راچڵەكین-
ساڵی 2015، ئەوكاتەی فرسەت سۆفی- پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر، ئەندامی راوێژكاری بوو لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لەلایەن مەسعود بارزانی –سەرۆكی پێشووی هەرێم داوای لێكراوە ئەوەی لەتوانایدا بێت ئەنجامی بدات بۆ " ریسواكردنی گەندەڵكاران."
نامەكە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2015، تیایدا مەسعود بارزانی سەرباری دەستخۆشی لە فرسەت سۆفی، لەهەمان كاتدا ئاماژەی بەوەكردووە:" دەستخۆشی لە جەنابت دەكەم و داوات لێدەكەم ھەرچی لە تواناتاندایە بیكەن بۆ ریسواكردنی گەندەڵەكان و پەلكێشكردنیان بۆ دادگا و سزادانیان."
بارزانی لەكۆتایی نامەكەیدا بۆ فرسەت سۆفی نوسیوویەتی:" بە ھەموو توانام پشتگیریتان لێدەكەم و ھەر كەسێك كۆسپی بۆ دروستكردن ئاگادارم بكەن".
د. فرسەت سۆفی، 41ـەمین پارێزگاری هەولێر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 18-11-2020) دوای 30 رۆژ لە تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا، لەتەمەنی 42 ساڵیدا لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی توركیا گیانی لەدەستدا.
سبەی پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2020 بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیر و پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییەكان، مەراسیمی هێنانەوەی تەرمی د. فرسەت سۆفی لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەڕێوەدەچێت و لە شاری هەولێر بە خاك دەسپێردرێت.