راچڵەكین-
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لەبەرامبەر" سووتاندنی" بەشێك لە دارستانی گۆیژە، دەڵێت: "مخابن گۆیژەی سەوز.. رەش پۆشكرا"
بێگەرد تاڵەبانی، لە هەژمارەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك، نوسیوویەتی:" زۆر بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 4/9/2020، بەشێكی دارستانی گۆیژە سوتا، دارستانی گۆیژە سێ هەزار دۆنمەو دارستانێكی گرنگی شاری سلێمانییە، لەگەڵ كەوتنەوەی ئاگرەكە بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان و پاوان و بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی و فەرمانبەرانمان بە هاوكاری لایەنە پەیوەندارەكان لەگەڵ بەدواداچوون لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە دابوون."
دەشڵێت:" چەندین جار رێككاری پێویستمان باسكردووەو داوامان كردبوو كە هەوڵی جدی بدرێت بۆ پاراستنی، بەڵام بەداخەوە بەم دۆخە گەیشت."
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت:" رەنجی چەندین ساڵی فەرمانبەرانمان بە چەند كاتكۆیەك و لەكەمتەرخەمی كەسانێك كە هەست بەبەرپرسیارەتی ناكەن بەم دۆخەی گەیاند، سوتانی ئەم دارستانە زۆر نیگەرانی كردم."