دیوێكی تری ڕۆژهەڵات، دیوێكی تری كورد_لە باكوور.

کەلتوور

17/11/2020     ژمارەی بینراو 295

نەبەز گۆران

لەناو كرمانجدا پەندێكی دێرین هەیە دەڵێت: "بۆ ئەوەی تورك بناسیت، دەبێت ببیت بە كورد".
گوتاری باڵای دەوڵەت و دەسەڵات، مرۆڤی تورك و كۆمەڵگەی توركی گۆڕیوە بۆ كارەكتەرێك لەناو فەزا ئایدۆلۆژییەكەدا هەموو ئەویترێكی دەرەوەی خۆی بە مەترسی بزانێت. ترس لە ئەویتر ئەم مرۆڤەی كردوە بۆ مەخلوقێك تەنها لەو كاتانەدا هەست بە بوونی خۆی دەكات، بتوانێت ئەویتری "كورد" ئەشكەنجە بدات، بیسڕێتەوە، كۆتایی پێبهێنیت.
واتە: هەموو توركێك پاسەوانێكی بەردەم دەوڵەت و دەسەڵاتە، دەوڵەت و دەسەڵاتی مۆدێرنیش بریتین لەو هێزە توندوتیژەی تەنها لە ڕێگای توندوتیژییەوە دەتوانن مانا بە مانەوە و بوونی خۆیان بدەن و كەوتنی دەسەڵاتەكە كەوتنی مرۆڤەكە و كۆمەڵگەكەشە، پێچەوانی مرۆڤی كوردەوە مانەوە و بەردەوامبوونی خۆی لەناو زمانەكەی و كلتوورەكەیدایە.
وەك تێبینییەك: «دوای كەوتنی مادەكان، مرۆڤی كورد_پیاو_ نەیتوانیوە ئەو دەسەڵات و دەوڵەتە بەدەست بهێنێتەوە كە پەیوەندی بەو هێزەوە هەیە پیاو خۆی تێدا دەبینێتەوە، ئەمە بۆخۆی یەكێكە لە گەورەترین گرێكانی پیاوی كورد كە پێیەوە دەتلێتەوە و بۆ لەبیركردنی كەوتنەكەی، هەمیشە خۆی دەخزێنێتە ناو هێزی بچوكتری وەك_خێڵ، تەریقەت، حیزب، نەریت و..هتد تاكو جارێكی دیكە ئەو كەوتنەی خۆی بشارێتەوە و لەڕێگای هێزە بچوكەكانەوە بۆ ماوەیەك گرێكەی لەبیربكات و كەمێك هێز بگەڕێنیتەوە بۆخۆی لەو شوێنانەدا بەدەستی دەهێنێت، بە پێچەوانەكەیەوە ژنی كورد_دایك_ هەڵگری زیندوو هێشتنەوەی كلتوور و زمانە، كە شوناسی كوردبوونەكەش بەستراوە بەو دوو كۆڵەكەوە. بۆ ئەوەی ئەم جیاكارییەش بناسین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تێگەیشتن لە خێزان/ ئەمە باسێكی ترە دەكرێت لە شوێنی دیكە سەرنجی لێبدرێت».
ڕۆمانەكە كارەكتەرێكی تێدایە"سەرسامكەرە" بەرپرسی هۆبەیەكی _میتی توركی_یە. ئەم كارەكتەرە هەڵگری دوو كەسایەتییە، خۆی پاشماوەی كۆمەڵكوژی_دێرسیم_ە. كوردێك لەناخیایەتی كە ناتوانێت ئاشكرای بكات، ئەو دیوە دیارەی پیشانماندەدات دیوێكی توندوتیژی ناو ماشێنی دەسەڵاتە، دیوێكی توركییە و بۆ ئەوەی شوناسی تورك بوون پیشانبدات پێوستە هەمیشە زەبروزەنگەكەی پیشان بدات بۆ ئەشكەنجەدانی ئەویتر تا بیسەلمێنێت توركە، ئەمما كوردێك لەپشت توركەكەوە لە شوێنە تاریك و شاراوەكەیی كەسایەتیدایە، كوردێك كە ناتوانێت شوناسی خۆی دەرخات و ئاشكرای بكات، بۆ سزادانی خۆی گوێ لە گۆرانی دەگرێت، گوێگرت لە گۆرانی جۆرێكە لە سزادانی _خود_ یان جۆرێكی لە بە ئاگاهاتنی ئەو دیوە شاراوەی ناخی خۆت، یان گەڕانەوەیە بۆ شوناسە راستەقینەكەت. ئەم كارەكتەرە هەڵگری هەردوو شوناسەكەیە، بۆ ئەوەی بە ڕوونی تورك بوون و كورد بوون بناسین، دەتوانین لە رێگەی ئەم كارەكتەرەوە ئەو دوو مرۆڤە بەباشی دەرك بكەین.
هەرچۆنێك بێت نامەوێت زۆر بڵێم، ئەم چەند ڕستەیە بۆ ئەوە بوو بانگی هاوڕێكانم بكەم بڵێم: بیخوێننەوە، تا ئەو دیوەی كورد ببینن لەسەردەمی مۆدێرنەدا فاشیزمی توركی هەوڵی سڕینەوەی دا و نەیتوانی بیسڕێتەوە و، ئەمڕۆ لە بەرگریدایە و سەرلەنوێ‌ كوردبوونی خۆی بەیاندەكات

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن