خوێندنی باڵا یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکانی رەتکردەوە

کوردستان

02/11/2020     ژمارەی بینراو 434

راچڵەکین-

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت:" ناوەرۆکی ئەم یاسایە پێچەوانەی بەهاو بنەما زانستییە ڕەسەنەکانی یەکسانکردنی ئەو بڕوانامانەیە کە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن".

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە:" دوابەدوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی (یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان) کە لە ٢٨/١٠/٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عراق دەنگی لەسەر درا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەرۆکی ئەو یاسایە ڕەتدەکاتەوەو پشتیوانی لە هەڵوێستی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی ئەکادیمی عیراق و کوردستان دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ناوەرۆکی ئەم یاسایە پێچەوانەی بەهاو بنەما زانستییە ڕەسەنەکانی یەکسانکردنی ئەو بڕوانامانەیە کە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن".

خوێندنی باڵا رەخنەی لە یاساکە هەیە و دەڵێت:" لەم یاسایەدا کۆمەڵێک پێوەری زانستی گرنگ لە پرۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان فەرامۆش کراوە، کە زیانی گەورە بە ئاست و ناو و ناوبانگی پرۆسەی خوێندنی باڵاو بەهاو پیرۆزییەکانی بڕوانامەی زانستی دەگەیەنێت و پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، سەرباری ئەمانەش یاساکە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕاو و تێبینیەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان تێپەڕێنراوە".

وەزارەتەکە داوایەک ئاڕاستەی سەرۆککۆماری عێراق دەکات و دەڵێت:"بەناوی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرۆککۆماری عیراقی فیدراڵ دەکەین کە ئەم یاسایە بەم فۆرمەی ئێستا پەسەند نەکات".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن