"سلێمانی لیمۆی ترشی قسەی خۆشە.. لەدوورەوە ئاو ئەزێنێتە ناو دەمی هەرچی شاری كوردستانە"

ڕاپۆرت

14/11/2020     ژمارەی بینراو 1056

راچڵەكین-

 

ئەمڕۆ 236 ساڵ بەسەر دروستكردنی شاری سلێمانیدا تێدەپەرێت، شارێك كە جگە لەوەی لانكەی ڕۆشنبیر و تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی كوردستاندا.

سلێمانی

شاری سلێمانی لە ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابان- ەوە ئاوەدانكراوەتەوە. ئیبراھیم پاشا بابان شارەكەی بە ناوی باوكییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بوو، لەھەمان كاتدا مەڵبەندێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەكەیە. 

پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ وە لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەكەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر كۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحموود بووە. 

بەردەركی سەرا

میرەكانی بابان لەگەڵ دروستكردنی شاری سلێمانی جێگەیەكیان تەرخان كردووە بۆ بارەگای بەڕێوەبردنی دەسەلاتەكەیان ناسراوە بە سەرا. پێدەچێت بیركردنەوە لە دروستكردنی ئەم سەرایە لە ئەنجامی ئەوەوە ھاتبێت دوای دامەزراندنی حكومەتی دەوڵەتی مەلیكنشینی بۆ پێگەی ئیدارەی فەرمانگەكانی لیوای سلێمانی ئەو كاتە ئامادەكرابێت. ئەم سەرایە لە ساڵی ١٩٢٦–١٩٢٨ لەناو سەنتەری شاری سلێمانی دروستكراوە كە پێكھاتووە لە دوو نھۆم و ٤٣ ژوور، چەندین جار كاری چاكسازیی تیادا كراوە بۆ سوودوەرگرتن لە نیشتەجێبوون و بەڕێوبەرایەتیی فەرمانگەكانی شار. پاشان تەرخان كراوە بۆ پێگەی ئیداریی پۆلیس و قایمقامیەت ئێستا لەلایەن پارێزگای سلێمانی و بەڕێوبەرایەتیی شوێنەواری سلێمانی بۆ گەڕانەوەی شێوازە ڕەسەنەكەی نۆژەن كراوەتەوە بۆ مۆزەخانەیەكی مێژوویی و سیاسی و نەتەوەیی شاری سلێمانی و شانازییەكانی ڕابردووی ئەم شارەی تێدا دەپارێزێت.

جوگرافیا

شاری سلێمانی دەكەوێتە نێوان ھێڵی پانی (٣٤ – ٣٦) پلە لەسەر ھێڵی كەمەر و ھێڵی درێژی (٤٥ – ٤٦) پلە لە ڕۆژھەڵاتی ھێڵی گرینویجی گۆی زەوییەوە، واتە دەكەوێتە باشووری ڕۆژئاوای كیشوەری ئاسیا و ڕۆژھەڵاتی كوردستانی باشوورەوە.[٧] سلێمانی لە باكووری ڕۆژھەڵاتەوە بە زنجیرە شاخی ئەزمڕ (١٧٠٠م)، گۆیژە (١٥٢٥م) و قەیوان دەورە دراوە، لە باشووریشەوە بە چیای بەرانان (١٣٧٣م) و لە ڕۆژھەڵاتیشەوە دەشتی شارەزوور دەستپێدەكات كە درێژییەكەی ٤٥كم و پانییەكەی ١٥كم. لە ڕۆژئاواشەوە شاخی تاسڵوجە گەمارۆی داوە. شاری سلێمانی ٨٥٣م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و ئاوو ھەواكەی بە دەریای ناوەڕاستەوە كاریگەرە و لە زستاندا سارد و باراناوییە و ھاوینیشی وشك و گەرم و بێبارانە، جیاوازییەكی زۆریش لە نێوان پلەكانی گەرمای شەو ڕۆژ و وەرزەكانی ساڵیدا بەدی دەكرێت.

بازاڕ و قەیسەرییەكانی شار

 

ھەندێ كار و پیشە وەك ئاسنگەری، جۆڵایی، موتابچییەتی، چەرخی موو ڕستن، خەڕەك، كارگەچێتی، وەتراقچی، چەخماخسازی، شیرگەری، مسگەری، خومچێتی، زین و كۆپان ھەیە كە ھەر لە زووەوە لە شاری سلێمانیدا كراوە و گرنگییان پێ دراوە.

لە دروستبوونی سلێمانییەوە بەردەركی سەرا و دەوروبەری ناوەندی شاری سلێمانی بووە، بۆیە دوكان و بازاڕ زیاتر ئەو ناوەی گرتۆتەوە مێجەرسۆن لە گەشتەكەیدا بۆ ناوچەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٠٨ باسی خانی عەجەم و خانی غەفوور ئاغا و قەیسەری وەسمان پاشا و قەیسەری نەقیب ئەكات، واتە لە پێش ھاتنی مێجەرسۆنەوە ئەم خان و قەیسەرییانە لە سلێمانی ھەبوون، ئێستا تەنیا قەیسەری نەقیب وەك خۆی ماوە بەڵام خان و قەیسەرییەكانی تر نەماون و شوێنەكانیان ئێستا دوكان و بازاڕە.

چایخانەی شەعب

 ھەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی كۆبونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و ھونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی كردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای دروستبوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوكم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەك كردووە و ناوی ناوە چایخانەی شەعب سەبارەت بەوەی كە بۆ چایخانەكە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی: لە ساڵانی زوودا بیناكە ئوتێلێك بووە ناوی شەعب بووە ھەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەكە نرا.

زانكۆی سلێمانی

 بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزرا، كامپبی سەرەكی زانكۆ ئەكەوێتە شاری سلێمانی یەوە لە ھەرێمی كوردستان. لە سەرەتادا تەنھا سێ كۆلێژ ھەبوون، بەڵام ساڵانی دوواتر ژمارەی كۆلێژەكان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كرد لە ئەنجامی داواكاریییەكی زۆر بۆ خوێندنی باڵا لە ھەرێمی كوردستان.

لە ساڵی ١٩٨١ ڕژێمی بەعسی رووخاو ئەم دامەزراوە ئەكادیمییەی ڕاگواست بۆ شاری ھەولێر وە ناوەكەشی گۆڕدرا بۆ «زانكۆی سەڵاحەدین». لە ساڵی ١٩٩٢ جارێكی تر زانكۆی سلێمانی دامەزرێندرایەوە لەئەنجامی ھەوڵ و كۆششی زۆری ڕۆشنبیران و زانستخوازانی كورد و خەڵكی دڵسۆزی شاری سلێمانی و زانكۆ جارێكی تر كرایەوە لە ڕێكەوتی ١٤ی تشرینی یەكەمی ١٩٩٢.

كەسایەتییە دیارەكانی شاری سلێمانی

شاری سلێمانی لە ڕێڕەوی دامەزراندن و پەرەسەندن و پێدا چەسپاندنی خۆیدا لە كۆڕی شارستانێتی و پێشڕەویدا كۆمەڵێكی زۆر لە نووسەر و شاعیری باشی بۆ مێژوو ھێشتۆتەوە. بۆ سەردەمی بابان و دامەزراندنی شار و ماوەیەكیش لە ساڵانی دەوڵەتی عوسمانی ھەموو مەلا و زاناكان شاعیر و نووسەر بوون یان ھەموو شاعیر و نووسەرەكان مەلا و زانا بوون. بۆ پاش ئەو سەردەمەش مزگەوت لە بەخشینی شاعیر و نووسەر نەكەوت و قوتابخانەی تازەش گەلێك بلیمەتی بەخشی و مەڵبەندێكی وەكو زانستی وایكرد كە زۆر لە نەخوێندەواران بچنە ڕیزی شاعیران:

نالی (١٨٠٠–١٨٧٣), ھۆنراوەنووس.
ساڵح ئاغای پۆشاك (٢٠٠٠-ماوە)٫ ڕوناكبیر.
سالم (١٨٠٠–١٨٦٦), ھۆنراوەنووس.
مەحوی (١٨٣٠–١٩٠٦), ھۆنراوەنووس.
یەحیا ئەفەندی وێنەگر (١٨٨٩–١٩٧٦) یەكەمین وێنەگری سلێمانی.
مستەفا زیھنی پاشا (١٨٣٨–١٩١١) ئەفسەری گەورەی دەوڵەتی عوسمانی.
حاجی مەلا سەعید كەركووكلی زادە (١٨٦٦–١٩٣٧), وەزیری یاسا لە لە شانشینی كوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی.
مستەفا یامولكی (٢٥ی كانوونی دووەمی ١٨٦٦–٢٥ی ئایاری ١٩٣٦)، وەزیری پەروەردە لە شانشینی كوردستان لە دەوڵەتی عوسمانی.
پیرەمێرد (١٨٦٧–١٩٥٠), ھۆنراوەنووس و ڕۆژنامەوان.
شێخ مەحموودی حەفید (١٨٧٨ – ٩ی ئابی ١٩٥٦), مەلیكی كوردستان (١٩٢٢–١٩٢٤)
محەممەد ئەمین زەكی بەگ (١٨٨٠–١٩٤٨), مێژوونووس، سیاسەتمەدار.
تۆفیق وەھبی (١٨٩١–١٩٨٤)، زمانناس، و سیاسەتمەدار و ھۆنراوەنووس.
شێخ نوری شێخ ساڵح (١٨٩٦–١٩٥٨) ڕۆژنامەوان و ھۆنراوەنووس.
گۆران (١٩٠٤–١٩٦٢), دامەزرێنەری ھۆنراوەی نوێ، ھۆنراوەنووس.
ئیبراھیم ئەحمەد (١٩١٤–٢٠٠٠), ڕۆماننووس، ھۆنراوەنووس و وەرگێڕ.
محەممەد قودسی (١٩١٩–١٩٤٧) ئەفسەر لە سوپای كۆماری كوردستان.
ئەحمەد ھەردی (١٩٢٢—٢٠٠٦), ھۆنراوەنووس.
حەپسەخانی نەقیب (١٨٩١–١٩٥٣) سیاسەتمەدار و خێرخواز.
محەممەد ساڵح دیلان (١٩٢٧–١٩٩٠), مۆسیقاژەنێكی دیار و ھۆنراوەنووس.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن