كازمی: رێوشوێنی توند بەرامبەر هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر دەگرینەبەر

عێراق

01/10/2020     ژمارەی بینراو 307

راچڵەكین –

مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، پابەندبوونی حكومەتەكەی بە پاراستنی نێردە دیبلۆماسییەكان دووپاتدەكاتەوەو راشیدەگەیەنێت، رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو كەسانە دەگرینەبەر كە دەستیان لە هێرشە مووشەكییەكەی سەر هەولێر هەبووەو هێزە ئەمنییە كەمتەرخەمەكانیش سزا دەدەین.

ئەمڕۆ 1-10-2020 مستەفا كازمی سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی كرد، بەگوێرەی راگەیاندراوێكیش كە نوسینگەی رۆژنامەوانیی كازمی بڵاویكردووەتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پتەوكردنی رێوشوێنە ئەمنییەكان كراوە بەمەبەستی پاراستنی باڵیۆزخانەو بارەگای نێردە دیبلۆماسییەكان لە بەغدا كراوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، تاوتوێی هێرشە مووشەكییەكەی دوێنێی هەولێریش كراوە، كە شەش مووشەك ئاراستەی شوێنێكی نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كرا، بەگوێرەی راگەیاندراوەكە، مستەفا كازمی جەختی لەوە كردووەتەوە كە بەتوندی مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە كردەوانە دەكەن، بەو پێیەی هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و كۆمەڵایەتی عێراق دەكات، بەڵێنیشیداوە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ راوەدوونان و دەستگیركردنی ئەو كەس و لایەنانەی كە دەستیان لە هێرشە مووشەكییەكان هەیە.

مستەفا كازمی راشیگەیاندووە، رێوشوێنی پێویست بەرامبەر ئەو هێزە ئەمنییانە دەگرنەبەر كە كەمتەرخەمییان لە پاراستنی ئەمنیەتی ناوچەكانیان نواندووەو لەوێوە درزی ئەمنی دروستبووە.

 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن