وەزیری دارایی داوای بەهاناوە چوون دەكات و دەڵێت" كەتنمان ناوەتەوە و فریامان كەون"

کوردستان

16/10/2020     ژمارەی بینراو 1799

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت، لەسەردانەكەی ئاوات شێخ جەناب- وەزیری دارایی هەرێم بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان، پێی راگەیاندوون:" كەتنمان ناوەتەوە و فریامان كەون"

د. شێركۆ جەودەت- سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا دەڵێت:" وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم نەهاتبوو بۆ ئەوەی قەناعەت بەئێمە بكات وەكو لیژنەی دارایی چونكە خۆیان بڕیارەكەیان دابوو وەكو حكومەت كە پێنج مانگەكە چی لێ بكەن لەمانگی چوار هەتا مانگی نۆ، وەیەكخستنی سیستمی موچەی هەرێمی كوردستان بكەن لەگەڵ بەغداد واتە ئەوان بڕیارەكەیان دابوو بەڵام هاتبوو بۆئەوەی پێمان بڵێت كە ئەمەیان بۆچی كردووە، لەوێ بەڕاشكاوانە ئێمە پێمان وت كە ئەمە سەرپێچی یاسایە، ئەویش (وەزیری دارایی) بەڕاشكاوانە دانی بەوەدانا كەبەڵێ حكومەتی هەرێم كابینەی نۆ كەوتۆتە هەڵەی سەرەكیەوە بەوەی هەر لەسەرەتاوە ئەو سێ مانگەی كە لە خولی پێشووی كابینەی هەشتەمی حكومەت مابوویەوە دواكەوتبوو بێجگە لەوانەی كە پاشەكەوت كراوە لەسەر كابینەی نۆ حسابی كرد، بۆیە دەبووایە لەسەرەتاوە لەسەرخۆی حسابی نەكردایە، ئەمە قسەی وەزیری دارایی بوو ئێستا سێ مانگی خولی پێشووی كابینەی هەشتەمی حكومەت لەسەر كابینەی نۆیەم حساب كراوە، وە كابینەی نۆیەمیش دوو مانگی نەداوە واتە دەكاتە پێنج مانگ."

د.شێركۆ جەودەت دەشڵێت " ئەمە ڕێك ئەو پەندە كوردیەیە كەدەڵێت " بەردێك نەزان بیخاتە ناو گۆمەوە بەهەزار زانا نایەتە دەرەوە" ئێستا گیریان خواردووە بەدەست دوو شتەوە بەدەست گەندەڵیەوە و بەدەست بڕیارە هەڵەكان دەرئەنجام ناچارن ئێستا چونكە حكومەت بۆتە داردەستی هێزەدەرەكیەكانیان واتە بووەتە داردەستی حیزبە دەسەڵاتدارەكان بەكاردەهێنرێت لەخاڵە گومرگیەكاندا، گەندەڵی و قاچاغچێتی پێدەكەن. "

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووە ئەوەشی وت"دەسەڵاتی حكومەت بەكاردەهێنرێت بۆ گەندەڵی كە ئەمە سەروەت و سامانێكی زۆر دەبات و بەهەدەری دەبات لەهەرێمی كوردستاندا، ئەگەر ئەمە نەبووایە ڕەنگە پێویستیشیان بە پارەی بەغداد نەدەبوو بەڵام لەبەرئەوەی ئەو هەموو گەندەڵی و "سەقەتیە" هەیە لە ئیدارەدا دەرئەنجام ئێستا چاوەڕێی بەغدادن كە مانگانە 320 ملیار دیناریان بۆ بنێرێت هەتا بەغداد پارە نەنێرێت ئەمانیش مووچە نادەن بۆیە دۆخەكە زۆر ئاڵۆز و شڵەژاوە كێشەكە تەنها لەهەولێریش نییە لەبەغدادیش هەر وایە، بارودۆخی سیاسی بەغداد و سەقامگیری دارایی و ئابوری لەبەغداد تەواو تەواو شڵەقاوە "سویلەی نەقدی" و ئابوری عێراقی بەرەو داڕمانێكی ڕاستەقینە دەڕوات."

بەوتەی د.شێركۆ جەودەت" حكومەتی هەرێمی كوردستان وا دەڵێت كەناتوانن مووچە بدەن هەتا بەغداد پارەكە نەنێرێت (واتە 320 ملیارەكە نەنێرێت) ناتوانن تەواوی موچە بدەن،واتە ئەگەر بەغداد نەینێرێت ئێمە ناتوانیین موچە دابەش بكەین" ئەمە قسەی وەزیری داراییە كە وردبین كراو نییە، بۆیە هەر ڕاپۆرتێك وردبین كراو نەبێت لای ئێمە جێگەی متمانە نییە و ناتوانیین پشتی پێ ببەستین."

هەروەها وتیشی" بەقسەی ئەو من قسەی حكومەت پشت ڕاست ناكامەوە چونكە وردبینی نییە لەبەر دەستدا بەڵام بەقسەی ئەوان ئەو كاتە دوو مانگ جارێك مووچە دەدەن."

دەربارەی ئەوەی جیاوازی چیە كە دەوترێت وەزیری دارایی ڕایگەیاندووە مووچەی بەشێك لەمانگەكان دەبێتە قەرز و ئەوی تریش دەبێتە پاشەكەوت؟ د.شێركۆ جەودەت وتی" قەرز یەكسانە بەڕەزامەندی هەردوولا لەو مامەڵەیەدا، واتە كەسێك دەچێت قەرز لەكەسێك دەكات بەڕەزامەندی خۆی و هەردوولا دواتر دەبێت بیداتەوە بەڵام پاشەكەوت لێبڕینێكی ئیجبارییە، واتە پرس نەكراوە بە فەرمانبەران پارەكەیان لێ بسەنن تاوەكو فەرمانبەران ڕازی بن، ئەوە وەكو قەرزێك بدەن بەحكومەتی هەرێمی كوردستان نەخێر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەزۆرەملێ و بە زوڵم كردویەتی بەستەم كردویەتی."

د.شێركۆ زیاتر ڕونیكردەوە" پاشەكەوتەكە بە قەرز حساب نابێت ئەوە ئیلتزامی حكومەت بەرامبەر فەرمانبەران كەحكومەت لەوێدا پێشێلی یاسای كردووە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان چووە 500 ملیۆن دۆلاری لە توركیا قەرزكردووە بەڕەزامەندی توركیا ،دواتر دەبێت بیداتەوە ئەوە پێی دەوترێت قەرز بۆیە 28 ملیار دۆلارەی كەسەرۆكی حكومەت ڕایگەیاند، ئەوانە هەمووی قەرز نییە."

دەربارەی ئەوەی هەرێم چۆن دەتوانێت قەرز لەوڵاتێكی تر بكات لەكاتێكدا ئەوە لەڕووی یاسای نێودەوڵەتیەوە ڕێگە پێدراو نیە چونكە هەرێم دەوڵەتی سەربەخۆ نیه؟ د.شێركۆ جەودەت دەڵێت" لەڕێی مامەڵەی نەوتییەوە ئەو قەرزەیان كردووە، وەزیری دارایی دەڵێت "كەتنمان ناوەتەوە و فریامان كەون" وەرن با چارەسەری بكەین، ئێمەش بیرۆكەمان داونەتێ بۆ چارەسەر وتمان ئەوە 30 ساڵە ئێمە پێتان دەڵین ئاوا نابێت و ئاوا ڕاستە بەڵام ئێوە گوێ ناگرن ئێستا باجی ئەوە دەدەن كە گوێ ناگرن، ئێستاش ئەگەر دەتانەوێت ڕاست بێتەوە دەبێت گوێ بگرن بۆیە گوێ بگرن ڕاست دەبێتەوە بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن ئەوا كارەساتەكە بەردەوام دەبێت. "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن