تۆڕی كارەبای عێراق بە وڵاتانی كەنداو دەبەسترێتەوە

عێراق

01/08/2020     ژمارەی بینراو 330

راچڵەكین

وەزارەتی كارەبای عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای نیشتمانی بە وڵاتانی كەنداو، وتەبێژی وەزارەتی كارەباش رایدەگەیەنێت، پرۆژەكە تا 14 مانگی تر تەواو دەبێت و لەو رێگەیەوە كارەبا هەناردەی وڵاتانی ئاسیاو رۆژهەڵاتی ئەوروپاش دەكرێت.

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند: چاوەڕوان دەكرێت پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای نیشتمانیی عێراق و وڵاتانی كەنداو، لەماوەی 14 مانگدا تەواوبكرێت و بەڕادەیەكی زۆر باش كێشەی كەمیی كارەبا لە وڵاتدا چارەسەر دەبێت.

وتیشی:" بە تەواوبوونی پرۆژەكە، عێراق دەبێتە رێڕەوی گواستنەوەی كارەبا لە وڵاتانی كەنداوەوە بۆ وڵاتانی ئاسیاو رۆژهەڵاتی ئەوروپا، بەمەش داهاتێكی باش بۆ خەزێنەی دەوڵەت پەیدا دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ئاماژەی بەوەكرد، لەدوای تەواوبوونی پرۆژەكە، وەك قۆناغی یەكەم بڕی 500 مێگاوات كارەبا لە وڵاتانی كەنداوەوە بە نرخێكی كەم دەدرێتە عێراق.

پرۆژەی بەستنەوەی تۆڕی كارەبای نیشتمانیی عێراق و وڵاتانی كەنداو، لەساڵی 2017 واژۆكراوە، كە لەو رێگەیەوە عێراق دەتوانێت كارەبا لەو وڵاتانە بكڕێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن