دژە تیرۆری كوردستان دانپێدانانی بكوژی خێزانە كوردەكەی بەغدا بڵاودەكاتەوە

کوردستان

16/09/2020     ژمارەی بینراو 511

راچڵەكین -

دژە تیرۆری كوردستان دەستگیركردنی بكوژی خێزانە كوردەكەی بەغدا لە ئوتێلێكی شاری هەولێر رادەگەیەنێت و لە راگەیاندراوێكیشدا وردەكاریی تاوانەكە ئاشكرا دەكات و دەقی دانپێدانانی بكوژەكەش بڵاودەكاتەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئەو تاونبارەی خێزانە كوردەكەی لە بەغدا كوشت دەستگیر كرا

دوای ئەوەی زانیاریمان دەستكەوت كە ئەو بكوژەی شەوی 14-9-2020، لەنێو باڵەخانەیەكی گەڕەكی مەنسوور لە بەغدا خێزانێكی كوردی بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە كوشتووە كە خێزانەكە لە دایك و باوك و كچێكیان پێكهاتبوو و ناوبراو خۆی لە هەولێر حەشارداوە، دوای بەشوێنداچوون و چاودێری توانیمان شوێنی ناوبراو بدۆزینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەستگیر بكرێت و دوای لێكۆڵینەوە ناوبراو دانی بە تاوانەكەی نا، كە ئەمەش دەقی دانپێدانانەكەیەتی:

ناوم (مەهدی حوسێن ناسر مەتەر)، لە دایكبووی ساڵی ،1984 دانیشتووی بەغدا ناوچەی حەبیبیە، دەوامم لە وەزارەتی ناوخۆیە - پاسەوانیی باڵیۆزخانەكان، بە دیاریكراویش باڵیۆزخانەی رووسیا. 

پیش 4 ساڵ كەسێكم ناسی بە ناوی باوكی شیلان، پیش دوو رۆژ لەمەوبەر پێوستم بە بڕێك پارە هەبوو، چونكە قەرزاربووم، چوومە لای لە شوقەی خۆی و بەیەكەوە دانیشتین، داوای ئەو گوژمە پارەیەم لێ كرد، بەڵام ئامادە نەبوو و گوتی: نیمە. دەمەقاڵێمان بوو، چەقۆیەك لە نزیكم بوو، بە چەقۆ لێم دا و كەوتە سەر زەوی، ویستم ئاسەواری تاوانەكە بشارمەوە لەو كاتە هاوسەرەكەشی هاتەوە، من شۆك بووم و شڵەژام و ئەویش دەستی بە هاوار و قیژە كرد و ئەویشم دایە بەر چەقۆ و كەوتە سەر زەوی، تەرمەكانیانم لە ژوورەكە بردە حەمام و بۆری ئاوەكەم كردەوە لەو كاتەدا شیلان هاتە ژوورەوە. كاتێ شیلان هات و بارودۆخەكەی بینی شڵەژا، ویستم هێوری بكەمەوە، هێور نەبوویەوە بە تەپڵەكە جگەرەیەك كێشای بە سەرمدا، منیش دوو بۆكسم لێ دا و كەوتە سەر زەوی، سەرینێك لەوێ بوو لەسەر دەمیم دانا و كوشتم. هەوڵمدا ئاسەواری تاوانەكە بشارمەوە، بەڵام نەمدەزانی چی بكەم و بۆ كوێ بڕۆم، شوێنەكەم خاوێن كردەوە و بۆ پارە گەڕام، گوژمە پارەیەكم دۆزییەوە، بەڵام نازانم چەند بوو، نزیكی 10 هەزار دۆلارێك یان زیاتر دەبوو، هەندێ پارەی عێراقیشی تێدا بوو. پارە و مۆبایلەكانم برد، چەقۆكەشم لەگەڵ خۆم برد و لەناو كیسەیەكم دانا و دەرچووم. بۆ كوێ بچم.. بۆ كوێ بچم، چوومە ناوچەی قەنات و چەقۆ و مۆبایلەكانم لەوێ فڕێدا، گوتم با بچم بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلێكی تایبەتم گرت و هاتمە هەولێر. لە یەكێك لە هۆتێلەكان دابەزیم، ویستم لە هەولێرەوە سەفەر بكەم بۆ دەرەوەی وڵات، رۆژی دواتر ویستم ڤیزایەك بۆ توركیا یان بۆ شوێنیكی تر پەیدا بكەم، بەڵام دەستم نەكەوت و گەڕامەوە هۆتێل و لەوێ دەستگیر كرام.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن