ساڵێك بەسەر سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19) تێدەپەڕێت

ڕاپۆرت

7 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 105

راچڵەكین-

ساڵێك بەسەر سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19)دا تێدەپەڕێت كە لە شاری وهان سەربە ویلایەتی هۆبی رۆژهەڵاتی چین بە گومانی ''نەخۆشی شاراوەی هەناسەدان'' دەركەوت كە بەخێرایی بە سەرانسەری جیهاندا تەشەنەی سەند و بووە هۆی پەكخستنی ئابووریی و راگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ و تا ئەمڕۆ گیانلەدەستدانی زیاتر لە یەك ملیۆن و ٣٤٣ هەزار كەسی لێكەوتووەتەوە.

دوای ئەوەی رۆژنامەی ساوس چاینە مۆرنین پۆست لە هۆنگ كۆنگ بڵاویكردەوە كە یەكەم وادەی سەرهەڵدانی پەتاكە كە سەرچاوەكەی چینە، ١٧ی تشرینی دووەمە، بەوەش ساڵێك بەسەر سەرهەڵدانی ئەو پەتایەدا تێپەڕیوە.

لەو ماوەیەدا مرۆڤایەتی چەندین رێكاری گرتەبەر وەك پەیڕەوكردنی دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتیی، خوێندنی ئۆنڵاین، راگەیاندنی قەدەغەكردنی هاتوچۆ، داخستنی بە كۆمەڵی كارگە و شوێنكارەكان بۆ ماوەیەكی زۆر و قەدەغەكردنی چالاكییە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها پەتاكە بەشێوەیەك كاریگەری كردووەتە سەر ژیانی ملیۆنەها كەس لە سەرانسەری جیهاندا كە شێوازێكی جیاوازی ژیانی هێناوەتە ئاراوە.

لەگەڵ ئەوەی پەتاكە هەڕەشە لە تەندروستی مرۆڤ دەكات، سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمی لە وەرزی زستاندا، دەستەواژەكانی دەمامك، دوورەپەرێزی كۆمەڵایەتیی و پاك و خاوێنی كردووەتە بەشێكی دانەبڕاوی ژیانی رۆژانە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە نزیكەی ٢٠٠ وڵات و هەرێمدا، بووەتە هۆی ئەوەی ببێتە پەتایەكی جیهانیی و لەو رۆژەوەی سەریهەڵداوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٥ ملیۆن و ٩٤٣ كەس تووشی بوون و زیاتر لە یەك ملیۆن و ٣٤٣ كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

پەتاكە بۆ یەكەمجار لە ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩دا لە شاری وهان سەربە ویلایەتی هۆبی رۆژهەڵاتی چین لە رێگەی نەخۆشی شاراوەی سیستمی هەناسەدانەوە كە سەرچاوەكەی دیار نەبوو سەریهەڵدا و جیهانیش لە رێگەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیەوە بیستی.

راگەیاندنی ڤایرۆسەكە لەلایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانییەوە هاوكات بوو لەگەڵ (جەژنی بەهار) لە چین كە گەشتكردن تیایدا دەگاتە لووتكە بەتایبەتی لە ناوخۆی وڵاتدا. ساڵانە لەو جەژنەدا، نزیكەی سێ ملیار گەشت لە رێگەی وشكانیی، دەریا و ئاسمانەوە ئەنجام دەدرێت.

دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكە لە ١٧ی تشرینی دووەمدا، رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی بە ''پەتای جیهانی'' ناساند و لەو ماوەیەشدا تا ١١ی ئادار، واتا لە ماوەی نزیكەی سێ مانگدا، پەتاكە بە ژمارەیەكی زۆر وڵاتدا بڵاوبوویەوە.

- حكومەتی خۆجێیی وهان ئاگاداری پەتاكە بوو

لە كاتێكدا لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمدا سەرۆكی شارەوانی وهان، جۆو شینڤانگ رایگەیاندبوو ''وەك سەرۆكی حكوومەتی خۆجێیی زانیاری (پەتاكەم) وەرگرت، بەڵام دەسەڵاتی راگەیاندنیم نەبوو''، بەڵام پێش ئەو لێدوانە پێنج ملیۆن كەس لە دانیشتوانی شارەكە بەهۆی پشوو و كاری دیكەوە شارەكەیان جێهێشتبوو.

سێ رۆژنامەنووس كە بەدواداچوونیان بۆ پەتاكە دەكرد، سەرەتا دیار نەمان پاشان دەركەوت كە لەلایەن پۆلیسی چینەوە دەستگیركراون.

كردنەوەی دۆسیەی لێكۆڵینەوە بەتۆمەتی بڵاوكردنەوەی دەنگۆ لەلایەن حكوومەتی چین دژبە د. لی ڤینلیانگ-ی چینی كە لە ساتەكانی سەرەتای ڤایرۆسەكەدا لە گرووپێكدا بە نامە هاوڕێیانی لێئاگادار كردەوە و دواتر بە پەتاكە گیانی لەدەستدا، كاردانەوەی لێكەوتەوە.

دوای گیانلەدەستدانی د. لی گەلی چین ئەویان بە قارەمانی نیشتمانیی ناساند و پۆلیسی وهان-یش داوای لێبوردنی لە خانەوادەی پۆلیسەكە كرد.

سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی بە ''ڤایرۆسی چین'' ناوزەند كرد، بەوەیش بوارێكی دیكەی گرژیی لەنێوان چین و ئەمریكا دروست بوو، حكوومەتی چین-یش داوای لە حكوومەتی ئەمریكا كرد پەتاكە بە سیاسیی نەكات.

- ٤٨ ڤاكسین لەسەر مرۆڤ تاقی دەكرێتەوە

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بە وڵاتانی جیهاندا ئەم ڤایرۆسە بووە رۆژەڤی گەرمی جیهان و هەموو وڵاتان هەوڵەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی پەتاكە و رێگریكردن لە تەشەنەكردنی خستەگەڕ، زۆرێك لە وڵاتانی جیهانیش دەستیان بە لێكۆڵینەوە و گەڕان بەدوای ڤاكسیندا كرد. 

بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە ١٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە لە سەرتاسەری جیهاندا، ٤٨ ڤاكسینی دژبە كۆرۆنا لەسەر مرۆڤ تاقیكراونەتەوە و ١٦٤ ڤاكسینی دیكەش هێشتا لە قۆناغی تاقیگەدان.

لەو ٤٨ ڤاكسینەی لەسەر مرۆڤ تاقیكراونەتەوە، ٢١یان لە قۆناغی یەكەم، ١٦یان لە قۆناغی دووەم و ١١یان لە قۆناغی سێیەمدا بوون، ئەو ڤاكسینانەشی كە تا ئێستا گەیشتوونەتە قۆناغی سێیەم، چواریان دروستكراوی ئەمریكا، چواریان دروستكراوی چین، یەكێكیان دروستكراوی بەریتانیا، یەكێكیان دروستكراوی هیندستان و یەكێكیان دروستكراوی رووسیا-ن.

حكوومەتی وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، سەرچاوەیەكی ئێجگار زۆری داراییان بۆ تاقیكردنەوە و لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە ڤاكسینەكان تەرخانكردووە. كۆمپانیاكانیش بە بەرهەمهێنانی سەدان ملیۆن ژەم لەو ڤاكسینانەی هێشتا لە قۆناغی تاقیگەدان، سەركێشییەكی گەورەیان كردووە. 

- سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە

قۆناغەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەم شێوەیە بوو:

لە ٣١ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩دا، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكی نادیار لە شاری وهان سەربە هەرێمی هوبی وڵاتی چین راگەیەندرا.

لە یەكی كانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا، بازاڕی بەرهەمە دەریاییەكانی شاری وهان داخرا كە یەكەم تووشبووانی پەتاكە سەردانیان كردبوو.

- یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا

لە حەوتی كانوونی دووەمی ٢٠٢دا، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئەوەی ئاشكرا كرد كە ئەو ڤایرۆسەی لە چین بڵاوبووەتەوە، ڤایرۆسی سارس نییە، بەڵكو جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنایە.

لە ١١ی كانوونی دووەمدا، یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا تۆمار كرا، كە پیاوێكی تەمەن ٦١ ساڵی دانیشتووی شاری وهان بوو و گومان دەكرا لەڕێی سەردانكردنی بازاڕی بەرهەمە دەریاییەكان تووشی ڤایرۆسەكە بووبێت.

لە ١٣ی كانوونی دووەمدا، یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە دەرەوەی چین و لە تایلاند دیاریی كرا.

- دۆخی لەناكاوی نێودەوڵەتی

ڤایرۆسی كۆرۆنا لەڕێی گەشتیارانەوە گواسترایەوە بۆ زۆر وڵاتی جیهان و لە هۆنگ كۆنگ، تایوان، سینگاپور، كۆریای باشوور، ئوسترالیا، مالیزیا، ڤیێتنام و نیپاڵ دەستكرا بە چارەسەری ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسەك بووبوون.

لە ٢٣ی كانوونی دووەمدا لە شاری وهان، هەموو هۆكارەكانی گواستنەوە وەستێندران و شارەكە كەرەنتین كرا.

لە ٢٤ی كانوونی دووەمدا، ڤایرۆسەكە گەیشتە ئەورووپا، لە فەڕەنسا ڤایرۆسەكە لە دوو كەس كە سەردانی چین-یان كردبوو لەگەڵ خزمێكی یەكێكیاندا دۆزرایەوە.

لە ٣٠ی كانوونی دووەمدا، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی "دۆخی لەناكاوی"ی لە جیهاندا راگەیاند.

لە ٣١ی كانوونی دووەمدا، یەكەم حاڵەتی كۆرۆنا لە بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا تۆمار كرا.

لە دووی شوباتدا، یەك حاڵەتی گیانلەدەستدان لە دەوەرەی چین و لە فلیپین تۆمار كرا.

- (COVİD-19)ِ

لە ١١ی شوباتدا، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی ناونا (COVİD-19) .

هەروەها لە فەڕەنسا كەسێك بەهۆی ڤایرۆسەكە گیانی لەدەستدا كە یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بوو بە كۆرۆرنا لەو وڵاتە و تەواوی كیشوەری ئەورووپا.

- پەتاكە لە كۆریای باشوور، ئێران و ئیتاڵیا

لە ٢٢ی شوباتدا لە كۆریای باشوور تەنها لە یەك رۆژدا، ٢٢٩ حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كرا. زۆرینەی تووشبووانیش ئەندامی كلێسایەكی كاتۆلیكی بوون.

لە ٢٦ی شوباتدا، ڤایرۆسەكە گەیشتە ئەمریكای لاتین و یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە كەسێكی دانیشتووی بەڕازیل تۆمار كرا كە پێشتر سەردانی ئیتاڵیا-ی كردبوو.

- چوونە عومرە لەلایەن سعوودییەوە راگیرا

٢٧ی شوبات سعوودیە بەهۆی كۆرۆناوە عومرەی راگرت.

٢٨ی شوبات رێكخراوی تەندروستیی جیهانی بەهۆی كۆرۆناوە ئاستی مەترسی "بەرزەوەبوو"ی گەیاندە "زۆر بەرز".

هەشتی ئادار پەتاكە لە ئیتاڵیا بڵاوبووەوە و ناوچەی لۆمباردیا و ١٤ شار كەرەنتینە كران.

١٠ی ئادار سەرۆكوەزیران جۆزێپی كۆنتە هاوتوچۆی لە وڵات سنووردار كرد و كەرەنتینەی سەرتاسەری راگەیاند.

- یەكەم حاڵەتی تۆماركراو لە توركیا

١١ی ئادار وەزارەتی تەندروستیی توركیا یەكەم حاڵەتی تۆماركراوی لەو وڵاتە راگەیاند.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی بە "پەتای جیهانگیر" لەقەڵەم دا.

سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ جگە لە بەریتانیا بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ سنوورەكانی وڵاتەكەی بە رووی تەواوی ئەو گەشتیارانەدا داخست كە لە ئەورووپاوە دێن.

١٢ی ئادار لە قوتابخانە بنەڕەتییەكان و زانكۆكان لە توركیا كرایە پشوو.

١٣ی ئادار بەهۆی پەتاكەوە دۆناڵد ترەمپ لە سەرتاسەری ئەمریكا "دۆخی لەناكاوی نیشتمانی" راگەیاند.

١٧ی ئادار یەكێتیی ئەورووپا بە شێوەیەكی كاتی و بۆ ماوەی ٣٠ رۆژ گەشتەكانی هاووڵاتییانی وڵاتانی دیكەی بۆ وڵاتانی ئەندام و ناوچەی شنگن هەڵپەسارد.

٢٣ی ئادار رێوشوێنەكانی كەرەنتینە لە بەریتانیا گیرانەبەر.

٢٤ی ئادار لیژنەی ئۆڵۆمپیادی نێودەوڵەتی بڕیاریدا كە ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ ٢٠٢٠ دوا بخات.

- سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا تووشی كۆرۆنا بوو

لە هەمان رۆژدا سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن تووشی كۆرۆنا بوو.

سێی نیسان قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە ٣٠ گەورەشاری توركیا و پارێزگای زۆنگوڵداك راگەیەندرا.

- كەرەنتینە لە وهان هەڵگیرا

حەوتی نیسان چین رایگەیاند كە بۆ یەكەمجار كەس بە كۆرۆنا نەمردووە و ئێوارەی هەمان رۆژ كەرەنتینەكردنی وهان هەڵگیرا كە پەتاكە لەوێ سەری هەڵدا.

١٤ی نیسان ترەمپ بە بانگەشەكردن بۆ ئەوەی كە بەرپرسیارێتی جددی لەسەر شانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانییە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتاكە و داكۆكی لەوە كرد كە ئەو رێكخراوە لە سەرەتاوە متمانەی بە راگەیەندراوەكانی چین كردووە و جیهانی لەخشتە بردووە.

١٦ی نیسان دۆخی نائاسایی لە حەوت ناوچەی ژاپۆن راگەیەندرا لەنێویاندا تۆكیۆ و ئۆساكا.

- ئەمریكا رەزامەندی دەربڕی بۆ بەكارهێنانی دەرمانی دژە ڤایرۆسی Remdesivir لە چارەسەركردنی كۆرۆنا

یەكی ئایار فەرمانگەی خۆراك و دەرمانی ئەمریكا رەزامەندی دەربڕی بۆ بەكارهێنانی دەرمانی دژە ڤایرۆسی Remdesivir لە چارەسەركردنی كۆرۆنا لەژێر ناوی "بەكارهێنان بۆ دۆخی لەناكاو" كە لەلایەن كۆمپانیای Gileadەوە بەرهەم هێندراوە.

شەشی ئایار بەشێك لە هۆڵەكانی خوێندن بۆ خوێندنی راستەوخۆ لە وهان كرانەوە.

- گەورەترین قەیرانی ئابووریی جیهانی لە دوای بێبازاڕی مەزنەوە

بەپێی راپۆرتی مەزەندەكان و رەوشی ئابووریی جیهانی كە لە ١٣ی ئایار لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بڵاو كرایەوە، بەهۆی كاریگەری پەتاكەوە مەزەندە كرا ئەمساڵ گەشەی ئابووری بە رێژەی لە لەسەدا ٣،٢ كەم ببێتەوە. لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە درابوو كە ئەم كەمبوونەوەیەیش بەرزترین ئاستە لە دوای بێبازاڕی مەزن (١٩٢٩-١٩٤٠).

١٦ی ئایار هیندستان لە تۆماركردنی حاڵەتەكاندا بە پێش چین كەوتەوە.

لە شاری وهانی چین بۆ ماوەی پێنج ساڵ بازرگانیكردن بە ئاژەڵی دڕندە و خواردنی ئاژەڵی دڕندە قەدەغە كرا.

٢٢ی ئایار بەڕازیل بە دوای ئەمریكادا، بەرزترین ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنای تیادا تۆمار كرا.

٢٩ی ئایار دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كۆتایی پێهێنا.

حەوتی تەمووز سەرۆكی بەڕازیل، جایر بۆلسۆنارۆ تووشی كۆرۆنا بوو.

١٧ تەمووز ژمارەی حاڵەتە تۆماركراوەكان لە هیندستان یەك ملیۆنی تێپێراند.

١١ی ئاب دوای دوو مانگ لە پشكنینەكان رووسیا بووە بووە یەكەم وڵات كە رەزامەندی دەربڕی لە بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا.

حەوتی ئەیلوول ژمارەی حاڵەتە تۆماركراوەكان لە هیدنستان گەیشتە چوار ملیۆن و ٢٠٠ هەزار كەس و بەمەیش ریزبەندی دووەمی گرت.

٢٩ی ئەیلوول ژمارەی ئەوانەی بەهۆی كۆرۆناوە لە جیهان گیانیان لەدەستدا یەك ملیۆنی تێپەڕاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن