هەتاو چۆن ڤیتامین D دروستدەکات؟

تەندروستی

31/08/2020     ژمارەی بینراو 1553

هەتاو چۆن ڤیتامین D دروستدەکات؟


ڕاچڵه‌كین-

خانەکانی پێستی مرۆڤ توانای گۆڕینی چەوری (کۆڵیسترۆڵ)یان هەیە بۆ ڤیتامین دی، بەڵام ئەو پڕۆسەی گۆڕانکارییە پێویستی بە وزە هەیە، باشترین سەرچاوەش بۆ دابینکردنی ئەو وزەیە تیشکی سەروو بنەوشەییە کە لەناو ڕووناکیی خۆردا هەیە و دكتۆر سه‌روه‌ر پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌داته‌وه‌.

چ کاتێک بڕۆینە بەر خۆر؟

باشترین کاتی خۆدانە بەر خۆر نیوەڕۆیانە. چونکە لەو کاتەدا تیشکەکانی خۆر بەستوونی دادەبەزن و چڕییان زیاترە.

ماوەی چەند بمێنینەوە لەبەر خۆر؟

لە هاوینانی کوردستاندا کە پلەی گەرمی بەرزە، ئەو کەسانەی کە خاوەن پێستی ناسک یان سپین دەتوانن هەفتانە سێجار بۆ ماوەی ١٥-٢٥ خولەک بەجلی ژێرەوە خۆیان لەبەردەم خۆردا هەڵ بخەن. ئەو کەسانەش کە پێستیان بۆر یان ڕەشە، بەپێی ڕێژەی تاریکی ڕەنگی پێستیان پێویستە ئەو ماوەیە زیاد بکەن.

لە وەرزەکانی دیکە کاتێک پلەی گەرمیی دادەبەزێت و تیشکەکانی خۆر کەمتر دەگەنە ئێمە، پێویستیمان بە ماوەیەکی زیاتر هەیە بۆ دەسکەوتنی بڕی تەواوی ڤیتامین دی.

ئایا دەکرێ دژەخۆر بەکار بهێنم؟

وا باشترە کە بەبێ دژەخۆر خۆتان بخەنە بەر هەتاو، چونکە کرێمی دژە خۆر گەیشتنی تیشکی سەروو وەنەوشەیی بۆ سەر پێست کەمدەکاتەوە.

من پێستم زۆر ناسکە و هەستیارم بەتیشکی خۆر، چی بکەم؟

ڕاستە تیشکی خۆر باشترین ڕێگەی دەستکەوتنی ڤیتامین دی-یە، بەڵام ئێمە ئامۆژگاریتان ناکەین کە تەنها لەپێناو دەستکەوتنی ئەو ڤیتامینەدا خۆتان بخەنە بەردەم مەترسیی دیکەوە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە جێگرەوەی دیکەمان هەیە بۆ دەستکەوتنی ڤیتامین دی، وەکوو خۆراک و سەپڵیمێنت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن