ئەردۆغان سێ وڵاتی گەورەی جیهان بە هاوكاریكردنی ئەرمینیا تۆمەتبار دەكات

جیهان

18/10/2020     ژمارەی بینراو 578

ئەردۆغان لە ئەمریكاو فەرەنساو روسیا نیگەرانە

راچڵەكین – AA

سەرۆك كۆماری توركیا رەخنە لە وڵاتانی ئەمریكاو روسیاو فەرەنسا دەكات و بە هاوكاریكردنی ئەرمینیا لەڕووی پێدانی چەك و تەقەمەنی تۆمەتباریان دەكات.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی حزبەكەی (پارتی دادو گشەپێدان) كە لە پارێزگای شەرناخ لە باكووری كوردستان بەڕێوەچوو، رایگەیاند، وڵاتانی گروپی مینسك كە بریتین لە (ئەمریكا، روسیاو فەرەنسا)، ماوەی 30 ساڵە بەردەوامن لە هاوكاریكردنی ئەرمینیا بە پێدانی چەك و تەقەمەنیی پێشكەوتوو.

وتیشی:" ئەو سێ وڵاتە كە لەچوارچێوەی گروپی مینسك ئەركیان نێوەندگیریكردنە لەنێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان بۆ چارەسەركردنی كێشەی هەرێمی ناگۆرنۆ كاراباخ، لەبری بەجێگەیاندنی ئەركی بێلایەنانەن لە چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، كەچی ماوەی 30 ساڵە هەموو جۆرە چەك و تەقەمەنییەك بە ئەرمینیا دەدەن و لەبواری لۆجیستیدا هاوكاریی پێشكەشی سوپای ئەو وڵاتە دەكەن".

سەرۆك كۆماری توركیا كە بە ئاشكرا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ ئازەربایجان لە شەڕی دژ بە ئەرمینیا راگەیاندووە، دوپاتی كردەوە كە ئەنكەرە پاڵپشتی لە ئازەربایجان دەكات بۆ رزگاركردنەوەی خاكەكەی كە لەلایەن سوپای ئەرمینیاوە داگیركراوە.

پێشتریش ئەردۆغان وڵاتانی گروپی مینسك-ی بە هۆكاری ئاڵۆزتركردنی دۆخی ناوچەی كاراباخ تۆمەتبار كردبوو، راشیگەیاندبوو: ئەمریكاو روسیاو فەرەنسا 
لەبری چارەسەركردنی دۆخی ناوچەكە، بوونەتە هۆكاری ئاڵۆزی زیاترو هەوڵەكانیشیان بۆ چارەسەركردن بە بنبەست گەیاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن