چیرۆكی ئه‌و منداڵه‌ كوڕه‌ی‌ چه‌ند جارێك ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌ر

ستایل

04/08/2020     ژمارەی بینراو 2452

چیرۆكی ئه‌و منداڵه‌ كوڕه‌ی‌ چه‌ند جارێك ده‌ستدرێژی سێكسی كراوه‌ته‌ سه‌ر

ڕاچڵه‌كین-


‎من پزیشکی پسپۆری دادوەرم سەرەتا پێناسەیەکی پزیشکی دادوەرتان بۆ بکەم تاکە زانستە کە کاری پزیشک بە دادگا و تاوانەوە دەبەستێتەوە.

‎هەر ڕووداوێک لای ئێمە تراژیدیایەکە بەڵام وانەیەکی لێ فێردەبین. مەبەستمان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە. ئەگەر هەندێک ماندووببین بەڵکو بتوانین لەو تاوانانە کەمبکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین نەوەیەکی تەندروست پێبگەینین. زانیارییە کەسییەکان لە ستۆریەکان دەستکاری دەکەین تاکو نەناسرێنەوە.

‎کوڕێکی بچووک کە لە کۆڵان یاریدەکات، کوڕێکی هەرزەکار هەڵیدەخەلەتێنێت و دەیباتە شوێنێکی چۆڵ و دەستدرێژیی سیکسیی لێدەکات و هەڕەشەی لێدەکات کە قسە بکات بە باوکی دەڵێت چی لێکردووە.

‎کوڕە هەرزەکارەکە سێ برادەری هەرزەکاری دیکەی فێردەکات هەمان کار لەگەڵ ئەو منداڵە دەکەن.

‎کارەکە چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە لەلایەن هەرزەکارەکان تا وایلیدێت لە گەڕەک منداڵەکان گاڵتە بەو منداڵە بچووکە دەکەن و پێی ڕادەبوێرن و منداڵەکە باری دەروونیی تەواو تێکدەچێت.

‎منداڵێکی دیکە لە کۆڵان بۆ باوکی ئەو منداڵە قوربانییە باسدەکات و پێیدەڵێت کە منداڵی گەرەک گاڵتە بە کوڕەکەت دەکەن و ئینجا منداڵەکە نهێنییەکان دەدرکێنێ.

‎کە هاتنە پزیشکی دادوەری باوک و خێزانەکە لە حاڵەتی شۆک بوون، پاش پشکنین پشتڕاستمان کردەوە بە ڕاپۆرتێکی جوان کە ئەو منداڵە دەستدرێژیی کراوەتە سەر.

‎ئەو راپۆرتە سێ پزیشکی پسپۆری دادوەری واژووی لەسەر دەکات و لە دادگا تەواو پشتی پێدەبەسترێت.

‎من وەک پزیشکێک ئامۆژگاریم ئەوەیە دوای پزیشکی دادوەری، زۆر گرنگە کە پزیشکی دەروونی چاودێری قوربانییەکان بکات.

‎دوای پرسینم لە پزیشکێکی پسپۆڕی دەروونی، پێیگوتم کە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر کوڕ کاریگەریی نەرێنیی زۆر زیاترە وەک ئەوەی لەسەر کچ.

‎مەبەستم لەم چیرۆکە، پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوە و چاودێریی لەبارەی مەترسیی دەستدرێژی تەنها بۆ کچ گرنگ نییە بەڵکو بۆ کوڕیش بەهەمان شێوە و بگرە زیاتریش گرنگە.

‎لەم چیرۆکەدا کەمتەرخەمیی خێزانی منداڵەکە زۆر زەق دیارە لە یاریکردنی ئەو منداڵە بەتەنیا لەکۆلان و ئەو هەموو شتەی بەسەری هاتووە پاش ئەو ماوە زۆرە پێیان نەزانیوە و لەلایەکی دی ئەو هەرزەکارانە دەبێ چۆن پەروەردە کرابن، دیارە کەمتەرخەمییەکی تەواو هەیە لە پەروەردەکردنیان.

‎تکایە منداڵەکانتان بدوێنن با هەموو شتێکتان بۆ باسبکەن، لەوانەیە ئەگەر ئەومنداڵە نەترسایە لە جاری یەکەم باسی بۆ دایک یان باوکی بکردایە، ئەوە ئاسانتر دەبوو کەیسەکە و هیچ نەبێت کاریگەریی دەروونی و کۆمەلایەتی کەمتری لەسەر منداڵەکە دەبوو.


‎د. دیلمان ئازاد
‎پسپۆڕ لە پزیشکیی دادوەری

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن