راچڵەكین -
قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، دەستبەسەرداگرتنی بڕێكی زۆر دەرمانی جۆراوجۆر رادەگەیەنێت، كە بەشێوەی نایاسایی لە ئێرانەوە هاوردەكراوەو لە ماڵێكدا عەمباركرابوون بڕیاریش درا خاوەنەكەی رووبەڕووی رێكاری یاسایی بكرێتەوە.
راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەر زانیاری ئاسایشی سلێمانی، ئەمڕۆ 17-9-2020، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت لەماڵێكدا دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی جۆراوجۆری نایاساییدا گرت.
راگەیاندراوەكە لەسەر زاری لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، دەرمانەكە بەشێوەی نایاسایی لە وڵاتی ئێرانەوە هاوردەكراوە، پاش وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بۆ چوونە ماڵەكەو پشكنین، دەركەوت بڕێكی زۆر دەرمان بەشێوەی نایاسایی هاوردە كراوە و لەو ماڵەوە بەسەر كڕیارەكاندا دابەشدەكرێت، دەرمانەكانیش لە (زیادكردن و كەمكردنەوەی كێش، بەهێزكردنی جەستە، نەخۆشییە دەرونییەكان، ڤیتامین C و نەخۆشییە درێژخایەنەكان) پێكهاتبوون.
لەشكر حەمید ئاشكراشیكردووە، ئەو دەرمانانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، پشكنینی بۆ نەكراوەو شێوازی عەمباركردنیشی گونجاو نییەو لە پلەی گەرمی بەرزدا دانرابوون.
ئاماژەی بۆئەوشكرد، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، دەستبەسەر تەواوی دەرمانەكاندا گیراوەو لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناو دەبرێت و خاوەنەكەشی رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.