مەلا هەڵۆ دەستگیرکرا

کوردستان

18/10/2020     ژمارەی بینراو 485

راچڵەکین-

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سکاڵایەکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی مەلا هەڵۆ حەمە رەشید دەستگیرکرا.

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە راچڵەکین-ی راگەیاند، لەسەر سکاڵایەکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی کە داواکاری گشتی جووڵاندوویەتی بە بریاری دادوەر مەلا هەڵۆ حەمە رەشید دەستگیرکراوە.

وتیشی:"کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی داوایان لە داواکاری گشتی کردووە کە سکاڵا بجوڵێنێت و لەسەر ئەوەی سوکایەتی و ناوزڕاندنی پێکردوون، بۆیە ئێستا بە بریاری دادوەر و بەپێی ماددەی 433 لە یاسای سزادانی عێراقی مەلا هەڵۆ دەستبەسەرە".

مانگی شوباتی ئەمساڵ، ڤیدیۆیەكی مەڵا هەڵۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە كە هێرش دەكاتە سەر پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی سلێمانی، ئەوەش كاردانەوەی جیاوازی لێكەوتەوە.

رۆژی 29-2-2020 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگەكان و مەشقكردنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە روونكردنەوەیەكی لەسەر قسەكانی مەڵا هەڵۆ بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە: "چەند ڕۆژێك لەمەوبەر كەسێك هێرشێكی ناڕەوای كردە سەر پەیمانگەكانی هونەرەجوانەكان، كە ناوەندێكی فەرمیی خوێندنە و سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پەیمانگەكانی وەزارەتی پەروەردەیە، بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بێڕێزییەك بەرامبەر پێگەی مامۆستایانی ئایینی كرابێت و بەبێ ئەوەی بەدواداچوون بكات لەگەڵ بابەتێكی دیكە تێكەڵی كردووە".

باس لەوەش كراوە: "ئەم هێرشە ناڕەوایە و وشە ناشرین و بێڕێزییانە بووەتە مایەی نیگەرانیی مامۆستایان و قوتابییانی پەیمانگەی هونەرەجوانەكان، هەروەها ئێمە و گشت هونەرمەندان، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ حاڵەتێكی بێڕێزیكردن لە هیچ یەكێك لە پەیمانگەكانی هونەرەجوانەكانی ئێمە ڕووی نەداوە، ڕێگا نادەین هیچ كات ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەو بابەتانە بەكار بهێنرێن، بەهەمان شێوەش ڕێگا نادەین بەهیچ كەسێك بێڕێزی و سووكایەتی بە ناوەندەكانی خوێندن و مامۆستایان و قوتابییان بكات، بۆ ئەم مەبەستەش بە مافی خۆمانی دەزانین لە ڕێگای دادگاوە رێكاری یاسایی پێویست بگرینە بەر".

دواتر ژمارەیەك لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی بە تۆمەتی " سوكایەتی و بێڕێزی بەهونەرمەندو ناوەندە هونەرییەكان"  سكاڵایان دژ بەمەلا هەڵۆ تۆماركرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن