چیای ئەڤرێست دووبارە بەرووی گەشتەكاندا كرایەوە

هەمەڕەنگ

31/07/2020     ژمارەی بینراو 534

راچڵەكین-

لە دوای چوار مانگ لە راگرتنی ئەنجامدانی گەشت بۆ لووتكەكانی چیای ئەڤرێست و ھیمالایا بەھۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ لە نیپال، ئەمڕۆ دووبارە مۆڵەت بە ئەنجامدانی گەشتەكان درایەوە.

پراساد بھاتاری- وتەبێژی وەزارەتی گەشتوگوزاری نیپال، رایگەیاند:" لە چوارچێوەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی لە ٢١ی تەمووز، دووبارە دەرگای رێستۆرانت و ھۆتێلەكان كراونەتەوە."

بھاتاری، راشیگەیاند:" دووبارە دەستكراوە بە پێدانی مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی گەشت بۆ سەر لووتكەكانی ئەڤرێست و ھیمالایا، جەختیشی لەوە كردەوە كە رێستۆرانت و ھۆتێلەكان پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بن."

وتەبێژی وەزارەتی گەشتوگوزاری نیپال، ئەوەشی روونكردەوە:" وەرزی داھاتووی سەركەوتن بەسەر چیا دەكەوێتە پایز. بۆ ئەمەش زیاتر لە مانگێك ماوە. لە ١٧ی ئاب بەدواوە گەشتە نێودەوڵەتییەكان ئەنجام دەدەین. هێشتا كاتمان لەبەردەستدا ماوە".

لە ١٣ی ئاداری ئەمساڵ گشت گەشتەكان بۆ سەر لووتكەی چیاكانی ئەو وڵاتە ھەڵپەسێردابوون.

لە نیپال تاوەكو ئەمڕۆ ١٩ ھەزار و ٥٤٧ حاڵەتی تووشبوون و ٥٢ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆماركراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن