شەنگال... زامێكی سارێژنەبوو

ڕاپۆرت

03/08/2020     ژمارەی بینراو 501

راچڵەكین-

رۆژی 3ی ئابی 2014، رێكخراوی داعش شەنگالی داگیركرد، بە هەزاران كەسیان لە پیاو كوڕو كچ و ئافرەت و ژن و منداڵی ئێزیدی بە بێ هۆكار كوشت، یاخود بەدیلیان گرتن، تائێستاش چارەنووسی بە هەزاران كەس نادیارە.

شەنگال كە دەكەوێتە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ی "ناوچە كێشە لەسەرەكان"، هەردوو حكومەتی عیڕاق و هەرێمی فیدرال تا ئێستا لەسەری رێكنەكەوتوون، تا كاتی پەلاماردانی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەدەبراو نزیكەی 11 هەزار پێشمەرگەی ئەو حزبە كە بەسەر چەند فەوج و لیوایەكدا دابەشكرابوون پارێزگاریان لەو قەزایە دەكرد.

لەو تاوانەدا زیاتر لە (100) هەزار كوردی ئێزیدی ئاوارە بون و زیاتر لەشەش هەزار ئێزیدی دیكەش كەوتنە ژێر دەستی داعش، جگە لەوەش دەیان پیاوو ژنی ئێزدی لەلایەن چەكدارانی ئەو رێكخراوەوە كوژران و بێ سەروشوێن كران.

نادیە موڕاد، كە ئێستا باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوەیەكگرتووەكانە و براوەی خەڵاتی نۆبَل-ە، بۆخۆی یەكێك بووە لەقوربانیان ئەو پەلامارەی داعش و لەمانگی ئابی 2014 دا لەگەڵ سەدان كچ و ژنی دیكەدا رفێنرا، سێ مانگ لەلای گروپەكە ماوەیەوە پێش ئەوەی بە هاوكاری خێزانێكی عیراقی بەرامبەر بە پێدانی پارە رزگاری ببێت.

نادیە، دوای رزگاركردنی و لەگێڕانەوەی ئەو مەرگەساتەی بەسەر ئێزدیەكاندا هاتووە، دەڵێت:" لە هەواڵەكاندا گوێمان لێبوو موسڵ گیراوە، بەڵام هەرگیز باوەڕمان بەوە نەبوو داعش دەگاتە لای ئێمەش بەتایبەت كە ئێمە لە گوندێكی دوورەدەست بووین، بەڵام داعش هات و ئەو هێزەشی كە بڕیاربوو ئێمە بپارێزێت رایكرد، ئێمەش هەوڵماندا رابكەین، بەڵام سەركەوتوو نەبووین، گوندەكەمان لە 15 مانگدا گیرا بە سەرپەرشتی سەركردەیەكی داعشكە پێیاندەوت (ئەبو حەمزە) ئێمە گواستراینەوە بۆ گوندی (كۆجۆ) لەوێ لە قوتابخانەیەكدا زیندانی كراین، خوێندنگاكە دوو نهۆم بوو، كچان و ژنان لەسەرەوە بوون و پیاوانیش لە خوارەوە."

نادیە دەڵێت:" تیرۆرستانی داعش داوایان لە پیاوەكان دەكرد ببن بە موسوڵمان، هەركەسێكیش قبوڵی نەكردایە دەیانگواستەوەو دواتر دەیانكوشت، خۆمان گوێمان لە دەنگی تەقە دەبوو كە پیاوەكانیان دەكوشت. ئێمەش هەرچی مۆبایل و ئاڵتونمان پێبوو لێیان وەرگرتین، دواتر 150 كچیان بە دوو ئۆتۆمبێل گواستەوە، هەر لە ئۆتۆمبێلەكاندا هەوڵیاندەدا دەستدرێژیمان بكەنەسەر، بردیانین بۆ شوێنێكی دوور كە چەند كچێكی تری لێبوو رفێنرابوون، ئێمەش لێمان پرسین چیمان لێدەكەن، ئەوانیش وتیان: "داوای هاوسەرگیریتان لێدەكەن و ئەگەر رازیش نەبن دەستدرێژیتان دەكەنەسەر"، هەندێك لە كچەكانیان گواستەوە بۆ سوریا، ئەوانی تریش هەر لە عیراقدا هێڵرانەوە."

نادیە زیاتر رووداوەكان دەگێڕێتەوەو دەڵێت:" چەكدارەكان دەهاتن بۆ ئەو خوێندنگایەی ئێمەی تێدا زیندانی كرابووین، لەنێوان پێنج كچدا دانەیەكیان هەڵدەبژاردو دواتر دەیانبرد بۆ ژوورێكی ترو پشكنینی جەستەیان بۆ دەكرد، ئەگەر بەدڵیان نەبوایە ئەوە دەیانگۆڕی بە كچێكی تر. من سێ خوشكی ترم لەگەڵدا بوو كەسێك هات كە تەمەنی نزیكەی 40 ساڵ بوو، هاتبوو تا من هەڵبژێرێت، بەڵام كچێكی تری هەڵبژارد، دواتر پیاوێكی تر هات كە پاسەوانی لەگەڵ بوو ناوی (سەلمان) بوو، منی هەڵبژاردو بردمی بۆ ماڵی خۆی، لەوێ داوای لێكردم موسوڵمان ببم، منیش رەتمكردەوە، وتم من سەرەتا دایكم دەوێت كە ئێوە رفاندوتانە، دواتر بردیانم بۆ شوێنێكی ترو سەلمان دەستدرێژی كردە سەرم، دوای دوو رۆژ منیان برد بۆ دادگایەكی موسڵ كەسێك كە قورئانی دەخوێندەوە وتی: سەلمان حەڵاڵت بێت، دواتر ناو و بڕی پارەو وێنەی منیان دا بە دادگاكە بۆ ئەوەی ئامادەبم بۆ هەركەسێك كە داوام بكات، هەركەسێك داوای كچێكی بكردایە پرسیاری لە بەرپرسەكەی دەكرد، لەسەر بڕی ئەو پارەی كە پێی دەفرۆشن، جارێكیتر چوومەوە ماڵی سەلمان شەوێك لەوێدا ماینەوە شەوی دواتر چووین بۆ ماڵی خاڵی و بەردەوام دەستدرێژیان دەكردە سەرم."

نادیە دەشڵێت:" وەك كاڵایەك مامەڵەیان بە جەستەمانەوە دەكرد، بەكرێیان دەداین دەیانفرۆشتین، نرخەكان لەنێوان 400 هەزار دیناری عیراقی بۆ 800 دۆلاری ئەمریكی بوو. سەلمان خەڵكی موسڵ بوو، بەردەوام 6 پاسەوانی لەگەڵدا بوو، شەوان دەیبردمە حەمامەكەوە."

 رۆژی  13ی تشرینی دووەمی 2015 شەنگال جارێكی تری لەژێر چنگی چەكدارانی داعش دەرهێنراو ئازادكرایەوە،بەگوێرەی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت، لە 2014/08/03وە تاوەكو 2020/07/29 لە كۆی شەش هەزار و 417 ئێزدی رفێنراو لەلایەن داعشەوە، سێ هەزار و 530 كەسیان رزگاركراون و دوو هەزار و 887 ئێزدی لە دەستی داعش ماون یان هیچ شتێك لەبارەی چارەنووسیانەوە نازانرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن