فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر كوژرانی خێزانە كوردەكەی بەغدا پەیامێكی بەپەلە ئاراستەی كازمی دەكات

عێراق

16/09/2020     ژمارەی بینراو 394

راچڵەكین -

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەتوندی لەسەر تاوانی كوشتنی خێزانە كوردەكەی بەغدا دێتە دەنگ و لە راگەیاندراوێكیشدا داوا لە مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكات پەلە بكات لە ئاشكراكردنی بكەران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە و رادەستكردنیان بەیاسا و دادگاییكردنیان.

لەراگەیاندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا هاتووە:" ئەو كارە تاوانكارییە ئیدانە و شەرمەزار دەكەین كە تێیدا شەمشەمە كوێرەكانی تاریكی دەستیان چووە كوشتنی خانەوادەی دەرمانساز شیلان دارا ڕەئوف لە ناوچەی مەنسووری بەغدا، كە بە دڕندانەترین شێوە دەستدرێژیان كردوونەتەسەرو جەستەی پاكیان شێواندوون.

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاندووە،" ئەم تاوانە كە هێندە گەورەو قێزەونە، دڵی مرۆڤ دەهەژێنێت، چووە سەر خەرمانی ئەو تاوانانەی دژ بە ھاوڵاتیانی بێتاوان ئەنجامدەدرێن".

رونیشكراوەتەوە:" لێرەوە داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران مستەفا كازمی دەكەین، پەلە بكات لە ئاشكراكردنی بكەران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە و رادەستكردنیان بەیاسا و دادگاییكردنیان بە مەبەستی وەرگرتنی سزای یاسایی خۆیان وە بەهیچ جۆڕێك كەمتەرخەم نەبن و بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە تاوانباران بگەیەننە سزای شیاوی خۆیان".

فراكیسۆنی یەكێتی داواشیكردووە رێگە بەدووبارە كردنەوەی ئەو كردەوە قێزەونانە نەدرێت و دۆسێی پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان بەهەند وەربگیرێت، جا هەر كەسێك بن و لەهەر شوێنێك بن.

درەنگانێكی شەوی رابردوو لە ناوچەی مەنسوری شاری بەغدا، خێزانێكی كورد لە دایك و باوك و كچێك پێكهاتوون، لە نێو ماڵەكەی خۆیاندا لەلایەن گروپێكی نەناسراوەوە كوژران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن