حەشدی شەعبی روونكردنەوەیەك لەسەر هێرشە مووشەكییەكەی هەولێر بڵاودەكاتەوە

عێراق

01/10/2020     ژمارەی بینراو 1393

راچڵەكین-

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوای حەشدی شەعبی روونكردنەوەیەكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردووی هەولێر بڵاوكردەوە.

لەروونكردنەوەكەدا هاتووە:" سەرسووڕمانی خۆمان لەبارەی هەندێك كاردانەوەی بەپەلە دەردەبڕین و روونیدەكەینەوە، كە ئەو ناوچەیەی مووشەكەكانی تێدا ئاراستەی هەولێر كراوە، ناوچەیەكی چۆڵەوانییە و دەكەوێتە نێوان سێگۆشەی سوپا و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەبەك و هێزەكانی پێشمەرگە".

ئەوەش روونكراوەتەوە:" لە كامێراكاندا وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە دەردەكەوێت، كە مووشەكەكانی هەڵگرتووە و لە كوێوە هاتووە، هەروەك فەرماندراوەتە فەرماندەی لیوای 30ی حەشد لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بكات لەبارەی ئەوانەی ئەو مووشەكانەیان ئاراستە كردووە، دواتر شوێنی جوڵەكردنی ئۆتۆمبێلەكە و ئەو لایەنەی كە ئەو شوێنەی لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، ئاشكرادەكەن."

شەوی رابردوو، شەش مووشەك بەئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر هاوژێران، بەڵام بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بێت، مووشەكەكان هیچ ئامانجێكیان نەپێكاوەو زیانیان لێنەكەوتووەتەوە.

دواتر وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد:" مووشەكەكان لە سنووری (برگلە) لە نێوان گوندەكانی شیخ ئەمیر و تەرجلە لەسەر پیكابێك هاوێژراون. ئەم دەڤەرەش دەكەوێتە سنووری لیوای 30 حەشدی شەعبی"

هاوكات سوپای عێراق  لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند:" گروپێكی تیرۆریستی لەرێگەی ئۆتۆمبێلێكەوە كە سەكۆی چەكی جۆری راجمەی هەڵگرتبوو، پارێزگای هەولێری كردووەتە ئامانج و هێرشەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە، فەرمانیش بۆ دەستگیركردنی بەرپرسی ئەمنی ئەو ناوچەیەی هێرشەكەی تێدا كراوە دەرچووە. هێرشەكەش لە دۆڵی تەرجلە لە قەزای حەمدانییەوە كراوە و باكووری رۆژئاوای هەولێری كردووەتە ئامانج و چەند گوندێك كەوتوونەتە بەر هێرشەكە كە دوو لە مووشەكەكان لە نزیك كەمپی حەسەن شام كەوتوونەتە خوارەوە."
  

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن