راچڵەكین-
شاندێكی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ سێشەممە، بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبونەوەی لیژنەی هەماهەنگی سەربازی و ئەمنی سەردانی بەغدا دەكات
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند:" شاندەكە لیژنەی باڵای ئەمنی ھەماھەنگی وەزارەتی پێشمەرگەیە كە دوو ساڵە دامەزراوە، كۆبوونەوەی دەوریمان ھەیە جارێك لە ھەولێر و جاری دواتر لە بەغدا، كۆبوونەوەی ئەمجارەمان لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی ھەماھەنگی لە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەكان و وەزارەتی بەرگری عێراق، گفتوگۆ لەسەر ھەماھەنگییەكان دەكەین، لەو ناوچانەی كە داعش كردەوەی تیرۆرستی تێدا ئەنجامدەدات".
وتیشی:"لە كۆبوونەوەكەدا سێ بابەتی سەرەكی گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، كە بریتین لە دامەزراندنی ناوەندی ھەماھەنگی لەنێوان ئەفسەرانی ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كە شەش ناوەندە، لەوانیش دوو ناوەندی سەرەكی ھەن یەكێك لە بەغدا و یەكێكیش لە ھەولێر، چوار ناوەندی دیكەش لە كەركووك و دیالە و مەخموور و مووسڵ دەبن، جگە لەوە گفتوگۆ لەبارەی ھێڵی بەرگری دەكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، لە دیالەوە تا دەگاتەوە سنووری مووسڵ، بابەتێكی دیكە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە، بەتایبەتی لەو شوێنانە كە زانیاری ھەیە داعش بنكە و بارەگای داناوەتەوە و جموجۆڵیان ھەیە".