وەزیری تەندروستی هەرێم : 12 كەیسی گومانلێكراوی كۆرۆنا هەبووەو ئەنجامی 10 كەسیان تەواو بووە

کوردستان

29/02/2020     ژمارەی بینراو 361

راچڵەكین-

وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ماوەی 24 كاتكۆی رابردوودا 12 كەیسی گومانلێكراو لەشاروشارۆچكەكان هەبوون، پشكنین بۆ 10 كەسیان تەواوبووە و دەركەوتووە هیچ كەسێكیان كۆرۆنایان نییە. وتیشی، تائێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوو بەڤایرۆسی كۆرۆنا ەلهەرێم تۆمار نەكراوە. 

ئەمڕۆ شەممە 29-2-2020، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم بەیاوەرێكی شاندێكی وەزارەتەكە گەیشتە شاری سلێمانی و دوای بەسەركردنەوەی ئەو ناوەندانەی بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشانكراون، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەردانی نەخۆشخانەیەكمان كرد وەك پلان بی بۆ ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان دانراوە، هەموو رێكارەكانمان لەگەڵ تەندروستی و پارێزگاری سلێمانی تاوتوێكردووە. 

وەزیری تەندروستی وتیشی:"هەمووان بە یەك تیم كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە دەكەین، دۆزینەوەی گومانلێكراوانیش گرنگترین كارێكە كە بیكەین، چونكە ئێستا تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانین رێگە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بگرین. "

وەزیری تەندروستی جەختی لەوەكرد، هاونیشتمانییان چاوپۆشی لە گومانلێكراوان نەكەن، ئەگەر هەستیان بە نیشانەكانی كۆرۆنا كرد سەردانی لیژنە پزیشكییەكان و سەنتەرەكانی تەندروستی بكەن و نەیشارنەوە، چونكە زیانی بۆ خۆیان، كەسوكار، خێزان، ماڵ و منداڵ و كەسانی دەوروبەریان دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن