نیشانه‌ و هۆكاره‌كانی ئازاری پاژنه‌ی‌ پێ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

01/09/2020     ژمارەی بینراو 2650

نیشانه‌ و هۆكاره‌كانی ئازاری پاژنه‌ی‌ پێ و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر


ڕاچڵه‌كین-

ئازاری پاژنەی پێ، پەیدا دەبێت لە ئەنجامی چەند جارهەوکردن، ئەزیەت پێگەیشتن، ماندوو کردنی بەستەر و ماسولکەکانی قاچ لە کاتێکدا،  ئەم هەوکردنە زۆر بێت ئەوە دەبێتە هۆی دروست بوونی کلس و بەکلس بوون (تکلس)، وە بە دروستبوونی بوونی کلسی زیادە کە لە لای خۆمان، پێیدەڵێن" ئێسکە زیادە"، ئازاری پاژنەی پێ بە شێوەیەکی گشتی لە سەرووی تەمەنی چل ساڵیدا ڕوو دەدات، لە خوار تەمەنی چل ساڵیشدا ڕوو دەدات بەڵام بەشێوەیەکی کەمتر، دكتۆره‌ چرا پسپۆری نەخۆشیەکانی جومگەو رۆماتیزم هۆكار و نیشانه‌ و چاره‌سه‌ری ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌م بابه‌ته‌دا باس ده‌كات.

 نیشانەکانی: 
بەشێوەیەکی گشتی نەخۆش هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات لە پاژنەی پێ ی، بەشێوەیەکی گشتی نەخۆش لە دوای هەڵسان لە خەو لە بەیانیان یان لە کاتی هەستان کە بۆ ماوەیەکی درێژ دانیشت بێت، ئەوا: هەست بە ئازارێکی زۆر دەکات لە پاژنەی پێ ی و ئه‌مه‌ش کار دەکاتە سەر ڕۆیشتنی بۆ چەند خولەکێک ،وە هەندێک جار نەخۆشەکە وەها وەسفی دەکات وەک ئەوەی کە شتێکی تیژ لە قاچی ڕادەچێ لە کاتی ڕۆیشتن، لە کاتێکدا لەوانەیە ئەو بە کلس بوونە (تکلس)ە هەبێ بەڵام هیچ نیشانەی و ئێشێکی نەبێت، بۆیە، نەخۆش پێویستە بزانێت کە ئازارەکە پەیدا دەبێت تەنها کە تووشی هەوکردن دێت.

 هۆکارەکان: هۆکارەکانی دروست بوونی ئەم ئازارە، چەندانێکن لەوانە:

1- زیاد بوونی کێشی لەش.
2-  ڕاوەستان بۆ ماوەیەکی درێژ.
3- ئەو کەسانەی، کە: نەخۆشی شەکرەیان هەیە زیاتر تووشی دەبن.
4- لە وەرزشەوانان لە کاتی پازدانی زۆر
5- لەپێ کردنی پێڵاوی پاژنەبەرز لە خانمان

 چارەسەر:
1- کەم کردنەوەی کێشی لەش.
2- زۆر ڕانەوەستان یان پشوودان دوای ڕاوەستانێکی زۆر.
3- بەکارهێنانی لباد یان نەرماییەکی پاژنەی پێ (hell pad) یان ناو کەفی نەرم، کە دەکرێتە ناو پێڵاو بۆ ئەوەی شوێنی پاژنەکە نەرم بێ و ئازاری نەدا یان لە پێ کردنی پێڵاوی پزیشکی (توبی).
4- کردنی چەند وەرزشێکی تایبەت بۆ کەم کردنەوەی ئازارەکە.
5- دانانی بەفر بۆ سەر پاژنەی پێ بۆ ماوەیەکی کورت بەڵام هەندێک کەس بەدانانی قاچییان بۆ ناو ئاوێکی شلەتێنی گەرم باشتر دەبێت.
6- چارەسەری سروشتی دەورێکی باش دەبینێ بۆ کەم کردنەوەی ئازارو ھەوکردن لە رێگەی دانانی ھەندێ ئامێری تایبەت.
7-بەکار هێنانی دەرمان،کە دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاری کراو بێت و بەپێی ڕێنمایی پزیشک بێت.
8- ئەگەر بەمانەی سەرەوە، کە: باسمان کرد هیچ کاریگەری نەبوو، ئەوا: بە لێدانی دەرزی دژەهەوکردنە گشتییەکان ستیرۆیدییەکان  Steroid چارەسەر دەکرێت.
9- نەشتەرگەری: پەنا دەبرێتە بەر نەشتەرگەری، کە: نەخۆش بە هیچ لەو چارەسەرییانەی پێشوو سوودی نەبینی و ئازارەکەی زۆر زۆر بوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن