چۆنییەتی دابەشكردنی مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكراكرا

ئابوری

13/08/2020     ژمارەی بینراو 7319

راچڵەكین-

بەگوێرەی زانیارییەكانی راچڵەكین، بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەهەمان شێوەی مانگی شوبات، رێژەی 21%ی مووچە دەبڕدرێت.

بڕیارە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبێتەوەو لەو كۆبوونەوەیەدا رۆژی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلابكرێتەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش هەر كاتێك مووچە دابەشبكرێت بەبڕینی رێژەی 21%وە دەبێت.

پێشتر محمد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:"  لەبەرئەوەی داهاتی ناوخۆ كەمیكردووە،  هەرێمی كوردستان ناتوانێت خۆی بەتەنیا مووچەی فەرمانبەران بدات، پێویستە  عێراق ئەو برە پارەیەی كە بۆ مووچەی فەرمانبەران دابینكراوە رەوانەی بكات ، بەڵام تاكو ئێستا ئەو كارەی نەكردووە، ئەو پارەیەی ئێستاش لە بەردەستی هەرێمی كوردستانە بەشی مووچەی فەرمانبەران ناكات. بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم و بەغدا رێككەوتن واژۆ بكەن".

ئاماژەی بەوەشكرد، بڵاوكردنەوەی بەیاننامە و وەڵام وەڵامكاری كێشەكە چارەسەر ناكات باشتر وایە هەردوولا دابنیشن و كێشەكە چارەسەر بكەن، چونكە بەردەوامبوونی ئەو كێشانە تەنها زیان بە هەرێم ناگەیەنێت، بەڵكو بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەگەیەنێت.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەشڵێت:" لە وەڵامدانەی  وەزارەتی دارایی عێراق دەركەوتووە كە دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە و خۆشیان دانبەوەدادەنێن كە پێویستە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستور خەرجبكرێت، تەنها هەوڵیانداوە بەرگری لە خۆیان بكەن ئەوان لایەنی كێشەكە نین و هۆكار نەبوون بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیانە تاكو ئێستا بەردەوامبن و كۆتایی پێ نەیات، بۆیە پێویستە كێشەكان چارەسەر بكریێت، هەر كێشەیەكی سیاسیی هەبێت ئەنجامەكەی ئەوە نەبێت كە مووچەخۆرانی هەرێم باجەكەی بدەن."

سەبارەت بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەڵێت:" حكومەت ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بۆیە  ئەگەر مووچەش دابەشبكرێت بەشێوەیەكی كاتییە بۆ یەك مانگ یان دوو مانگ، ئەوەش دەبێت حكومەت بە قەرز پارەی مووچە لە وەبەرهێنەرەكان وەربگرێت، بەڵام بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكە دەبێت رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت، بۆئەوەی مووچە دابەشبكرێت تا رێككەوتنی نێوانیان."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن