خۆكوشتن لە كەركوك.. خەریكە دەبێتە دیاردە

ڕاپۆرت

08/08/2020     ژمارەی بینراو 1065

راچڵەكین-رێژنه‌ فائق

لە كەركووك لە ٢٤ كاتكۆی رابردووا سێ حاڵەتی خۆكوشتن تۆماركران، پسپۆڕانیش لەو باوەڕەدان "دۆخی خراپی ئابووری" و "تێكچوونی حاڵەتەكانی دەروونی" هۆكاری خۆكوژییە لەو پارێزگایە.

درەنگانێكی شەوی رابردوو رێبوار كەریم تۆفێق-ی تەمەن ٣٢ ساڵان لە ژوورەكەی خۆی لەگەڕەكی پەنجا عەلی بە پەت خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا، هاوكات گەنجێكی دانیشتووی گەڕەكی ئیمام قاسم بەناوی عەلی عیرفان كە تەمەنی ١٨ ساڵانە، بەیانی ئەمڕۆ لەناو گەرماوی ماڵی خۆیاندا ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداو دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. لە رووداوێكی دیكەدا گەنجێكی ١٤ساڵانە بەناوی ئیبراهیم جومعە كەدانیشتووی گوندی ئەلحلوە وەسەی ناحیەی زابی قەزای حەویجەیە، بەیانی ئەمڕۆ لەماڵەكەی خۆیدا بەپەت خۆی هەڵواسی. 

دانا كەسێكی نزیكی رێبوار كەریم، راگەیاند:"هەرچەندە لەكاتی رووداوەكەدا سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی رێبوار لەماڵەوە دەبن بەڵام پاش نزیكەی 10 كاتكۆ دەچنە ژورەكەی و دەبینن دەرگای ژوورەكەی كلیلدراوە ئەوانیش دەرگاكە دەشكێنن و دەبینن رێبوار گیانی لەدەستداوە."

رێبوار كەریم خاوەن دووكان بووە لەبازاڕی كەركووك و كەسوكاری دەڵێن ماوەیەكە دۆخی دەروونی خراپە و هەست بەجیاوازی مامەڵەكردنی دەكرا بەڵام هەرگیز بیرمان لەوە نەكردەوه كە خۆی بكوژێت.

سروود ئەحمەد، بەرپرسی رێكخراوی هیوای عێراقی لە كەركووك، راگەیاند: حاڵەتەكانی خۆكوشتن بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووه و هۆكارەیشی بۆ دۆخی ئابووری و بێكاری دەگەڕێتەوە و، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و كەرەنتین و بێكاری هۆكارێكی دیكەیە بۆ زیادبوونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە كەركووك."

بەپێی ئامارەكانی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ:"لەماوەی شەش مانگی رابردوودا ٣٦ كەس خۆیان كوشتووه كه ١٧ كەسیان لە رەگەزی مێینەن و ١٩ كەسیش لە رەگەزی نێرینەن كە بەشێوازی جۆراوجۆر خۆیان كوشتووە، لەساڵی ٢٠١٩ لەكەركووك ١٠٦ حاڵەتەكانی خۆكوشتن تۆمار كراوە".

سەجاد جومعە، سەرۆكی نووسینگەی كەركووكی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ رایگەیاند:" بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاریگەری خراپی كردووەتە سەر ژیانی ئەو هاووڵاتیانەی بژێویان لەسەر كاری ئازادە و لەبەرامبەر كاركردنیان كرێ وەردەگرن كە ئەمەیش دۆخی زۆرینەی خەڵكی كەركووكە و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆناوه كارەكانیان لەدەستداوە یا رێگایان پێنادرێت بچنە سەر كارەكانیان".

بەپێی لێكۆڵینەوەكانی كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی كەركووك زیادبوونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن بۆ دوو هۆكار دەگەڕێنێتەوە كە ئەوانیش كێشە خێزانییەكان و توندوتیژی خێزانی و هەروەها دۆخی ئابووری و هەژاری یەكێكی دیكەیە لەهۆكارەكانی خۆكوشتن لەو پارێزگایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن