لە لاپەڕە ١٥٨ کتێبەکەی عارف قوربانی-دا، کتێبەکەم فڕێدا

کەلتوور

پێش 1 هەفتە     ژمارەی بینراو 792

ئەسعەد جەباری


ڕاچڵه‌كین-

ڕۆژی هەینی ڕابردوو دەستم کرد بەخوێندنەوەی تازەترین کتێبی نووسەرو هاوڕێ و برام کاک عارف قوربانی بەناوی (نێرگز)، ئەم کتێبە سەرگووزشتەی ژنێکی قارەمانی کوردە کە لەڕۆژی لەدایک بوونی خۆیەوە باس دەکات تا ئەو دەمەی کە دیداری لەگەڵ سازدراوە لەلایەن نووسەرەوە.

ئەوەی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە زیاتر هەست بەئازاری ژنی کورد دەکات کە چۆن پاڵەوان ئاسا ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی ژیانی سەختی کوردەواری دەبێتەوەو کۆڵنادات، ئەم ژنە (نێرگز)، وەکو خۆی دەڵێ زیاتر بەناوی (هەرمێ) بانگیان کردووە، بەڵام لەتەسکەردەدا ناوی (نێرگز)ە.

(نێرگز) خەڵکی گووندی (سۆران) سەر بەناحیەی (تەکێی جەباری)ە، لەبنەماڵەیەکی ناسراو تێکۆشەر لەدایک بووە، زۆر لەتەمەنی منداڵی دەدرێت بەشوو لەڕێی ژن بەژنەوە، ئەو دەڵێ هەرگیز لەژیانمدا سواری سەیارە نەببووم لەپێشەوە تا ئەو ساتەی گواستمیانەوە بەبووکی بۆ گووندی (مامشە)، لەنزیک ناحیەی (لەیلان)، کاتێ شوو دەکات ئەم گەورەتر دەبێت لەمێردەکەی، بەڵام ڕازیە بەبەشی خۆی و قەدەری، (نێرگز) باس لەژیانی لادێ دەکات، چ لەگووندەکەی خۆیان و چ ئەو گووندەی دواتر ژیانی ماڵومناڵی تیابەسەربردووە تا ئەو ڕۆژەی لەشاڵاوی بەدناوی ئەنفال بەجێی دەهێڵن.

بەسەرهاتی ژیانی (نێرگز) سات بەسات دەتباتە نێو ڕووداوگەلێک کە نەک تراژیدیاو مەرگ بەڵکو هەر بەڕاستی دۆزەخی قیامەت لێرەوە دەستپێدەکات، سەردەمی مناڵی (نێرگز)، لەگەڵ گەورەبوونی و هەتا ئێستاش بازنەیەکی داخراوی مەرگهێنرە بەمانای ووشە، بەڵام (نێرگز)، لەهەموو ڕووداوەکاندا پشتی بەخۆی قایم بووە، ئەگەر ووتیان کێو یان شاخ، یاخوود چیا ئەوا بێشک دەبێت شاخ و کێو و چیا بێن لە(نێرگز)ەوە وانەی خۆڕاگری وەرگرن، باشە مرۆڤێک لەناو ئاگرو ئاسن و چوار دیوارو زنجیرو چەقۆی دووژمن و لوولەی تفەنگ و تەپووتۆزی دووکەڵاوی گووندو زڕەی زنجیری دەبابەو هاژو هووژی تەیارەی سیخۆ و شەوە زستانیەکانی پێشمەرگەو دەستوپەنجەی قلیشاوی کاری گووندو مامانی نێو سەربازگەی بەزۆرەملێی سوپای بەعس و ڕاکردن و خۆشاردنەوەی ترسی هاتنی حەرەس قەومی و حەرس جمهوری و جەیشی شەعبی و جاش و سوپای دڕندەو جەرگ سووتانی ناو ڕۆژە ڕەشەکانی ویشوومەی ئاگرو ئەهریمەنکانی شەڕ ئەمانەو هەزاران هەزار دیمەنی جەرگبڕ کە هیچ کاست و هونه‌رمەندێکی جیهانی و دەزگاو ناوەندی سینەمایی ناتوانن نزیک ببنەوە لەوها ڕۆڵێ کە قسەکردن لەسەری وەکو ئەفسانە وایە.

 ئاخر (نێرگز)ێک مێردی ئەنفال و کەسوکاری ئەنفال بووبێت، لەنێو قاعەیەکی سەربازیدا لەتۆپزاواو دووبز چیرۆکی وا دەگێڕێتەوە نەک شاخ و داخ ئاسنیش بیت دەتوێیتەوە، ئەو مامانی هەموو ژنە دووگیانەکانی ناو سەربازگەی داسەپێنراوی ئەنفالی شەڕ بوو لەنێو ئازارو ئەشکەنجەی دڕندانەی بەعسدا وەک فریشتە گەیشتووەتە ژنە هاوڕێکانی، خۆی واتەنی بەبەبردی تیژ لەبری کەرەسەی پزیشکی ناوکی زیاتر لەچەند سەد  منداڵێکی بڕیوە، مناڵ هەبووە لەیەکەم ساتەوەختیدا مردووە، هەبووە دوای چەند ڕۆژو هەش بووە ماوە بۆ ئازارەکانی ژیانی دوای ئەو هەموو ئازارە، دەڵێ منداڵەکان دەمردن لەبرساندا، ئێمە ناچاربووین بەخۆکووشتن و قژڕنین و هاوارو پاڕانەوە و فیزاح کە دەنگمان دەگیشتە حەوت تەبەقەی ئەرزو ئاسمان، منداڵ دەمردن و حەرەس دەهاتن و ئەیانبردن، نەماندزانی چی لێدەکەن، وەرە منداڵ بەو شێوەیە بەخێوبکەو لەم سجنەدا بمرێ بێ کەسوکار، حەرەس دەیبردە دەرەوەو دواتر دەمانبیست دەرخواردی سەگیان دەدان.

 وەرە ئەی دایک بمێنی، بەچاوی خۆت منداڵی شیرەخۆرەت بدرێ بەسەگ، ئاخر ئەم قسەیە بۆ نووسین ئەشێ ئاسان بێت، بەڵام دیمەنەکە نەک جەرگبڕ بەڵکو هەر مردنێکی لەسەرخۆیە بەهێواشی بۆ دایک، ژن و مناڵ پیاوێک نەبێت لەگەڵیان، پیاوەکانیان هەر لەیەکەم ساتەوە جیاکردووەتەوە لێیان و ئەمان ڕۆژانە بەیەک سەموون ژیانیان بردووەتە سەر لەو شەش مانگە جاروباریش شۆربایەکی سارد، هاوین و گەرما ئۆقرەی لێبڕیوون، مناڵ نەخۆش و لەتاو ئازاری برسێتی ووشک دەبنەوە، کاتێ منداڵێک دەڵێ دایە حەزم لەخەیارە، دایکی لەحەیبەتا نازانێ چیبکات، مناڵ ژیردەکاتەوە بەگازگرتن لەنەعلی پێکانیان و منداڵ هەر بەئاهی خەیارخواردنەوە سەردەنێتەوەو دەمرێت، دایکیش سوێند دەخوات هەتا ماوەلەژیانیدا ناوی خەیار نەهێنێ و نەیخوات، ڕووداوەکان نەک جەرگبڕن، دڵ دەکەن بەدوو پارچەوە، (نێرگز) خۆی لەسەروبەندی گرتنیان دووگیان دەبێت، هەر لەو سەربازگەیەدا کچێکی دەبێت ناوی دەنێ (فێنک) بەڵکو ئەمە خوایە فێنکاییەک بێتە دڵیانەوەو ڕزگاریان بێت لەو مەرگەژیانەدا، ژیانی ناو ئەو سەربازگەیە بۆ (نێرگز) چیرۆکێکە وەکو خۆی دەڵێ هەتا ئێستاشی پێوەبێت لەگەڵیدا دەژی.

کاتێکیش ئازاد دەکرێن لەدوای زیاتر لەشەش مانگ مانەوە لەناو هۆڵی سەربازگەیەکدا، دێنەوە بۆ چەمچەماڵ و شۆڕش لەوێ هەواری تازە هەڵدەدەن، پیاو ئەنفال، کەسوکار ئەنفال، ژیان یەکپارچە ڕەش پۆش، بەناچاری لەم مەمەلەکەتە خەماویەدا درێژە بەژیان دەدەن لەگەڵ منداڵەکانی، بەئەوپەڕی سەغڵەت بوون و دژواری ژیان بەڕێدەخەن، باوکی مێردەکەی دەمرێت، خەسوو هەروەها باوکی خۆی و دایکی یەک بەدوای یەکدا ئۆغر دەکەن، ئەوەی لەهەمووی ئازاربەخشتره کچی گەورەی (نێرگز)، ناوی (پەخشان)ە، بۆ خەمی دایکی و براو خووشکی هەمیشە لەخەمی پەیداکرنی بژێوی ژیان بوو، بەهاری ساڵی ١٩٩٢ بۆ (نێرگز) بەهارێکی سەخت بوو، ڕۆژێک (پەخشان) دەچێت بۆ کنگرکردن تا بەپارەکەی جلی نەورۆزی ئەو ساڵە بکات، ئیتر قەدەر وایە لەدوای کنگرکردنەکە بەتراکتۆر دەگەڕێنەوەو تراکتۆر وردەگڕێ و (پەخشان)ی کچە گەورەی (نێرگز) دمودەست گیان لەدەست دەدات و دەمرێ، ئەوەی منی تەواو شێت کرد لەخوێندنەوەی ئەم کتێبەی کاک عارف، لەلاپەڕە ١٥٨ بوو، کاتێ نێرگز دەڵێ : دایکی کوێربێ بەخوا بەپارەکەی خۆی کفنەکەمان بۆ کڕی... ئیتر من نەمتوانی لەتاو گریان و خەمی ئەو کۆستە خۆم بگرم، هەتا دەستم گرتی کتێبەکەم فڕێداو زیاتر لەیەک سەعات من گریاوم و هەزار هەزار نەفرەتم لەم ژیانە کرد کە بۆچی دەبێ (نێرگز)و هەموو ژنە پاڵەوانەکانی خزمەکانم وا بژین، ئاخر بۆچی دەبێت وابژین.

چەند لاپەڕەیەکی کەمی مابوو کتێبەکە، ئەگەر ناچاری نەبا تەوام نەدەکرد، ئەوەی ئازاریدام، ژیانی (نێرگز) بۆ یەک چرکە خۆش نەبووە تەنانەت دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١یش، ئەو هەر لەنێو ئەشکەنجەکانی ژیاندا ڕۆژ دژمێرێ و دەڵێ تازە من دەبێ بەتەمای چی بم، دەڵێ ئەوەی ئازاری دام زیاتر شەڕی ناوخۆ بوو کە نەدەبوو ببا، سەختی ژیان خێزانە ئەنفالکراوەکانی هاڕی و حزبەکانی کوردستانیش نەیانتوانی ئیدارەیەکی باش بن، (نێرگز) دەڵێ هەق نیە ئەوانەی لەهۆڵی زیندانی ئەنفالی دووبز بووبێتن دۆزەخ ببینین لەو دوونیا چونکە ئێمە دۆزەخمان دی لەم دنیا.

کتێبەکە ١٨٨ لاپەڕەیە، نووسەر دەڵێ سەرەتا وەکو پرسیارو ووڵام ئامادەم کردبوو ئیدی دواتر گۆڕیم بۆ سەرگووزشتەو هەر لەدەمی (نێرگز)خانەوە ڕووداوەکان دەگێڕدرێتەوە بەشێوەی قسەکرن، نووسەر لەپێشەکی کتێبەکەیدا، باس لەئامادەکردنی ئەم بەرهەمەی دەکات کە چۆن بەزەحمەت ئامادەی کردووە لەئاوارەیی و غوربەتی ووڵاتی غەریبیدا، ئەوەی نووسەر دەیگێڕێتەوە لەو پێشەکیەدا ئەویش بەشێکە لەتراژیدیای ئاوارەبوونی خەمخۆرەکانی نیشتمان کە نازانن قەدەریان بۆ کوێ دەچێ و لە چ وێستگەیەکدا لەنگەر دەگرن منەوەرانی کورد.

وێڕای دەستخۆشیم بۆ کاک عارف قوربانی بۆ ئەم کتێبەی کە زۆر ئازاریدام، دەستی نێرگزخان ماچ دەکەم، بۆ خۆی و خۆڕاگربوونی، ئەو ژنێکە بۆنی بەهەشتی لێدێ و بۆ هەتا هەتایە لەلای ئێمەو مانان زیندووە.

ئەسعەد جەباری
١٧-١١-٢٠٢٠

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن