پەرلەمانتارێك هۆكاری پڕنەكردنەوەی فۆڕمی رەتكردنەوەی خانەنشینی رووندەكاتەوە

کوردستان

01/08/2020     ژمارەی بینراو 308

راچڵەكین

ئەمڕۆ 1-8-2020 كۆتایی بەو وادەیە هات كە پەرلەمانی كوردستان بۆ پڕكردنەوەی فۆڕمی رەتكردنەوەی  خانەنشینی، بۆ پەرلەمانتارانی ئێستاو خولەكانی رابردوو دیاریكردبوو، پەرلەمانتارێكی ئەم خولەش دەڵێت: پڕكردنەوەی فۆڕمەكە لەڕووی یاساییەوە پرسیاری زۆری لەسەر هەیەو پەرلەمانتارانیش لە دوایی كۆتایی هاتنی ئەم خولە مافی رەتكردنەوەی خانەنشینیان دەبێت نەك ئێستا.

بەگوێرەی زانیارییەكان، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی كە دیوانی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەستبەرداربوون لە مافی خانەنشینبوون بۆ پەرلەمانتارانی دیاریكردبوو، تەنها هەشت پەرلەمانتاری ئەم خولە فۆڕمەكەیان پڕكردەوە.
  
جەلال محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ رووداو، هۆكاری پڕنەكردنەوەی فۆڕمەكەی ئاشكراكردووەو رایگەیاندووە،  پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە لە رووی یاساییەوە پرسیاری زۆری لەسەرە، چونكە شتێك هەتا موڵكی خۆت نەبێت ناتوانیت دەستبەرداری ببیت، پەرلەمانتارانی ئەم خولەش لە كۆتایی خولەكەدا ئەو مافەیان دەبێت كە دەستبەرداری خانەنشینی ببن، نەك لە ئێستاوە.

ئەو پەرلەمانتارە كە هاوكات بڕیاردەری لیژنەی كاروباری یاساییە، یەكێك لە هۆكارەكانی پڕنەكردنەوەی فۆڕمەكەی بۆ رووە یاساییەكەی گەڕاندووەتەوە، كە وەك خۆی دەڵێت تا ماوەی خولی پەرلەمان تەواونەكات، ناتوانێت مافی خانەنشین بوون رەتبكاتەوە، ئاماژەی بەوەشكردووە كە دوای تەواوبوونی ئەم خولەی پەرلەمان، مامەڵەی خانەنشینی ناكات، بەڵكو مامەڵەی گەڕانەوە بۆ سەر كاری پێشبووی دەكات، كە لە كەرتی پۆلیسدایە و سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن