مەترسی بەکارهێنانی کهول وەکو ئازار شکێن
ڕاچڵهكین-
بەکارهێنانی کهول وەکو ئازار شکێن هێندەی کۆنی دروستکردنی کهول (بە ترشاندن) کۆنە، کهول یەکێکە لە کۆنترین ئازار شکێنەکان و بگرە بەربڵاوترینیشیان بووە.
کحول توانای خاوکردنەوەی کاری ناوەندە کۆئەندامی دەماری هەیە، ئەم خاوکردنەوەیش وادەکات وەک ئازار شكێن ئیش بکات، بۆیە تا ئێستاش هەندێ خەڵك پەنادەبەنە بەر بەکارهێنانی کهول وەکو ئازارشکێنێ.
کێشەکان:
کهول و بەرگەگرتن:
کهول یەکێکە لەو ماددانەی کە وا لە بەکارهێنەرەکەی دەکات توشی بەرگەگرتن ببێ، واتە پێویستی بە بڕی زیاتر و زیاتر لە کهول دەبێت بۆ دەسکەوتنی هەمان ئەنجامی سەرەتا، کە لەگەڵ زیادبوونی بڕی کهولەکەیا مەترسی بەکارهێنانیشی زیاد دەکات.
تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە تووشی بەرگەگرتنیش نەبێت، ئەو بڕەی کە پێویستە بۆ ئازار نەهێشتن زۆر لە بڕی ڕێگەپێدراوی سەلامەت زیاترە.
کهول کێشەی تەندروستی دروست دەکات:
بەکارهێنانی بڕێکی زۆری کهول بۆ ماوەیەکی درێژ کێشەی تەندروستی ڕاستهقینه دروست دەکات، هەر لە جۆرەکانی شێرپەنجەوە بۆ جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی جگەر.
جگە لەم کێشانەش کهول بەکارهێنەرەکەی توشی ئاڵوودەبوون دەکات، کە ئەمەش لە خودی ئەو کێشە تەندروستییانەی کە دروستی دەکات مەترسیدارترە.
و: ئاودێر نجم