خۆتان بۆ بڕینی موچەی زیاتر ئامادە بكەن

سەرتیپ وەیسی


01/07/2020

حكومەت جارێكی دیكە دەستكاری سیستەمی موچە دەكات

شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گفتووگۆكردن لەگەڵ بەغدا هەموو دەسەڵاتێكیان پێدراوە بۆ واژووكردنی رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، بەڵام تاوەكو ئێستا هەولێر و بەغدا نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك. بەغدا داوای تەواوی داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و هەرێمیش رازیبووه لەسەر ئەم داواكارییە‌. لەسەر داواكاری دووەمی بەغداش دیسانەوە شاندەكەی هەرێم رازیبووە بە پێدانی نیوەی داهاتی خاڵە گومرگییەكان و داهاتی ناوخۆ دوای وردبینیكردن لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق.

هەتاوەكو ئێستا بەغدا و هەرێم لەسەر ئەم دوو خاڵە كۆكن. وەفدی هەرێم پرسیاریان لە شاندەكەی بەغدا كردووه لەبەرامبەر جێبەجێكردنی ئەو داواكاریانە ‌مانگانە چەند پارە دەدەن بە حكومەتی هەرێمی كوردستان؟ وەڵامی شاندەكەی بەغدا ئەوەبووە كە دوای كۆبوونەوە و راوێژكردن وەڵامتان دەدەینەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەردوو حاڵەتی پێكهاتن و پێكنەهاتن لەگەڵ بەغدا، لەم مانگەدا یاسای چاكسازی دەخاتە بواری جێبەجێكردن و بۆ ئەمەش ژمارەیەك پەیڕە و رێنمایی نوێی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەركردوە لە نێویشیان پەیڕەوی خانەنشینی.

لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسایی چاكسازی، حكومەت موچەی چوار مانگی ئەمساڵیش دەكاتە پاشكەوت و لەمانگی حەوتەوە موچە بە سیستەمی نوێ دابەشدەكات، بەڵام ئەمجارە رێژەی بڕینی موچە فەرمانبەران لە سەدا 21 بۆ رێژەیەكی زیاتر بەرزدەبێتەوە. تیمی حكومی حزبەكانیش لە كۆبوونەوەكانی خۆیاندا بە روونی بە حزبەكانیان وتوە‌، خۆتان بۆ بڕینی موچەی زیاتر ئامادە بكەن، چونكە لە هەموو حاڵەتەكان حكومەت ناتوانێت موچە لە كاتی خۆی دابەشبكات و ناشتوانێت موچەش بە تەواوی دابەش بكات.

بەهۆی یاسایی چاكسازی جگە لەوەی دەرماڵە رێكدەخرێتەوه ‌و دووبارە وردبینی بۆ پلە وەزیفییەكان ئەنجامدەدرێت، لە هەمانكاتیشدا ئەو دەیان هەزار كەسەی كە بە ناوی جیا جیا بەشێوەیەكی نا یاسایی پلەی وەزیفیان وەرگرتووه،‌ لە نێوشیان فەرمانبەرانی سەر بە رێكخراوەكانی یەكێتیی، دۆسیەكانیان بەر لە فەرمانبەرانی ئاسایی وردبینی تێدا ئەنجامدەدرێت و ئەو پلانەشی پێیاندراوە وەردەگیرێتەوە، كە زۆرێك لەو كاسانە پلەكانیان لە ئاستی یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتییە.