كۆمهڵێك زانیاری گرنگ بۆ خاوەن پرۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی
ڕاچڵهكین-
وەک دەزانین لە ئێستاوە کاتی خستنە بازاڕی بەرهەمی ماسی دەست پێدەکات و کاتی کۆکردنەوە و بینیی ڕەنج و ماندوو بوونی 6 مانگ و زیاتریشە، ئەگەر چی ئەمساڵ لەچاو ساڵی رابردوو کۆمەڵێک گرفت هەبوو هەر لە دابەزینی نرخی ماسی بەهۆی ئەم پەتا نەگریسە کەسەرجەم بوارەکانی گرتەوە هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی ئالیک و کەمی کارەبای نیشتمانی و کەم سەردان کردنی پرۆژە و کەرتە کشتوکاڵیەکانی تر بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ و..... هتد.
لهمهودوا گۆڕانکاری لە پلەی گەرمی نیوان شەو ڕۆژ زۆر زیاتر دەبێت و ئهمهش كاردهكاته سهر:
1- گاریگەری تەواوی هەیە لەسەر هەموو زیندە چالاکییەکانی ماسی.
2- گەورە بوونی ماسیەکان پێویستی بە ئۆکسجینی زیاتر و ئاگاداری زیاترە هەروەها ڕێکخستنەوەی بەرنامەی پێدانی خواردن کە جیاوازی هەیە لە چاو 14 رۆژ پێش ئێستا.
3- لەمەو دوا مشەخۆرەکان بەدوای خانە خوێی تازەدا دەگەڕێن (بۆنموونە ماسی) بەهۆی کەم بونەوەی زیندەوەری ئاوی و وشکاوەکیەکان.
4- تێکچوونی کوالێتی ئاوی حەوز و سەرجەم سەرچاوەکانی ئاو چ بەهۆی زیندە چالاکییەکانی ماسی پاشەڕۆی ماسیەکان و مردنی هەندێک جۆری قەوزە و ڕوەکی ئاوی و شیبوونەوەی بێت یاخود کەم بوونەوەی بڕی ئاوی سەرچاوە ئاوییەکان. یان گۆڕانکاری کیمیاوی و خڵتەی ئاو و پلەی گەرمی ئاو کە گاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی ماسی.
5- لەمەو دوا زیاتر ئەگەری هەڵکردنی بای بەهێز هەیە کە دەبێتە هۆی شڵەژان و شلهقاندنی ئاوی حەوز کە دەبێت هۆی کەوتنە خوارەوەی بڕێکی زیاتری ئالیک بەتایبەتی ئەگەر عەلەفی ورد بێت.ئهمهش دەبێتە زیادبوونی کێشەی ماسیەکان. سەرەڕای ئەوەش کە بەهۆی هەڵکردنی با پوشوپەلاش و پاشماوەی تر دەکەونە ناو حەوز کە دەبێتە مایەی ناڕەحەتی و ترس سەرەڕای دروست بونی ژاوەژاو تەقەتەق و پچڕانی کارەبا و شۆرتی کارەبای نافورەکان.
ئا:بڕوا عبدالله رسول- ماجستیر لە بەرهەمهێنانی ماسی