فراكسیۆنی گۆڕان: میللەتەكەمان لەبەردەم قەرانێكی قوڵی دارایی و خەمی مووچەدایە

کوردستان

17/10/2020     ژمارەی بینراو 474

راچڵەكین-

فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەكاتێكدا كورد لەهەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی قوڵی دارایی و خەمی موچە و نەبونی كار و خزمەتگوزاری شایستەدایە، پارتی و یەكێتی خەریكی هەڵدانەوەی لاپەرە "رەشەكانی مێژوون".  

فراكسیۆنی گۆڕان، لەراگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ شەممەبڵاویكردووەتەوە ئاماژەی بەوەكردووە:" لە كاتێكدا كە ڕەوشی ھەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەخت و دژواردا تێدەپەرێت . میللەتەكەمان لەبەردەم قەیرانێكی قوڵی دارایی و خەمی موچە و نەبونی كار و خزمەتگوزاری شایستەدایە . لە جیاتی چارەسەری ئەو سەختییانە و چاككردنی ژیانی خەڵك ، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی و فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمان و ھەردوو تیمیان لە حكومەتی ھەرێم  لە بری بیركردنەوە بۆ داهاتویەكی گەش و ژیانێكی شەرەفمەندانەو خێراكردن لە ئەنجامدانی چاكسازی و چارەسەری نەبونی موچە و یەكخستن و بە نیشتیمانیكردنی هێزە چەكدارەكان و دانانی بناغەیەكی پتەوی ئابوری نیشتیمانی ،خەریكی هەڵدانەوەی لاپەرە رەشەكانی مێژون."

" لە كاتێكدا ئەركی ھەردو هێزەكەو تەواوی هێزەكانی كوردستان پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی و برایەتی میلەتەكەمانە ، ئەركی ھەردو تیمی حكومەتیشیان خزمەتكردنی ھاوڵاتیان و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و ئەنجامدانی چاكسازیی و دژایەتی گەندەڵی و قاچاخچێتی دەروازە سنوریەكانە ،نەك تێوەگلان بە كێشە سیاسیەكان و خۆشكردنی ئاگری شەڕ و ئاڵۆزكردنی ڕەوشەكە  ."

"ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان جەخت دەكەینەوە كە دەبێت  بایی ئەوەندە ئاوڕ لە رابردو بدەینەوە كە ئەزمونی لێوەرگرین بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو ،هەڵەو خراپی وكەموكورتیەكان دوبارەنەكەینەوە تا ئاڵای كوردستان و خاك ونەوەكانی ئێستاو داهاتومان پارێزراو بن بە ھیچ جۆرێك لەگەڵ ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەدا نین لە چەند رۆژی رابردووەوە بەڕێوەدەبرێن."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن