دوای رووداوەكانی بەغدا.. كازمی چەند بڕیارێكی دەركرد

عێراق

17/10/2020     ژمارەی بینراو 634

راچڵەكین-

فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عیراق، فەرمانی دەستگیركردنی ئەو هێزەی دەركرد كە بەرپرسیارێتی پاراستنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانیان لەئەستۆ بوو لەبەغدا.

میدیاكانی عیراق بڵاویانكردووەتەوە، مستەفا كازمی، فەرمانی پێكهێنانی لیژنەیەكی دەركردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەرووداوی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و بارەگای لقی 5ی پارتی لە بەغدای پایتەخت.

هاوكات كازمی فەرمانی دەستگیركردنی ئەو هێزەی دەركرد كە ئەركی پاراستنی بارەگاكەی پارتیان لەئەستۆیە بەهۆی ئەوەی شكستیان هێناوە لە رێگریكردن لە سووتاندنی لەكاتێكدا 48 كاتكۆ پێشتر ئاگاداری پلانێكی لەو شێوەیە بوون.

لەلایەكی ترەوە، نووسینگەی راگەیاندنی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق دەستگیركردنی 15 كەسی راگەیاند كە بەشداربوون لەسووتاندنی بارەگاكەی پارتی لە بەغدا.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە لێدوانێكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھوشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق خۆپیشاندانیان سازكرد.

لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی كەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، لە لایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنرا. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن