" لەهەفتەیەكدا دوو مووچە دەدرێت"

ئابوری

28/10/2020     ژمارەی بینراو 4257

راچڵەكین-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر پرۆژە یاسای وەرگرتنی قەرز لەلایەن ئەنجوومەنەكەوە پەسند بكرێت، حكومەتی عێراق لە یەك هەفتەدا دوو مووچە دابەشدەكات.
 
ئەحمەد سەفار، راگەیاند:" ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمان لەگەڵ بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق كۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی بزانێت پارەی بەردەست چەندە. بۆ ئەوەی دواتر بڕیار لەسەر پرۆژە یاسای قەرز بدەن."
 
وتیشی: "چەند سەرچاوەیەك لە حكومەتی عێراقەوە دڵنیایی ئەوەیان داوە كە پارە بۆ مووچە ئامادەیە و بەشدەكات، بەڵام لیژنەی دارایی دڵنیایی دەوێ، ئەگەر بزانێت پارەی بەردەست بەشی پێویست ناكات، پرۆژە یاسای قەرزكردن دەبەنە پەرلەمان، لە ئەگەری پەسندكرنیشی، لە یەك هەفتەدا مووچە مانگەكانی 10 و 11 دابەشدەكات".
 
رۆژی سێشەممە 2020/10/27 لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆكایەتی حەسەن كەعبی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كۆبووەوە و گفتوگۆیانكرد لەبارەی پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی ساڵی 2020. ئەو قەرزەی حكومەت داوای دەكات كە 41 تریلیۆن دینارە، بڕێكی زۆرە.
 
ئەحمەد سەفار، دەڵێت بەهیچ شێوەیەك لیژنەكەیان و پەرلەمان لەسەری رازی نابێت و دەبێت كەمبكرێتەوە.  كاری لە پێشینەی ئەو قەرزەش دەبێت بۆ مووچە، خانەنشینی و  تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی بێت، نەك بابەتی دیكە.
 
ئەحمەد سەفار، ئاماژەی بەوەشكرد، چەند پێشنیازێك هەیە بۆ كەمكردنەوەی ئەو 41 تریلیۆن دینارە، بەشێك داوای 20 تریلیۆن دینار، بەشێكی دیكە 15 و بەشێكی دیكەش داوای پێدانی 10 تریلیۆن دینار دەكەن، بەڵام رەنگە لە كۆتاییدا 15 تریلیۆن دینارەكە پەسندبكرێت، بۆ ئەو چەند مانگەی ماوە.

س/ رووداو

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن