شەپۆلێكی خۆڵبارین چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 577

راچڵەكین - 

كەشناسیی هەرێم هۆشداریی لە هاتنی شەپۆلێكی خۆڵبارین دەدات كە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوەو پلەكانی گەرماش روو لە نزمبوونەوە دەكات.

ئەمشەو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی هاتنی شەپۆلێكی تۆز و خۆڵ لە ناوچەكانی باشوورو رۆژئاوای عیراقەوە، كاریگەریی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە بۆ سەر ناوچەكانی هەرێم درێژدەبێتەوە، سەرەتا لە ناوچەكانی باشوور و ڕۆژئاوای هەرێم (پارێزگای كەركوك و دەوروبەری و دەشتی هەولێر) دەستپێدەكات و پاشان لە كاتەكانی سبەی بەیانیی هەینی كاریگەری خۆڵبارینەكە بۆ زۆربەی ناوچەكانی هەرێم درێژدەبێتەوە و بەگشتی مەودای بینین (5-7) كم دەبێت، بەڵام لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و ئیدارەی زاخۆ كاریگەرییەكەی لاواز دەبێت.

كەشناسیی هەرێم پێشبینی كردووە لە شەوی هەینی لەسەر شەممە، كاریگەریی تۆزوخۆڵەكە لەسەر ناوچەكانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و كەركوك و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین زۆر زیاد بكات و مەودای بینین كەمبێتەوە بۆ 3كم، كاریگەرییەكەی تا نیوەڕۆی رۆژی شەممە لەسەر ناوچەكەمان بمینێتەوە، لەگەڵ ئەگەری بارینی كەمێك نمەباران لە ناوچەكانی ئیدارەی راپەڕین و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان، پاشان لەكاتەكانی شەودا كاریگەرییەكەی لاواز دەبێت. هاوكات پلەكانی گەرما بە ( 3- 5 ) پلەی سیلیزی نزمدەبێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن