نهخۆشی ئەنۆڕێکزیا نێرڤۆسا
ڕاچڵهكین-
نەخۆشییەکی دەروونیی خۆراکییە، توشبووان کێشیان لە ڕادەبەدەر نزمە و هەمیشە ترسی زیادبوونی کێشییان هەیە و وا هەست دەکەن قەڵەوترن لەوەی دەردەکەون، بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی کێشییان خواردنی ڕۆژانەیان زیاد لە پێویست کەم دەکەنەوە و وازدەهێنن لە چەندین ژەمی ڕۆژانە، ئەگەر هەستییانکرد کالۆری زیاتریان خواردووە، خۆیان دەڕشێننەوە یان حەپ و دەرمان بەکاردێنن بۆ میزپێکردن و پیساییکرن. وە بەردەوام وەرزش دەکەن هەرچەندە لاوازبن بەڵام هەر وا هەستدەکەن کە قەڵەون. توشبووان کێشەی سۆزداری و ڕەفتارییان هەیە و متمانەییان بەخۆیان نییە.
نیشانە فیزیکییەکان:
کێشی کەم لە ڕادەبەدەر، ماندووێتی، کەم خەوی، کەم خوێنی، سەرسوڕان و بوورانەوە، شینبوونی پەنجەکان، هەڵوەرین و لاوازبوونی قژ، نەمانی سوڕی مانگانە، قەبزی و ئازاری سک، پێستی وشک و زەرد، بەرگەنەگرتنی سەرما، لێدانی ناڕێکی دڵ، پەستانی نزمی خوێن، وشکبوونەوە، هەڵئاوسانی قاچ و قۆڵ، ددانی داخوراو.
نیشانە سۆزداری و ڕەفتارییەکان:
دوورکەوتنەوە لە ژەمەکان لە ڕێگەی بەڕۆژوبوون، وەرزشکردنی لە ڕادەبەدەر، نەمانی ئارەزووی سێکسی، ناتوانن لە شوێنە گشتییەکان نانبخۆن.
ئەنۆڕێکزیا زۆرجار دەبێتە هۆی مردن، بەهۆی ناڕێکی لێدانەکانی دڵ و کەمی کانزاکان لە لەشدا، وە دەبێتە هۆی نەخۆشی تری وەک کەم خوێنی و کەمبوون و داخورانی ئێسک و ماسولکە و کێشەکانی گورچیلە و مێشک.
توشبووان نایانەوێ دکتۆر ببینن و چارەسەربکرێن، بۆیە کەسانی نزیک پێویستە هانیانبدەن بۆ بینینی دکتۆر.
هۆکارەکەی بەتەواوەتی نەزانراوە، ڕەنگە هەندێک کەس لە جینەکانیان دابێ کە پێویستە هەمیشە پێرفێکت بن و جواندەرکەون، یان دەروونییان بەم شێوەیە دەخوازێ، وە کلتوری مۆدێرن سەرکەوتن و جوانی و ژیری بە جەستەی پێرفێکت و لاوازەوە دەبەستێتەوە کە هانی خەڵک دەدات بەردەوام دوای کاملکردنی لەشییان بکەون بەوشێەوەیەی کە لە میدیاوە پیشاندەدرێت.
قوتابخانەی نوێ، ماڵی نوێ، کاری نوێ، جیابوونەوە لە خۆشەویست یان هاوسەر، نەخۆشی و مردنی ئەزیزێک مەترسی توشبوون بە ئەنۆرێکزیا زیاتردەکەن.
چارەسەری بە هاوکاری دکتۆر و دەروونناس و ڕاهێنەری خۆراک دەبێت.
ئامادەکردن: ئیمان ز. ساڵح