چۆنیهتی چارەسەری خۆراکی بۆ هەستیاری بە گەنم و جۆ
ڕاچڵهكین-
نەخۆشی سیلیاک بریتیە لە جۆرێک هەستیاری بەرامبەر بە پڕۆتینی گلوتین کە لە گەنم و جۆدا هەیە کە دەبێتە هۆی تێکچونی ناوپۆشی ڕیخۆلە باریکە، نەخۆشیەکە چاک بونەوەی نیە، واتە هەردەمێنێتەوە تا گەورەش دەبێت، تەنها چارەسەری پارێز کردنە لەو خۆراکانەی کە گلوتینیان تێدایە ، دكتۆره تارا پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی مناڵان لهم بابهتهدا چهند ههنگاوێك بۆ چارهسهری نهخۆشی ههستیاری به گهنم باس دهكات.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر جیاوازە هەندێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە بریتیە لە:
1- دواکەوتنی گەشەی منداڵ (کەم کێشی و کورتە باڵای)
2- سکچونی بەردەوام یان هەندێک جار قەبزی
3- سک ئێشە و غازات و ئاوسانی سك
4- سەر ئێشە و هیلاکی زۆر
5- کەمی مادەی ئاسن و کەم خوێنی
6- دواکەوتنی باڵغبوون
7- ئازاری جومگە و ئێسقان
پاش دەست نیشان کردنی نەخۆشیەکە لە ڕێگەی پشكنینی خوێن و نازۆرەوە، پێویستە ڕێجیمێکی تایبەت پەیڕەو بکرێت کە ئەو خواردنانەی پڕۆتینی گلوتینیان تێدایە نەخورێت.
ئەو خواردنانەی کە نابێت بخورێت ئەمانەن:
1- ئەو سەمون و نانەی کە لە گەنم وجۆ دروست کراون.
2- گەنمە کوتاو، ساوەر، بڕوێش.
3- کێک، پسکیت، پاقلاوە.
4- جبس (چونکە زۆریان پڕۆتینی گلوتینیان تێدایە)
5- هەندێک جۆر شیر و بەرهەمەکانی پڕۆتینی گلۆتینیان تێدایە ( لەبەر ئەوە دەبێت زۆر بە ئاگاوە بخورێت)
6- مەعکەرۆنی، سپاگێتی، شعریە.
7- هەندێک دەرمان هەیە پڕۆتینی گلوتینیان تێدایە.
8- پیزا، صوصەج، هەموو جۆرەکانی صاوص
9- هەمبەرگر و شفتە ئەگەر ئاردی گەنم و جۆی تێدابێت.
ئەوخواردنانەی دەتوانرێت بێ ترس بخوریت:
1- ئەو سەمون و نانەی کەلە ئاردی گەنمە شامی یان برنج دروست کرا بێت.
2- برنج
3- پاقلەمەنی (نیسک، نۆک، فاسۆلیا، پاقلە....)
4- گۆشت، مریشک، ماسی..
5- کێک و پسکیت کە لە ئاردی گەنمە شامی دروست کرابێت.
6- شیری سروشتی و بەرهەمەکانی شیر یان ئەو شیرانەی کە گلوتینیان تێدا نییە.
7- هێلکە.
8- چەرەسات
9- پەتاته.
10- شۆفان، ئەگەر سادە بێت و لە شوێنێک ئامادە نەکرابێت کە گەنم و جۆی تێکەڵاو بووبێت.
11- هەمبەرگر و شفتە و پیزا ئەگەر بە ئاردی گەنمەشامی یان برنج دروست کرا بێت.