مەسعود عەبدولخالق لەسەر دروستکردنی حزبێکی نوێ روونکردنەوە دەدات

کوردستان

10/08/2020     ژمارەی بینراو 747

راچڵەکین-

مەسعود عەبدولخالق، لەسەر دروستکردنی حزبێکی نوێ لە کوردستاندا روونکردنەوە دەدات و دەڵێت:" بە هیچ شێوەیەک بە نیازی دروستکردنی حزبێکی نوێ نییە ".

مەسعود عەبدولخالق، چاودێری سیاسی ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین روونکردنەوە لەسەر پۆستێکی خۆی دەدات کە لە فەسیبووک بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:" ئەو پۆستەی لە فەیسبووک بڵاومکردووەتەوە تەنها ئەوەیە کە باسم کردووە تەکنۆکراتەکان بێنە مەیدان نەک بڵێم حزبێکی دیکە دروستدەکەم".

دەشڵێت:" هەرێمی کوردستان بەم بارودۆخە سیاسییەی ئێستا هەیە لەم قەیرانانە دەرناچێت ناشکەوێتە سەر سکەیەک کە  لەگەڵ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەرێمییەکان رێک بکەوێت، بەڵکو پێویستی بەوە هەیە، خەڵکی شایستە لە شوێنی شایستە بن، چونکە ئەو خەڵکانەی کە کوردستان بەڕێوەدەبەن زۆر شارەزا نین،  بۆیە خەڵکی شایستە لە شوێنی شایستە پێویستی بە تەکنۆکراتی نیشتمانییە، ئێستا دەبینین زۆربەی وەزیرەکان شارەزانین، مەبەستم لە تەکنۆکرات ئەوەیە، نەک دروستکردنی حزب".

مەسعود عەبدولخالق راشیگەیاند:" ئێستا بە هیچ شێوەیەک بە تەمای راگەیاندنی حزب نین، چونکە ئێستا ژمارەیەکی زۆر حزب لە کوردستان هەیە، ئێمە پێمان باشە تەنها دوو حزب و  هەبێت کە یەکێکیان بەرەی گەل بێت و ئەوی دیکەش لە گەندەڵکاران بێت، بۆیە ئێمە پشتگیری ئەو بۆ چوونە دەکەین، نەک حزب دروستبکەین".

"ئێستا ئەگەر حزب دروستبکرێت هیچ لە دۆخی هەرێم ناگۆڕێت، لە کۆتایدا بەس ژمارەیەک بۆ حزبەکانی هەرێم زیاد دەبێت، بۆیە چارەسەر ئەوەیە فۆڕمی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستان بگۆڕین ئەویش بەوە دەبێت کە تەنها دوولیست هەبێت بۆ هەڵبژاردنەکان". مەسعود عەبدولخالق وا دەڵێت. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن