وەزارەتی كشتوكاڵ هەواڵێكی خۆش رادەگەیەنێت

کشتوکاڵ

12/09/2020     ژمارەی بینراو 689

بێگەرد تاڵەبانی: 10 تەرزی تری نوێی گەنممان ئامادە كرد
راچڵەكین -

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم خاوەنی 17 تەرزی گەنمە، بێگەرد تاڵەبانیش دەڵێت: 10 تەرزی تری گەنم و جۆمان ئامادە كرد.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی 17 تەرزی گەنمی ئارد و ساوەرمان هەیەو ساڵانە وەك بنەتۆی گەنم بەسەر جوتیاران دابەشی دەكەین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی  توێژینەوە و رێنمایی كشتوكاڵی بەردەوامە لەسەر تەرزی نوێ.

وەزیری كشتوكاڵ باسی لەوەشكردووە، لە ئێستادا 9 تەرزی گەنم و یەك تەرزی جۆ لە توێژینەوە سەركەوتنیان بەدەستهێناوە و نێردراون بۆ پەسندكردن، پاشان بەسەر جوتیارانی خۆمان وەك بنەتۆ بە نرخی پاڵپشتی دابەشی دەكەین.

بێگەرد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم تەرزە خۆماڵیانە زیاتر لە تەرزی هاوردە بەرگەی كەش و هەوای كوردستان دەرگرن و بە بڕشترن و لەسەردانەكانمان بۆ لای جوتیاران پێیان راگەیاندووین كە ئەوان ئێستا ئەم تەرزانە بەكار دەهێنن و بەرهەمێكی زۆر باشیان هەبووە.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەستخۆشیی لە ستافی توێژینەوە كردووە و دەڵێت،  لەم دۆخەدا بەردەوامن لە توێژینەوەكانیان بۆ تەرزی نوێ، دەست لەناودەست بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن