لەکێ بپرسین سۆراغی راستی؟ کوا شێر، کوا نەبەردی ئەم نیشتمانە؟

سەردەشت حەمەساڵح


27/06/2020

بیری مەردایەتی دەکەم، جاران شتێک هەبوو پێی دەوترا غیرەت، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێستا بزانن غیرەت چییە، پێویستە کۆمەڵێ رونکردنەوەی بۆ بدەیت.
جاران کوڕی ئەم شارە تاکە پێڵاوی خۆی دەگرتە مدیری ئەمن، بەسەخاوەتەوە گیانی دەبەخشی.
جاران کوڕی ئەم شارە ئاسۆی دەلاک بوو، شەقی دەخستە دیواری دڵی دوژمن، کوڕانی دەرگەزێن و سەرشەقام، جەربەزەکانی توی مەلیک و عەلی کەمال، کوڕانی مەجید بەگ و هەوارە بەرزە، کانێسکانییە مەردەکان، ئەوسا برابوون تەبابوون، تێکڕاو پێکڕا دژی غەدرو ستەم بوون.
لولەی چەکی جاش و ئەمن دوکەڵی لێ هەڵئەستا کەچی جوامێران لەسەر دیوارەکان دەیانوسی بڕۆخێن، بەهەموو هێزەو بەو هەموو سیخورەی بڵاوەی پێکرابوو نەیاندەتوانی رێبگرن لەو نامانەی دەکەوتنە حەوشەی خۆفرۆشانەوە!
لەکۆڵانەکان بە حزوری مەرگ چالاکییان دەکرد، لەکاتی بارینی غەزەب و توڕەیی دوژمندا، بێ ترس ئەحە سمێڵ (باوکی بەرزانی ئەحمەد کوردە) شانەنهێنییەکانی رێکدەخست. 
مامۆستا ئەحمەوی صناعەو عەبدولڕەحمانی حەمەی فەرەج و ئەحمەدی زەرەنگەرو جەمالی عەلی باپیرو کەمالی ئایشە قەڵەو و سەدان جەربەزەی تر لەم شارەیا شانازییان لێ ئەباری.
ئامادەیی سناعەی سلێمانی پڕ بوو لە گەنجی یاخی و نیشتمان پەرست، هەر بەراست گاڵتەیان بە صدام دەکرد. بڕۆن سەیری دیواری ئەمنەکە بکەن، بچن بۆ لای دایکی ئەو شەهیدانەی بەبەرچاویانەوە کوڕەکانیان گوللە باران دەکردن پێیان بڵێن ئەرێ بەراست چ هەتوانێک هەیە بۆ نەقسی غیرەتی ئێستا، 
ئاخر چۆن کۆرۆنا و دەسەڵاتی فاشست و شکست ناتوانێ بتانکوژێ، بەرلە مەناعەو بەرگری بۆ ڤایرۆس ئێستا ئێمە دەوای غیرەتمان دەوێ! کە غیرەت نەبوو نە نیشتمان دەبێ نە سەربەرزی، کە غیرەت نەبوو ستەم وەک چنگەخانم بەسەر دیوارەکانیشماندا تەشەنە دەکات.

ئه‌حمه‌د كورده‌ (باوکی بەرزانی ئەحمەد کوردە)