخەنە خزمەت ستراتیژەكانی دەسەڵات ووڵاتەكانیانەوە.

 بۆیە زۆر گرنگە موسوڵمانی كورد بەگشتی و ئیسلامخوازی كورد بەتایبەتی، ئەم بەڵگە نەیویستە تاڵەی واقیعی مێژووی هاوچەرخیان لەبەرچاو روون بێت، بێ هیچ دوودڵیەك لە سەنگەری بەرژەوەندی نەتەوە بێبەشكراوە ستەملێكراوەكەی خۆیاندا بەناسنامەی ئەخلاقی خۆیانەوە، لە پێناو رزگاری و سەرفرازی گەلەكەیاندا درێژە بە تێكۆشانی خۆیان بدەن و دۆخی پلە دوویی و رەش ورووتیی رەتبكەنەوە.